ساڵۆنەکانی میسر و دیوانیاتی کەنداو و سۆشیال میدیا

10:01 - 2024-06-06
د.یاسین ره‌ئوف
126 خوێندراوەتەوە

لە دێر زەمانەوە میسر ساڵۆنی رووناکبیری هەیە و زۆربەی کەسایەتییە دیارەکانی ئەو وڵاتە لە ماڵەکانی خۆیاندا ساڵۆن دەکەنەوە و کەسانی رووناکبیر و سیاسەتمەدار و نوسەر و شاعیر و هونەرمەند شەوانە بەدەم قاوە خواردنەوەوە بەشداریی تێدا دەکەن و بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەن و جارجارەش پێکهەڵپرژان و دەمەقاڵەشی تێدەکەوێت، بەڵام سەرەنجام بە دڵپاکی و ئاشتییەوە کۆتایی بە کۆڕ و کۆبوونەوەکان دێت.
 بەندەی موخلیستان لە چەندین ساڵۆندا وەک کوردێک بەشداربووم و بەپێی زانیاریی متەوازیعی خۆم، سەرنجی سیاسی و رووناکبیریی و هونەریی و کۆمەڵایەتیی کوردانە دەگەیەنمە ئامادەبووان و بابەتی خۆش و سەرنجڕاکێشیش لەوانەوە دەبیستم.
هەر ئەوەندە نییە، ئەم ساڵۆنانە، جێی گەڵالەکردنی بڕیاریشە، جارجارە لەلایەن دەوڵەتەوە، واتە دەسەڵات و دەوڵەت لەڕێی ئەم ساڵۆنانەوە نەبزی خەڵکە رووناکبیر و هۆشیار و سیاسییەکانیش دەزانێت و دەبێتە یەکێک لە بنەماکانی دەرکردنی بڕیاری سیاسیش لە بەرژەوەندیی خەڵک و دەوڵەت.
 ئەوە جگە لە دانیشتنی دەستەجەمعیی جارانی هاووڵاتیانی میسر لە چایخانە و و قاوەخانەکان کە دەردەدڵ و راز و گلەیی و پیاهەڵدان و جارجارە زەمکردنیشی تێدەکەوت، ئەویش یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی تێکەڵاوبوونی خەڵک لەگەڵ یەکتر و سوودوەرگرتنی دەسەڵاتدارانیش لەو جۆرە شوێن و کۆبوونەوانە کە ببێتە هۆی دروستبوونی بڕیار لەلایەن ناوندی بڕیارەوە.
وەک ئەوەی باسم کرد سەبارەت بە میسر، لە وڵاتانی کەنداویش کە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە داخراوترن، هەمان چالاکی هەیە، بەڵام بەناوی دیوانیاتەوە. لەوێش رووناکبیران و سیاسەتمەداران و ئەدیبان و هونەرمەندانی تێدا کۆدەبنەوە، بەڵام لە کەنداو ژن تێکەڵاوی پیاوان نابن، بەڵکو ئەگەر دیوانیاتی ژنان هەبێت، ئەوا خۆیان بەجیا دەیکەن، بەڵام لەمیسر ژن و پیاو پێکەوە بە ئازادی دادەنیشن و هەریەکەش بە سەربەستی قسەی خۆی دەکات.

 

چیتر ناکرێت هەر بە شان و باڵی پێشوودا هەڵبدەین و وابزانین ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانە بێنە کایەوە، ئیتر دنیا وێران دەبێت

 

ئێستا دیبەیت و کۆراڵ و فیستیڤاڵ و کۆڕ و کۆبوونەوەی گەورە دەکرێت کە ئەوە بابەتی نووسینەکەی من نییە، بەڵکو چەقی بابەتەکەم چالاکییە جەماوەرییەکانە و بەس .
ئێستا لە کوردستانی خۆمان چی دەبینم، لەگەڵ ئەوەی دەزانم تاکی کورد زیاتر لە هەموو کەسیکی تری عەرەبی میسری و کەنداوی گرنگی بە کایەی سیاسی و رووناکبیری و هونەری دەدات؟ ئەم پرسیارە بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵم، ئەوە زەمانی پێش زیرەکیی دەستکرد و ئێستاشە، بەڵام ئەوەی زیرەکیی دەستکرد و ئینتەرنێت و مۆبایلی پڕ لەپەدەستێک هێنایەکایەوە، لەگەڵ ئەوەدا رایەڵەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی خێزانیی لێک هەڵوەشاندووە، من پێموایە دەیان ساڵۆنی رووناکبیری و کۆڕی سیاسی و هونەری و کۆمەڵایەتی پێکهێناوە کە خۆرهەڵات و خۆرئاوای دنیای پێکەوە گرێداوە.
بڕوانە، دەبینیت گروپی وا دروستبووە لەسەر ئەپی واتسئاپ، رەنگە زیاتر لە 100 کەسی کۆکردبێتەوە لە ئەمریکاوە هەتا چین و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە خۆی دەگرێت و هەریەکەشیان بە هەوای وڵاتەکەی خۆی کە لێی دەژی قسە و باسی خۆی دەکات و ئەوانی تریش بۆی دەسەننەوە.
پێموایە ئەمەش جۆریکە لە ئاڵوگۆڕی بیروڕا و ساڵۆنێکی فراوانی ئازادیی بێ مەسرەفی پڕلە بیری جیاواز و کەلتوری جیاواز، هەروەها مۆرکێکی تری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم سەردەمەیە کە چیتر ناکرێت هەر بە شان و باڵی پێشوودا هەڵبدەین و وابزانین ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانە بێنە کایەوە، ئیتر دنیا وێران دەبێت، هەموو نەوەیەک کوڕی سەردەمەکەی خۆیەتی، زیاتر لەوەی ئەولادی دایک و باوکی.

وتارەکانی نوسەر