تاڵەبانی لە مۆسكۆ و رۆحیەتی مام جەلال

09:43 - 2024-04-07
شێرزاد عادل ئێزدی
369 خوێندراوەتەوە

سەردانی ئەم دواییەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ مۆسكۆ و دیدارەكانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی روس، خاڵی وەرچەرخانە لەسەر رێگەی گەڕانەوە بۆ زیندووكردنەوەی نەریتەكانی قوتابخانەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، دامەزرێنەر و سەركردەی مێژوویی ئەو حزبە، كە هەمیشە وەك پیاوی دەوڵەت و سیاسەتمەدارێكی بە ئەزموون دەیتوانی هاوكێشە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكانی بخوێنێتەوە و بە وردی و دووربینی لەناو كێڵگەی مینەكانی عیراق و ناوچەكەدا بجوڵێتەوە، ئەوەش بەپێی پێوەرە سیاسییە رەسەنەكان لە رەچاوكردنی هاوسەنگی و قسەكردن بەزمانی بەرژەوەندیی هاوبەش، وەك دەڵێن هێلكەكانی نەدەكردە ناو یەك سەبەتەوە و دەشیتوانی مانۆڕ بكات و لەسەر دوالیزمەكان یاری بكات و بیخاتە خزمەتی گەلی كورد و عیراق بەشێوەیەكی گشتی. 
تاڵەبانیی كوڕ، بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆكی یەكێتی لە كۆنگرەی پێنجەمدا، دەستیكردووە بە پەیڕەوكردنی سیاسەتی فراوانكردنی ئاسۆ كە بگونجێت لەگەڵ رۆڵی حزب و پێگەكەی لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق و نێودەوڵەتی وەك هێزێكی دیموكراتیی سەرەكی لەو ناوچە ئاڵۆز و نائارامەی جیهاندا.
بێگومان سەردانی مۆسكۆ و ئەو حاڵەی هەیە، لەژێر سایەی پێشهات و گۆڕانكارییە دراماتیكییەكان و هاوسەنگیی نێوان زلێهزەكان ئاماژەی ئەوەیە كە ئەو سەركردە گەنجەی كورد بەرەو گرەنتیكردنی پێگەیەكی گونجاو بۆ گەل و وڵاتەكەی هەنگاو دەنێت لەژێر رۆشنایی گۆڕانكارییەكاندا، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی وەك دڵی جیهانە و بۆتە میحوەری ململانێی هەژموون و كۆنترۆڵكردن لە نێوان جەمسەر و هێزە نێودەوڵەتییە ركابەرەكاندا.

وتارەکانی نوسەر