خوێندنەوەیەك بۆ هەڵبژاردنەكەی باكووری كوردستان و توركیا

09:51 - 2024-04-14
د. سەربەست نەبی
90 خوێندراوەتەوە

هەرچەندە شكستی گەورە لە هەڵبژاردنەكەی ئەم دواییەدا بەر ئەردۆگان و حزبەكەی كەوت، بەڵام بەشی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان (دەم)یش لەو شكستە كەم نەبوو، لەبەر ئەوەی واجیهەی پارتی كرێكارانی كوردستانە، چونكە ئەو پارتە تەنیا %5.68ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، لە كاتێكدا بەشی كورد لە دەنگدەرانی توركیا لە %20 كەمتر نییە.

دەنگی ویلایەتە كوردنشینەكان
نەخشەی دەنگدانەكە پێمان دەڵێ، پارتی دیموكراتی و ئاشتی لەبەرامبەر پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) و هاوپەیمانەكەی واتە بزوتنەوەی نەتەوەیی كوردستانی توركیادا  شكستی هێناوە، لەگەڵ حزبی رەفای نوێ، كە بە هەموویان زۆرترین دەنگی ویلایەتە كوردنشینەكانیان بەدەستهێناوە، تەنانەت بزوتنەوەی نەتەوەیی توندڕەو لە قارس و ئەرزەنجان سەركەوتنی بەدەستهێناوە، لە كاتێكدا حزبەكەی ئەردۆگان سەركەوتنێكی ئەوتۆی لەو ویلایەتانەدا بەدەست نەهێناوە كە زۆرینەیان توركن، كە پێشتر بە عەمبارێكی دەنگدەرانی دادەنا.
بەشی هەرە زۆری دەنگەكانی و دەنگی حزبی رەفای نوێ و بزوتنەوەی نەتەوەیی لە ویلایەتە كوردییەكان وەك (رەها، شیرناخ، بینگۆل، ئەلعەزیز، مەڵاتیا و ..هتد) لەسەر حسابی پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان (دەم) بوو، ئەوەش بەڵگەیەكی راشكاوانەیە لەسەر شكستی گوتاری چەپگەرایانە و بۆش و ناواقیعی و گوتاری نێونەتەوەییە بێبەهاكەی پەكەكە لە كۆكردنەوەی جەماوەری كوردیدا، لە كاتێكدا ئیسلامی سیاسی (تۆرانی) و بزوتنەوەی نەتەوەیی توركی (دژە كورد) سەركەوتنیان بەدەستهێنا لە بردنی دەنگی كورد بۆ خۆیان.
ئەم ئاماژانە لە ئەنجامی خوێندنەوەی گەمژانەی واقیعی باكووری كوردستانە لەلایەن پارتی كرێكاران و واجیهە سیاسیەكانییەوە، كە زیاتر لە 40 ساڵە فوو دەكاتە تەنەكەیەكی ژەنگاوی شكاوی پەرتووكاو بە ناوی نێونەتەوەییەوە.

شكستی خراپ و ئەنجامی پڕ لە بێهیوایی
دوای ئەو شكستە خراپە و ئەنجامی پڕ لە بێهیوایی بۆ پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنی توركیادا، زۆر كەس چاوەڕوان دەكەن سەرۆكی توركیا بە توندی تۆڵەی شكستەكەی لە رۆژاڤای كوردستان بكاتەوە، ئەویش بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر رۆژاڤا و باشووری كوردستان و بیكاتە پەیامێكی سیاسی و ئاراستەی قەندیلی بكات. بەڵام ئەم سیناریۆیە هەر بەقەد پێچەوانەكەی رێی تێدەچێ راست بێت، چونكە ئێستا ئەردۆگان لە ناوخۆدا هەست بە لاوازییەكی زۆر دەكات، سیناریۆی بەرامبەر بەوە، ئەوەیە كە بە لای كورددا بای بداتەوە و هەوڵی خۆ نزیككردنەوە لە كورد بدات و دەست بكات بە كرانەوە و دانوستانی نوێ لەبارەی ئاشتییەوە، چونكە باش دەزانێ هەڵبژارنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی چارەنووسی ئەردۆگانییەكان بە تەواوی یەكلایی دەكاتەوە لەسەر ئاستی توركیا.
ئەمە بەو واتایە دێت، كە ئاراستەی رای گشتی و جەماوەری توركیا بژاردەكانی ئەردۆگان دەستنیشان دەكات، ئەگەر هەستی نەتەوەیی تۆرانی دژە كورد لە توركیا روو لە هەڵكشان بوو، ئەوا ئەردۆگانیش بێ سێو دوو سواری ئەسپە نەتەوەییە تۆرانییە دژە كوردەكە دەبێت و دوژمنكارییەكانی بۆ سەر رۆژاڤا و باشووری كوردستان دەست پێدەكات، ئەگەر پێچەوانەكەشی روویدا و بارودۆخی خراپی ئابووری توركیا بڕیاردەربوو لە دەستنیشانكردنی بژاردەكاندا، وەك ئەوەی ئێستا لە ئارادایە، ئەوكاتە ئەردۆگان پشی پشی بۆ كورد دەكات و لاپەڕەیەكی نوێی گفتوگۆ لەگەڵیاندا دەكاتەوە.

ناكرێ باوەڕ بە گورگی بریندار و بەدفەڕ بكرێت
لە هەموو حاڵەتێكیشدا ناكرێ باوەڕ بە گورگی بریندار و بەدفەڕ بكرێت، كە حەز بە تۆڵەسەندنەوەی توند دەكات لە ركابەرەكانی، لە هەمان كاتیشدا ترسنۆك تا ئەو رادەیەی ئامادەیە خۆی رادەست بكات، ئەگەر بە بەردوامی هەست بە لاوازیی بكات، ئەمەش ئەو دۆخەیە كە ئێستا ئەردۆگانی تێدایە.
هاوكێشەی هەڵبژاردنی توركیا زۆر سادەیە: پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان (دەم)، هۆكاربوو بۆ شكستی ئەردۆگان و حزبەكەی لەسەر ئاستی توركیا، لە بەرامبەریشدا ئەردۆگان و حزبەكەی توانییان شكست بە پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان (دەم) بهێنن بە تایبەتیش لەسەر ئاستی كوردستانی توركیا.

دیمەنی کەمپینی لایەنگرانی دەم پارتی

 
*مامۆستای فەلسەفەی سیاسی لە زانكۆی كۆیە
لە عەرەبییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید

وتارەکانی نوسەر