عەقڵییەتی نەتەوەگەرایی لای بەشێک لە تورك نەژاد

10:59 - 2024-04-18
د. سەربەست نەبی
138 خوێندراوەتەوە

د. سەربەست نەبی*
تایبەت بە کوردستانی نوێ



1-4

بۆ وەسفی دوژمنایەتی و ململانێی نێوان تورك و كورد، ئەوەندە بەس نییە كە بابەتەكە سیاسییە و تەواو، وەك ئەو ململانێیەی كە لە نێوان رژێمە سیاسییە توركی و فارسییەكاندا هەیە. ململانێ لەگەڵ توركدا زۆر لەو باسە قووڵتر و فراوانترە، ئەوە سەرەتای ململانێیە لەگەڵ  توركیا، كە ناسنامە و رەفتاری سیستەمە سیاسییەکەی داڕشتۆتەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا ململانێیە لەگەڵ هزر و رەفتاری داكوتاوی هاوبەشی هۆشیاریاریی كۆمەڵگەی توركی، كە باوەڕی وایە لە رووی نەژداوە باڵاترینە، ئەم هزرە وایكردووە تورك بە درێژایی سەدەیەك لەگەڵ كورد و ئەرمەن و یۆنانییەكاندا بجەنگێت و هەوڵی لەناوبردنیان بدات، تا هەستی خۆ بەزلزانییەكەی بسەلمێنێت. لەبەر ئەوە نابێ وەسفی ئەم ململانێیە تەنیا لە ململانێی سیاسیدا كورت بكرێتەوە، بەڵكو لەوە زیاترە و ململانێیەكی وجوودییە، بە تایبەتیش پەیوەندی بە بوونی كوردەوە هەیە.

 

ئەو رەگەزپەرستییەی رووبەڕووی كورد بۆتەوە،
لە عەقڵێكی سیاسیی سیستەمێک و دەوڵەتێكەوە سەرچاوەی نەگرتووە

ئەو رەگەزپەرستییەی رووبەڕووی كورد بۆتەوە، لە عەقڵێكی سیاسی رژێمێك و دەوڵەتێكەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو رەگەزپەرستییەكی كۆمەڵگەی مەدەنیشە، چونكە توركێكی ئاسایی بە هۆشیارییەكی چەواشە پڕ كراوە و وا تێگەیەنراوە كە بوونی ئەو پەیوەندی بە نەبوونی كوردەوە هەیە، ئەم جۆرە بیركردنەوەیەشی لا چەسپاوە، وا هەست دەكات كوردێك هەیە، كەواتە ئەمی تورك هەست بە بوونی خۆی لەدەست دەدات، هەر لەبەر ئەوەشە كە هەوڵ دەدات و بە درێژایی مێژووش هەموو هەوڵێكی ئەوە بووە كورد بە تەواوی بسڕێتەوە، تا بە نەمانی كورد هەست بە بوونی خۆی بكات.
لەبەردەم تێڕوانینێكی لەم جۆرەدا خورافەی ئوممەی دیموكراتی بە كەڵك نایەت، لەم دۆخە مێژووییەی ئێستادا تەنانەت بۆ ئەوەش نابێت بكرێت بە دروشمی گروپێكی میوزیكی گەڕۆك كە بە گوندەكاندا دەگەڕێت. شۆڤێنیزمی ئەوانی تر، شۆڤێنزمی رژێمە سیاسییەكانە، بەڵام ئەوەی تورکیا لەزۆر وێستگەدا هی دەوڵەت و كۆمەڵگەییشە كە سیخناخە لە رق و كینە و ترس لەوی دی، چونكە ئەوی دی بە مەترسی بۆ سەر وجودی خۆی دەبێنێت لەسەر شانۆی مێژوو.
عەقڵییەتی بەشێک لەو كۆمەڵگەیە بەستراوە بە مێژوویەكەوە كە بە لاڕێدا براوە، زۆر ئاڵوز و شێواوە، چونكە ئەو ئیمپراتۆرییە داگیركەر و فراوانخوازەی هەیبوو، وردە وردە نەما و لەبەریەك هەڵوەشا، ئەوەی لە دوای خۆی جێی هێشت، وەهمی خۆ بە گەورەزانین و سەروەرییە، لەبەر ئەوە وا خۆی دەبینێتەوە كە هیچ رێگەچارەیەكی نەماوە جگە لەوەی رژێمێكی سیاسی نەتەوەیی دروست بكات و خۆی لە پشتییەوە بشارێتەوە، تا لە هەڕەشە وجوودییەكاندا پارێزراو بێت و ئەو رژێمە نەتەوەییەش بكاتە هەیكەلێكی پیرۆز و ئەو رەگەزپەرستییەی بە میراتی بۆی ماوەتەوە بە شانی موبارەكیدا هەڵواسێت، كوردیش پێویستە لە بەرامبەر ئەوەدا هۆشیار بێت و ئەو راستییە لە هۆشیاریی نەتەوەیی خۆیدا لە بیر نەكات.

* مامۆستای فەلسەفەی سیاسی- زانكۆی كۆیە.

وتارەکانی نوسەر