لایەنی براوە نەخشی پارە دەگۆڕێت

10:14 - 2024-04-16
ئەکرەم ئەمین
120 خوێندراوەتەوە

ئەکرەم ئەمین 

بەبوونی جیاوازی لە نێوان وڵات و شار و کۆمەڵ و گروپ، تایبەتمەندییەک یا کۆمەڵێک تایبەتمەندی دەبێتە شوناس و ناسینەوە و پەیڕەو و رێسایان. 
لە کۆن و لە سەردەمی ئێستاشدا کاتێک دوژمنایەتی دەکەوێتە نێوان ئەو وڵات و گروپە و باوەڕ و دینانەوە، ئەوا لەلایەن لایەنی براوەوە هەوڵی سڕینەوەی تەواوی پەیڕەو و بنەماکانی لایەنی دۆڕاو دەدرێت. 
لە مێژوودا زۆر روویداوە لایەنی زاڵ، نەک خەڵکە دۆڕاوەکەی کوشتووە، بەڵکو خانوو و کتێبی سوتاندووە و رەزوو و باخ و شوێنە پیرۆزەکانی تایبەت بەو لایەنە لاوەزەکەی وێران کردووە، بێجگە لە سڕینەوەی نەخشەکانی سەر پارە. 
پارە تاکە شتێکە کە لە هەموو سەردەمان و لای وڵات و بیروباوەڕە جیاوازەکان و شەڕەکان بەهای بۆ دادەنرێت و کاری لەسەردەکرێت.
یووڤاڵ نوح هەراری دەڵێت: ساڵی 1519 هێرنان کۆتێرز خەڵکی ئیسپانیا بوو مەکسیکیان داگیرکرد، باوباپیرانی کۆرتێز و سوپاکەی سێ سەدە بەر لە داگیرکردنی مەکسیک جەنگێکی خوێناویی ئایینییان دژی شانشینە موسڵمانەکانی ئایبێریا و وڵاتانی باکووری ئەفریقا هەڵگیرساندبوو. شوێنکەوتووانی مەسیح و ئەڵڵا، هەزارانیان لە یەکتری کوشت و بێستانیان خاپوورکردن و شارە گەورەکانیشیان کرد بە وێرانە، ئەمە هەمووی بۆ خاتری شکۆی مەسیح و ئەڵڵا بوو! کریستیانەکان بەرەبەرە باڵادەست بوون، ئینجا سەرکەوتنەکەی خۆیان نەک هەر بەتەنیا لە رێگەی تێکدانی مزگەوتەکان و بنیاتنانی کڵێسا لە شوێنیاندا تۆکمەتر کرد، بەڵکو دراوی تازەی زێڕ و زیویان کە خاچی لەسەر نەخشێنرا بوو، دروستکرد و هەر لەسەر ئەو دراوانە سوپاسگوزاری خواش بەرامبەر هاوکاریکردنیان بۆ لەناوبردنی بێباوەڕان هەڵکۆڵرا بوو. سەرکەوتووەکان شانبەشانی دراوە تازەکە جۆرێکی دیکەی دراویان خستە بازاڕەوە، پێی دەوترا میلارێس. 
دوای سەردەمێک ئەم دراوە چوارگۆشانەی دەستی کریستیانەکان، لە لەیەن موسڵمانەکانەوە بە نووسنێکی عەرەبی رازێنرایەوە (جگە لە ئەڵڵا خوایەکی دیکە بوونی نییە و موحەمەدیش پەیامبەرەکەیەتی) تەنانەت مەترانە کاسۆلیکەکانی مێلگوێیل و ئاگدە ئەم دراوە باوەڕپێکراوەی موسڵمانەکانیان خستە بەردەست و کریستیانە لە خواترسەکانیش بەخۆشحاڵییەوە بەکاریان هێنا. 
ئەو فەرمانڕەوا موسڵمانانەشی بانگەشەی جیهادیان دژ بە کریستیانە کافرەکان دەکرد، بەخۆشحاڵیەوە باج و سەرانەیان بەو دراوانەی هێمای مەسیح و دایکە پاکیزەکەی لەسەر بوو، وەردەگرت. 
لە نموونەی زیندوی تازەش، دروستبوونی داعش بوو کە هەر ناوچەیەکی داگیر دەکرد خاپووری دەکرد و قەتڵوعامی خەڵکەکەی دەکرد و کتێبی دەسووتاند و ژنان و کچانی ئەتدەکرد، داعش تەنیا شتێکی دەبرد و زیانی لێنەدەدا، دینار و دۆلار بوون!

 


وتارەکانی نوسەر