بۆچی پارەکانی عیراق لە ئەمریکا هەڵدەگیرێن؟ سوود و زیانەکانی چین ؟

10:30 - 2024-04-24
ئەکرەم ئەمین
119 خوێندراوەتەوە

لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێکی تایبەت بە نەوت بەرامبەر بە خۆراک دەرکرد، ئەمەش بە مەبەستی  فرۆشتنی بەشێک لە نەوتی عیراق بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان، لەبەرئەوەی عیراق لەژێر گەمارۆی ئابوورییدا بوو لە ئەنجامی داگیرکردنی کوێت لەلایەن عیراقەوە.
ئەم دۆخە بەردەوام بوو تا ڕووخاندنی سەدام و رژێمەکەی لە ساڵی 2003، دواتر  ئەنجوونی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێکی نوێی دەرکرد و سزا ئابوورییەکانی سەر عیراقی هەڵوەشاندەوە، بەڵام  بە مەرجی قەرەبووکردنەوەی کوێت و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.
سندوقی گەشەپێدانی عیراق
لە دوای هەڵگرتنی گەمارۆی ئابووری دەستکرا بە دروستکردنی سندوقی گەشەپێدانی ئابووری عیراق، پارەی فرۆشی نەوتی عیراق خرایە حسابێکی سەر بە بانکی ناوەندی لە بانکی فیدراڵی ئەمریکا، بەڵام لە دوای هەڵگرتنی سزاکە کێشەیەک دروستبوو، ئەویش کۆمەڵێک وڵات و کۆمپانیا داوایان لە دژی عیراق تۆمار کرد و داوای قەرەبوویان دەکرد، دادگاش لە غیابی عیراق لە بەرژەوەندی ئەو وڵات و کۆمپانیایانە بڕیارێکی دەرکرد.
بڕیارێک لە بەرژەوەندی عیراق
بەڵام دواتر لە 22ی ئایاری 2003 جۆرج بوشی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، بڕیارێکی بە ژمارە 13303 دەرکرد بۆ پاراستنی سندوقی گەشەپێدانی عیراق، ئامانجی بڕیارەکەش  بۆ پاراستنی سندوقەکە بوو، لە هەر لێپێچینەوەیەکی یاسایی کە دژ بە عیراق تۆمار کرابوو یان دەکرێت.
لە بڕیارەکەدا هاتووە هەر دەستبەسەرداگرتن و بڕیارێک یان هەر رێوشوێنێکی تری یاسایی دژ بە سندوقی گەشەپێدان بۆ عیراق یان نەوت و بەرهەمی نەوت و داهات و فرۆشتن و بە بازاڕکردنی،  پوچەڵ دەبێتەوە. 

 

ئێستا یەدەگی عیراق لە دراوی بیانی، گەیشتۆتە 111 ملیار دۆلار، ئەمەش رێژەیەکی زۆر باشە بۆ ئابووریی  عیراق

 

کردنەوەی حسابێکی نوێ
لە ساڵی 2010 بەبڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان  سندوقی گەشەپێدانی عیراق هەڵوەشایەوە، دوای ئەوە دەستکرا بە کردنەوەی حسابێکی نوێ لە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا و سەرجەم داهاتی فڕۆشتنی نەوتی عیراقی تێدا دادەنرێت. ئەمریکا ساڵانە بڕیارەکە نوێدەکاتەوە، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنی سامانی عیراق  لەهەر لێپێچینەوەیەکی یاسایی.
سوودی مانەوەی پارەکە لە ئەمریکا 
1 - پاراستنی پارە یەدەگەکانی عیراق، لەبەرئەوەی عیراق لەگەڵ ئەو وڵات و کۆمپانیایانە رێکنەکەوتووە کە داوای قەرەبوو دەکەن.
2 - کەڵەکەبوون و کۆکردنەوەی پارەیەکی زۆر بۆ عیراق و یەدەگێکی زۆری دراوی بیانی، کە بووە پاڵپشتێکی بەهێزی دیناری عیراقی و بەرزکردنەوەی بەهاکەی.
3 - مانەوەی پارەکە لە ئەمریکا رێگری کردووە لە تەخشان و پەخشان و دزیی و بەفیڕۆدانی دەیان ملیار دۆلار.
زیانەکانی
1 - مانەوەی پارەکان، هەمیشە ئەمریکا عیراقی کردووە بە پاشکۆ و گوێڕایەڵی خۆی و توندکردنی جڵەوەکەی لە کاتی سەرکێشیدا.
2 - عیراق کەمتر دەستکراوە بووە لە بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوە، چونکە بۆ هەموو خواستێکی لەو شێوەیە، پێویستی بە رەزامەندیی و بڕیاری ئەمریکا هەیە.

جێگەی ئاماژەیە ئێستا یەدەگی عیراق لە دراوی بیانی، گەیشتۆتە 111 ملیار دۆلار. ئەمەش رێژەیەکی زۆر باشە بۆ ئابووری عیراق.

 

پارەی فرۆشی نەوتی عیراق خرایە حسابێکی سەر بە بانکی ناوەندی لە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا

وتارەکانی نوسەر