هەناسە

رەهەندی دەرمانیی زمان

10:00 - 2024-04-17
مەحمود شێرزاد
315 خوێندراوەتەوە

زمان رەهەندێکی دەرمانی  و هەروەها رەهەندێکی دژەدەرمانیی قووڵی هەیە، زانستی یۆگا لە بەشی (جاپا یۆگا و شابد یۆگا)دا بە وردی روونیدەکاتەوە. دیارە لە روونکردنەوەکەی گرنگتر ئەوەیە وامان لێدەکا بە کردار بابەتەکە تاقیبکەینەوە. یۆگا هەم زانستە و هەم عیرفان (مەعریفەت)ە، یۆگا لە هەشت قۆناغ پێکهاتووە، چوار قۆناغی بەو مانا ئەکادیمییەی ئێستا زانستە، یانی سەرەتا دەبێ بیخوێنی، فێری بی و پاشان کاری پێبکەی، چوار قۆناغەکەی دیکەشی عیرفان و مەعریفەتە، یانی سەرەتا دەبێ بە کردار تاقیبکەیتەوە و ئەزموونی بکەی ئینجا دەیزانی و لێی تێدەگەی.
جاپا یۆگا یانی یۆگای دووبارەکردنەوەی (مانترا)، شابد یۆگا یانی یۆگای دەنگ کە کار لەسەر دەنگ و کاریگەرییەکانی دەنگ دەکا. مانترا چییە؟ وشەی مانترا لە دوو بەش پێکهاتووە، (مان) و (ترا)، مان یانی زەین و ترا یانی کەرەستە، مانترا بە یەکەوە یانی کەرەستەیەک بۆ زەین، بە گشتی مانترا راهێنانێکە دەبێتە هۆی ئارامکردنەوە و خاوێنکردنەوە و وەخەبەرهێنانی بەش و رەهەندە خەوتووەکانی مێشک و زەین. مانترای جۆراوجۆر هەیە و هەر یەکەی بە مەبەستێک بەکاردەهێنرێ، مانترا لە یەک یان چەند وشە پێکهاتووە، هەندێجار ئەم وشەیە مانای نییە و هەندێجاریش هەیەتی، بۆ نموونە مانترای (om) کە مانترای دایکە مانای نییە، بەڵکو تەنیا دەنگە، واتە وزە و شەپۆل و لەرەیە. ئەم دەنگە، دەنگی دایکە، سەرچاوەی هەموو دەنگەکانیترە، هەموو شتێک ئەم دەنگەی تێدایە، تەنانەت گۆی زەوی کە بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە مانترای (ئۆم) دروست دەکا، ئاژانسی ناسا دەنگی گۆی زەوی تۆمار کردووە و لە یوتوب بڵاوی کردۆتەوە، تکایە گوێی لێبگرن. هەروەها زانایانی فیزیا دەڵێن کاتێ یەکەمجار ئاگایی تەقیوەتەوە و ئەم گەردوونەی دروستکردووە ئەم دەنگە هاتووە، یۆگییەکان دەڵێن پێش دروستبوونی رەهەندی دیاری گەردوون تەنیا (ئۆم) هەبووە، ئۆم ئاگایی بنەڕەتییە و لەخۆیدا تەقیوەتەوە و ئەم گەردوونەی دروست کردووە.

 

وشەکان، وزە و شەپۆل و لەرەن، هەم لەڕووی ماناوە و هەم لەڕووی دەنگەوە، دەتوانن تووشی نەخۆشیی دەروونی و جەستەییمان بکەن یان دەتوانن چاکمان بکەنەوە

 

مانترای ئۆم لە هەموو زمانەکاندا هەر (ئۆم)ە، لەبەر ئەوەی دەنگ مانا ناکرێتەوە، هەرکەس بە قورگی خۆی دەیڵێتەوە. مانتراکان لە یۆگادا بە زمانی سانسکریتیین، زمانی سانسکریتی زمانێکی رازاوییە، بە ئاسانی خۆی بەدەستی ناسین و تێگەیشتنەوە نادا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ و بە تایبەتی حەکیم و زاناکان هەندێ شتی لەبارەوە دەزانن، یەکێکیان ئەوەیە ئەم زمانە هەموو وشەکانی بە ئاوازێکی تایبەت و بۆ مەبەستێکی دیاریکراو دارێژراون، یانی بۆ نموونە وشەیەک کە لە چەند پیتێک پێکدێ و هەر پیتەی دەنگێکی هەیە، بە لێکدانی چەند دەنگێک دەنگێکیتریان دروست کردووە و تا بەو دەنگە گۆڕانێک لە مرۆڤدا روو بدا، بۆ نموونە زانیویانە زەینی مرۆڤ بە چ ئاوازێک ئارام دەبێتەوە، یان ئاگایی مرۆڤ بە چ ئاوازێک وەخەبەر دێ، یان جەستەی مرۆڤ بە چ ئاوازێک شیفا وەردەگرێ و بە پێچەوانەش. 
وشەکان، وزە و شەپۆل و لەرەن، وشەکان لە یەک کاتدا کە (مانترا)ن، هەم لەڕووی ماناوە و هەم لەڕووی دەنگەوە، دەتوانن تووشی نەخۆشی دەروونی و جەستەییمان بکەن و لەوەش گرینگتر دەتوانن چاکمان بکەنەوە، وشەکان دەتوانن ئاگاییمان فراوان بکەن و دەتوانن ئاگاییمان دابخەن، ئەوانەی دەنگە گەردوونییەکان بەکار دێنن، یان زمانەکەیان و وشەکانیان ئاوازێکی گەردوونی و سروشتییان هەیە کراوەتر و ژیاندۆسترن لەو کەسانەی زمانەکەیان ئەو تایبەتمەندییەی نییە.
کەواتە رۆژانە دەبێ بزانین چ وشەیەک زۆر بەکار دێنین، چونکە ئەم وشەیە مانا و ئاوازە و ئەم مانا و ئاوازە بەرە بەرە تەنانەت شکڵ و شێوەی جەستەییشمان بیچم پێدەدا، ئێوە تێبینی بکەن ئەوانەی سەر بە یەک ئایدۆلۆژیان هەموویان شێوەیان دەچێتەوە سەر یەکتریی، کەواتە ئاگادار بە، زمان کۆمەڵێک رەهەندی شاراوەی زۆر کاریگەریی هەیە و لە بەکارهێنانی دەبێ وریا بین.

وتارەکانی نوسەر