هەوێن

چارەسەری بێکاریی بە بڕینەوەی مووچە

10:07 - 2024-05-01
نەرمین عوسمان
158 خوێندراوەتەوە

پرسی بێکاریی یەکێکە لە گەرمترین باسوخواسەکان، بەتایبەتی کە زۆر رێگە و میکانیزمی کارکردن دۆزراونەتەوە یان دەگیرێنەبەر رۆڵی نەرێنیان هەیە لە کەمکردنەوەی پێویستبوون بە رێژەی کارکەر لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ، هاتنی پەتای کۆرۆناش لە چەند ساڵی رابردوودا وایکرد بازاڕی فرۆشی ئۆنلاین زیاتر بەرزببێتەوە و خەڵکانێکی زۆریش بێکار بکات.
داکشانی ئابووری و نەبوونی ژێرخانی ئابووریی پتەو، دوو کاریگەرترین هۆکارن بۆ زیاتربوونی رێژەی بێکاری، نموونەی ئەوە لە عیراق  و تورکیا دەبینین، دەرەنجامەکانیشی زۆر روون دەرکەوتوون و رێژەی بێکاری لە ئاستێکی بەرزدایە و گرفتی گەورەی دروستکردووە.
یەکێک لەو توێژانەی کە رێژەی بێکاری تیایاندا بەربڵاوە، توێژی گەنجانی دەرچووی زانکۆکانن، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری زانکۆ بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرن بەبێ ئەوەی دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ بڕەخسێ، ئەمە جگە لەوەی سوود لە تواناکانیان وەرناگیرێت، هاوکات تووشی جۆرێک لە بێهیواییش دەبن و کاریگەریشی لەسەر ویستی خوێندکار بۆ بەردەوامی لە خوێندن دەبێت.
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عیراق ئامارێکی ترسناکی خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە کە زیاتر لە یەک ملیۆن و 600 هەزار دەرچووی زانکۆ لە وەزارەتەکەیان ناویان تۆمارکردووە و بەدوای کاردا دەگەڕێن. ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆرتریش هەن کە ناویان تۆمار نەکردووە یان لێرە و لەوێ بوونەتە خاوەن کارێکی بچووکی خۆیان کە مووچەکەیان بەشی پێداویستییەکانی ژیانیان ناکات.

 

کەرتی تایبەت دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی گەنجەکانمان ببنە خاوەن مووچەی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان نەک فەرمانبەری حکومەت

 

ئەوەی گرفتی سەرەکییە ئەوەیە حکومەت تەنها کار بۆ دامەزراندنیان بکات و بیەوێ بە مووچەیەک رازییان بکات، دەرچووەکانیش تەنها بیریان لای دامەزراندنی رەسمییە و رەنگە بە مووچەیەکی کەمیش رازی بن، تەنانەت ئەگەر کارەکەشیان بەدڵ نەبێت، راستییەکەی هەردوو دیدەکە هەڵەیە و چارەسەری بنەڕەتی نییە.
 یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەت رەخساندنی دەرفەتی کار و زەمینەسازییە بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت بەشێوەیەک پێشبخات کەوا خەڵکی بەرەو ئەوێ ئاراستە بکات، کردنەوەی کارگەی جۆراوجۆر، گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەرفەت دەڕەخسێنن بۆئەوەی گەنجان تواناکانیان لە پێشخستنی ئەو کەرتەدا بخەنەگەڕ و بارگرانی زۆریش لەسەر خەرجیی گشتی دروست نابێت.
کەرتی تایبەت دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی گەنجەکانمان ببنە خاوەن مووچەی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان نەک فەرمانبەری حکومەت و مووچەیەکی وابەستە بە کارێک کە رەنگە لەگەڵ تواناکانیاندا نەیەتەوە.
بڕینەوەی مووچە و دامەزراندن چارەسەری راستەقینەی کێشەی بێکاری ناکات، بەڵکو بارگرانیی زیاتر دروست دەکات، ئەوەی گرنگە ئەوەیە حکومەت دەرفەتی کاری زۆر و گونجاو بڕەخسێنێ و کەرتی تایبەت بکاتە کەرتێك کەوا تاڕادەیەک چارەسەری بێکاری بکات.

وتارەکانی نوسەر