لە پەنای یادی توێژێکی خزمەتگوزار

پەرستاریی لەنێوان هونەر و زانستدا

11:50 - 2024-05-12
ئەرشەد تەحسین
680 خوێندراوەتەوە

رۆژی ( 12/5 ) ی هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانیی پەرستاران دادەنرێت، ساڵانە لەسەرتاسەری جیهاندا بە رۆژێكی گرنگ و جێ بایەخ هەژمار دەكرێت و بە مەراسیم و ئاهەنگی جۆراوجۆر بەرز رادەگیرێت، ئەمەش لەبەر گرنگی و رۆڵ و ئەركی پەرستارانە لە ناوەندە تەندروستییەكان و ئەو ئەركە پیرۆزەی لەسەر شانیانە، چونكە سەرباری ئەوەی پەرستاران بەدڵی ناوەندە تەندروستییەكان هەژماردەكرێن، لەهەمان كاتیشدا لە رووی ئەرك و كارەوە بەفریشتەی  سۆز و میهرەبانیی ناسراون، لەكاتێكدا قورسترین ئەركیان لەسەر شانە، بەڵام بەوپەڕی لەخۆبووردووییەوە سەرقاڵی خزمەتكردنن.

پەرستاران، سەرباری هەموو هەوڵەكان هێشتا بارتەقای ماندوو بوون و ئەركی پیرۆزی پەرستاریی، خزمەتیان نەكراوە و ئاوڕی پێویستیان لێ‌ نەدراوەتەوە.

پەرستاریی ئەرکێکی كۆمەڵایەتییە
 كاری پەرستاریی تەنها بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانەوە نەوەستاوە، بەڵكو پەرستاریی هونەرە، زانستە، شێوازی مامەڵەی دروستە لەگەڵ بەرامبەر، یارمەتیدەرە بۆ گەڕاندنەوەی تەندروستی باش بۆ نەخۆش و برینداران و چارەخوازان.
لەهەمان كاتیشدا، كاری پەرستاریی كارێكی كۆمەڵایەتی و دەروونییە، چونكە تەنها نەخۆشان و دەردەداران نین كە پێویستیان بە پەرستارە، كەسانی تەندروست بۆ پێدانی رێنمایی تەندروستی و خۆپارێزیی، منداڵان و گەورەساڵان، خاوەن پێداویستی تایبەت، دایكانی دووگیان و ئەندامانی خێزان هەموویان بەهەموو تەمەنە جیاوازەكانەوە پێویستیان بە بوونی پەرستارە.
پەرستاران رۆڵێكی كارایان هەیە
پەرستاران لەسەرجەم ناوەندە تەندروستییەكاندا رۆڵێكی كارا و بەرچاویان هەیە لەجێبەجێكردنی ئەركی ناوەندەكە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و كەمكردنەوەی ئێش و ئازاری نەخۆش و چارەسەركردن و هەتوانی زام و برینی برینداران، پەرستاران بە هەموو شێوەیەك لە هێڵی یەكەمی بەركەوتنن لەگەڵ نەخۆشان و مامەڵەی سەرەتا و كۆتایی نەخۆشان لەگەڵ پەرستارانە، لەهەمان كاتیشدا هیچ بەشێك نییە لەناو ناوەندە تەندروستییەكاندا، بەبێ بوونی پەرستاران كارەكەیان بەباشی بەڕێوەبچێت، چونكە بەهەر هۆكارێك نەخۆش سەردانی ناوەندە تەندروستییەكان بكات پێویستی بە پەرستار دەبێت.
پەرستاران لەهەمان كاتدا كەچارەسەری نەخۆش دەكەن و لەخەمی كەمكردنەوەی ئێش و ئازاری نەخۆشەكەدان، لەهەمان كاتیشدا بەوپەڕی ئارامگرییەوە مامەڵە لەگەڵ دەروونی پڕ ئێش و ئازاری نەخۆش و هەستی پڕ لەتاسە و چاوەڕوانی هاوەڵ و كەس و كاری نەخۆشدا دەكەن. لەیەك كاتدا، دەیانەوێت ببنە مایەی چارەسەری جەستە و ئارامیی دەروونیان، سەرباری هەستی پڕ لەخەمخۆری و گڕوتینی پەرۆشی خۆیان بۆ كارەكەیان، دەكرێت بڵێین پەرستاران ئارامترین توێژی كۆمەڵگەن.

خزمەتكردن بە پەرستاران، ئەركی حكومەتە
ئەگەر بمانەوێت كەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بەرەوپێش بچێت، دەبێت ئاوڕێكی جدی لەدۆخی پەرستاران بدەینەوە و لەخەمی ژیان و ماف و داخوازییە سەرەكیەكانیان دا بین، ئەمەش ئەركی حكومەت و وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكانە بەدەم داوا رەواكانیانەوە بێن و ژیانێكی شایستەیان بۆ دابین بكەن، لە رووی دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و مووچە و دەڕماڵەی پێویست و شایستە، چونكە لەهەموو روویەكەوە شایستەی ئەوەن مافی خۆیان پێبدرێت،  هەروەها لە رووی مەعنەوییەوە پارێزگاریی لەخۆیان و پیشەكەیان و ناو و ناوبانگیان بكرێت، ئەمەش لەپێناو پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بەشێوەی باشتر، بەتایبەت لەم سەردەمەی ئەمڕۆدا كە كوردستان چەند ساڵێكە بەدۆخێكی ناهەموواری دارایی دا گوزەر دەكات و مووچە و شایستە داراییەكان مانگانە وەك پێویست نین بۆ سەرجەم مووچەخۆران و چین و توێژەكان و بەتایبەت بۆ پەرستاران، لەهەمان كاتیشدا سەرباری هەموو هەوڵەكان هێشتا بارتەقای ماندوو بوون و ئەركی پیرۆزی پەرستاری، خزمەتیان نەكراوە و ئاوڕی پێویستیان لێ‌ نەدراوەتەوە.

دانانی پەرستاران لەپێگە ئیداریی و ناوەندەكانی بڕیاردا
پەرستاران سەرباری ئەركی پیرۆزی سەرشانیان و ماندووبوونی بەرچاویان، هەروەها سەرباری زۆری ژمارەیان  لەناوەندە تەندروستییەكاندا، بەڵام هێشتا وەك پێویست لەپێگە ئیداریی و ناوەندەكانی بڕیاردا شوێنی شیاویان پێنەدراوە، جێ پەنجەیان بە یاسا و بڕیارە تایبەتمەندەكانی خۆیانەوە نابینرێت و كەمترین بەشدارییان پێكراوە، چونكە لەیەكە كارگێڕیی و  ئیدارییەكانی وەزارەتی تەندروستیەوە بگرە كە وەزارەتی تایبەتمەندە بەم توێژە هەتا دەگات بەپێگە و ناوەندە باڵاكانی پەڕلەمان و ئەنجومەنەكانی پارێزگا و شارەوانیەكان و یاسادانان، كەمترین بەرپرسیارێتی ئیداری و كارگێڕییان پێسپێردراوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە پەرستاران توێژێكی گرنگی كۆمەڵگەن و مافی خۆیانە لەپێگە باڵاكان و ناوەندەكانی بڕیار و  یاساییەكان دا نوێنەریان هەبێت و رۆڵ و پێگەیان هەبێت، بە تایبەت لەو بڕیار و یاسایانەی تایبەت بە توێژەكەیان دەردەچێت.

دامەزراندنی پەرستاران بكرێت بەساڵانە
 لەهەموو فەرمانگە و دامەزراوەیەكی فەرمی حكومیدا، ساڵانە بە هۆی هەڵكشانی تەمەنەوە چەندین فەرمانبەر خانەنشین دەبن و فەرمانگەكەیان بەجێدەهێڵن، لەهەمان كاتیشدا بە هۆی مردن و كۆچ و نەخۆشییەوە چەندین فەرمانبەر شوێنیان بەچۆڵی دەمێنێتەوە و ئەركیان دەكەوێتە سەرشانی فەرمانبەرێكی تر، پەرستارانیش وەك هەر فەرمانبەرێكی ئاسایی فەرمانگەكانیتر، ساڵانە ژمارەیەكی زۆریان لێ خانەنشین دەبێت، هەروەها بەهۆی مردن و كۆچ و كێشەكانی تری ژیانەوە شوێنی چەندین پەرستار لەناو ناوەندە تەندروستییەكاندا بەچۆڵی دەمێنێتەوە و بۆشایی خزمەت دروست دەبێت و ژمارەی پەرستار بەرەو كەمبوونەوە دەچێت لەناوەندە تەندروستیەكاندا.
سەرباری ئەوەش، كۆمەڵگە بەردەوام لەگەشەكردندایە و ساڵ بە ساڵ فراونتر دەبێت، پێداویستییە پزیشكی و ناوەندە تەندروستییەكانیش ساڵانە روو لەهەڵكشان دەكەن، ئەرك و كاری پەرستاریش بەردەوام روو لەزیادبوونە و ژمارەی پەرستار بەپێچەوانەوە، بەڵام هێشتا هیچ پلانێك نییە بۆ دامەزراندنی پەرستاران بۆ ناوەندە تەندروستییەكان.
لەكاتێكدا، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لەخوێندكاری پەرستاریی لەزانكۆ و پەیمانگاكان (بەحكومی و كەرتی تایبەتەوە) دەردەچن و بڕوانامەی پەرستاریی بەدەست دەهێنن، یان بەبێكار لەكۆمەڵگەدا دەمێننەوە، یان بەشێوەی خۆبەخش لەناوەندە تەندروستییەكاندا خزمەت دەكەن، بەبێ‌ ئەوەی لە رووی مادییەوە هیچ سوودمەندبن و پاداشتی ماندووبوونیان بدرێتەوە و لەپای چەندان ساڵ خوێندن مووچەیەكیان هەبێت، بۆیە جێی خۆیەتی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی، پلانێكی تۆكمەی هەبێت بۆئەوەی دامەزراندنی پەرستاران بكەن بەساڵانە هاوشێوەی دەرچووانی بەشی پزیشكی گشتی كە ساڵانە لەگەڵ بەدەستهێنانی بڕوانامەیاندا لەناو ناوەندە تەندروستییەكاندا دایاندەمەزرێنن و خزمەت دەكەن.

كردنەوەی خولی زانستی 
لەم رۆژگارەدا كە سەردەمی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و گەشەكردنی ئامێرە جۆراوجۆرەكانی بواری پزیشكییە، هەروەها زانستی پزیشكی و كەرتی تەندروستی زیاتر بەرەوپێشەوە چووە، هەموو جۆرە زانستێكیش پێویستی بەنوێكردنەوە و وەرگرتنی نوێترین دۆزراوە زانستیەكانە، پەرستارانیش لەهەموو چین و توێژەكان زیاتر پێویستییان بەكردنەوەی خولی جۆراوجۆر و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و زانیارییان هەیە، بەجۆرێك كە بتوانن هاوشان بە مۆدێرنەبوونی جیهان و گەشەكردنی بوارەكە رێ بكەن و باشترین و زۆرترین خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش بكەن، ئەمەش داواكاری سەردەمەكە و پێویستی قۆناغەكەیە، چونكە هیچ ناوەندێكی تەندروستی نییە بتوانێت بەبێ‌ سێبەری پەرستاران كارەكانی پێشكەش بكات، پەرستاران سایە و سێبەری هەموو خزمەتگوزارییەكن لەناوەندە تەندروستییەكاندا، كاتێك لەرووی زانستی و زانیاریی و توانای بەكارهێنانی ئامێری نوێی پێشكەوتووەوە پەرستاران بەرەوپێش بچن، ئەوا خزمەتگوزاری زۆرتر و باشتر پێشكەش دەكەن و كاری باشتریان لێ چاوەڕێ دەكرێت.
ماوەتەوە بڵێین، پەرستاران وەك هەر توێژێكی تری كۆمەڵگە، مافی خۆیانە كارەكەیان بەهەند وەربگیرێت و رێزی ماندووبوون و پیشەكەیان بگیرێت، لە رووی كۆمەڵایەتییەوە پێزانینی كۆمەڵگە بۆ ئەركەكەیان و ئەو خزمەتەی پێشكەشی دەكەن، پاڵپشتییەكی باش دەبێت بۆ ماندووبوونیان، هەروەها لەرووی ئاستی ژیانییەوە دابینكردنی پێداویستییە مادییەكان، لەرووی پێدانی مووچە لەكاتی خۆیدا و دەرماڵەی مەترسی  و فەراهەمكردنی ژیانێكی باش بۆیان، گرەنتی دڵسۆزی و خەمخۆری زیاتریان دەكات،  لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە كە باسكران، مسۆگەركردنی مافەرەواكانیان و دیاریكردنی ئەركەكانیان بەیاسایەكی تۆكمە دەبێتە پاڵپشتێكی یاسایی باش بۆ پەرستاران و كاری پەرستاریی.

پەرستاری ئەرکێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە
 

وتارەکانی نوسەر