پەڵکانە لە نێوان گەمەی ماف و یاسادا

10:10 - 2024-05-15
محەمەد حەمە تەقی
180 خوێندراوەتەوە

لەدوای جەنگی یەکەمی جیهان و دروستکردنی دەوڵەتی عیراقی نوێ لەلایەن هەردوو ئیمپریالیزمی ئەو کاتەی بەریتانی و فەرەنسییەوە، وەک یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەو جەنگە دەوڵەتی عیراق دامەزرا. 
حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق لە ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی رابردوەوە تا رووخاندنی رژێمی بەعس لە بەهاری 2003 دا، لەپێناوی سەپاندنی دەسەڵاتی حکومڕانیی خۆیاندا بەسەر عیراقێکی فرە (ئایین، مەزهەب و نەتەوەدا)، هەموو رێگەیەکی نادروست و فاشیستانەیان گرتەبەر و بۆ هێنانەدیی ئەو ئامانجەشیان درێغییان نەکر لە گرتنەبەری هیچ رێگایەک و کردنی هیچ تاوانێک، بەتایبەتی دەرهەق بە خەڵکی کوردستان.
تا لە کۆتایی هەشتاکاندا ئاستی ستەمیان گەیشتە کیمیابارانکردن و هێرش و پەلاماری سەربازیی گەورە و شاڵاوە دڕندانەکانی ئەنفال کە بە خاپوورکردنی زۆرینەی گوند و شارۆچکەکانی ئەم بەشەی کوردستان و راگواستن و کۆمەڵکوژ کردنی دانیشوانەکانیان کۆتایی هات. 
حکومەتەکانی عیراق سەرەتای دژایەتیی کوردیان بە پرۆسەی بەعەرەبکردنی ئەو ناوچانە دەستپێکرد کە نزیکبوون لە چاڵە نەوتەکانەوە، بە بیانووی پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و پشتوێنەی ئەمنی. 
راگواستن دەستپێکی جینۆساید بوو
لە قۆناغی یەکەمدا خێزانە کوردەکانیان دوورخستەوە و گوندەکانیان پێ چۆڵکردن، لە قۆناغی دواتردا دەستیانکرد بە هاوردەکردنی خێزانی عەرەب لە باشووری عیراقەوە بۆ سەر ئەو گوند و ناوچانەی کە لەدەستی کوردەکانیان دەرهێنابوو، ئەم پڕۆسەیە بەم شێوەیە درێژەی کێشا و پەیتا پەیتا تەنگیان بە گوندەکانی نزیک کەرکوک و خانەقین و ناوچەکانی موسڵیش هەڵچنی، کە هەموو دانیشتوانی ئەو گوندانە کورد بوون.
لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلولیش لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، تەوژمی ئەم شاڵاوی راگواستن و بەعەرەبکردنە فراوانتر و خێراتر کرا، رژێمی بەعس لە رێگەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی نەناو شۆڕشەوە(مجلس قیادة الثورة) بە بڕیاری تایبەتی، زەویوزاری گوندنشینە دانیشتوانی کوردی ئەو ناوچانەی ئیستیملاک دەکرد و دەیخستە سەر وەزارەتی دارایی، دواتر لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵەوە ئەو زەوییانە دەدران بەو خێزانە عەرەبانەی کە ئامادەبوون بێنە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری خانەقین و کەرکوک و موسڵ  و تێیدا نیشتەجێ ببن.

 

بۆ نەهێشتنی ئەو ستەمە لەسەر جووتیارانی کورد، دەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڕیار لەسەر پووچەڵکردنەوەی بڕیارەکانی (مجلس قیادة الثورة) بدرێت، دەنا کێشەکە هەر بەردەوام دەبێت

 

عەرەبەکان گەڕێنرانەوە
لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عیراقەوە هەموو یان بەشی هەرەزۆری عەرەبەکان، گەڕانەوە بۆ ئەو شارانەی کە پێشتر لێوەی هاتبوون، زۆربەی کوردەکانیش گەڕانەوە سەر زەویوزاری باب و باپیریان و دەستیانکردەوە بە بەرهەمهێنان لە زەوییەکانیاندا ، ئەم دۆخە بە سەقامگیری مایەوە تا رووداوەکانی (2017)، لەدوای ئەو رووداوانەوە جارێکی تر عەرەبە هاوردەکان گەڕانەوە، بەهۆی ئەو پەیوەستنامە بەناو یاساییەی کە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە کشتوکاڵییەکاندا هەیانبووە، داوای ئەو زەویانەیان دەکردەوە کە تا پێش پڕۆسەی ئازادیی عیراق بەدەستیانەوە بوو. 
کێشەی پەڵکانە بە جووتیارەکان چارەسەر نابێت
کێشەی جووتیارانی کورد لەگەڵ جووتیارە عەرەبەکاندا لە پەڵکانە و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی رابردوو، کە نزیکەی چوار تا پێنج دەیە یان زیاتری بەسەردا تێپەڕیووە، ئێستا جووتیار بەرامبەر جووتیار وەستاوەتەوە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە، ئەم کێشەیە نە جووتیار (بە جووتیاری کورد و عەرەبەوە) دروستیکردووە و نە بە جووتیار و بەڕێوەبەر و پارێزگاریش راستدەکرێتەوە، ئەم کێشەیە لە ئەنجامی سیاسەتی فاشییانەی حکومەتی ئەوکاتەی عیراقەوە دروستبووە، بڕیارەکان لە ئاستی هەرە باڵاوە لەلایەن (مجلس قیادة الثورة)وە دەرکران. 
بۆ نەهێشتنی ئەو ستەمە لەسەر جووتیاری کورد، دەبێت لە پەرلەمانی عیراقەوە بڕیار لەسەر پووچەڵکردنەوەی بڕیارەکانی (مجلس قیادة الثورة) بدرێت، دەنا کێشەکە هەر بەردەوام دەبێت و سەردەکێشێت بۆ کێشەی گەورەتر.
لەم رووەوە ئەم ئەرکە بە پلەی یەکەم دەکەوێتە سەر پەرلەمانتارە کوردەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و هێزە کوردستانییەکانی عیراق، بە تایبەتی ئەو هێزانەی پۆستی باڵایان لە حکومەتی عیراقدا هەیە. 
ئەو زەوییانە مافی جووتیاری کوردە کاریان لەسەر بکات، بەڵام جووتیاری عەرەب لە رێگەی یاسایەکی رەگەزپەرستانەوە وەریگرتووە. جووتیاری کورد مافی مێژوویی و کەلتوریی لەسەر ئەو زەویانە هەیە، بەڵام بەهۆی سیاسەتی رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعسی لەناوچووەوە، مافە یاساییەکەی لەدەستداوە، ئێستا جووتیاری کورد پێویستی بەوەیە مافە یاساییەکەی بۆ بگەڕێتەوە.

وتارەکانی نوسەر