پاشای گەورە و مۆدێرنیزاسیۆن

11:05 - 2024-05-15
مەحمود شێرزاد
309 خوێندراوەتەوە

دانانی سوپا و دروستکردنی چەک لە کوردستانی هاوچەرخدا لە پاشای گەورەوە و لەچوارچێوەی میرنشینێکدا دەست پێدەکا، بۆیە پاشای گەورە سەرەتای مۆدێرنیزاسیۆنە لە کوردستان، مۆدێرنیزاسیۆن بریتییە لە دروستکردنی کەرەستەی نوێ و تازە بە رێوشوێن و زانست و ئەندازیاریی هاوچەرخ لە بواری جۆراوجۆردا.
پاشای گەورە کەسێک بە ناوی وەستا رەجەب دەنێرێ بۆ فەرەنسا بۆ ئەوەی فێری دروستکردنی چەک و تەقەمەنی بێ. وەستا رەجەب ساڵی 1813 دەچێتە فەرەنسا و لەوێ فێری دروستکردنی هەندێ لە چەک و چۆڵەکان دەبێ، کاتێ دەگەڕێتەوە پاشای گەورە کارگەیەکی بۆ دادەنێ و کەرەستە پێویستەکانی بۆ دابین دەکا، وەستا رەجەب نزیکەی 200 تۆپی دوورهاوێژ دروست دەکا. لەم کارگەیەی وەستا رەجەب کەرەستەی دیکەش دروست کروان بۆ نموونە خەنجەر، شمشێر، سکە و دراو، کەلوپەلی ناوماڵ و...هتد.
ئەم هەوڵەی پاشای گەورە مۆدێرنیزاسیۆنە، واتە تازەکردنەوەی کەرەستە و پێشخستنی کەرەستە پێویستەکانە بەشێوەیەکی سەردەمییانە. دیارە بە هۆی ئەوەی ماوەی حوکمڕانی پاشای گەورە بیست ساڵ بوو، ئەم پرۆسەیە هەموو بوارەکانی نەگرتەوە، ئەگەر بەردەوام بوایە بە دڵنیاییەوە لە هەموو بوارەکاندا خەڵکی وەک وەستا رەجەبی پێدەگەیاند و بە زانستی تازەی ئەو سەردەمە کەرەستە پێویستەکانیان دروست دەکرد.

 

ئەو کەسەی تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوو هاوردە دەکات ناتوانێ ئەو ئەقڵ و کەلتورە پێشکەوتووەش هاوردە بکات کە لە پشت بەرهەمهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایەن

 

عەقڵانییەتی تازەی کەرەستەیی لانیکەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێش عەقڵانییەتی تازەوەیە، یانی ئێمە پێش ئەوەی بیرکردنەوەمان تازە بکەینەوە، پێش ئەوەی دنیابینیمان بگۆڕین، پێش ئەوەی درک و تێگەیشتنمان لەو هەمووە کۆت و بەندە ئازاد بکەین، جل و بەرگ و بینا و کەرەستەکانمان تازە دەکەینەوە، ئێستاش هەروایە، لەسەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تازەترین کەرەستەکانمان هەیە و هاوکات هەڵگری کۆنترین و داخراوترین بیر کردنەوە و دنیابینین، بەڵام هەرگیز کەرەستەی نوێ نابێتە هۆکاریی گۆڕینی عەقڵی داخراو، بەڵکوو عەقڵییەتەکە کەرەستەکە دەخاتە خزمەتی خۆیەوە، بەڵام گۆڕینی عەقڵییەت دەبێتە هۆکاریی گۆڕینی کەرەستە، سەرەتا دەبێ ئەقڵ بگۆڕێ و کار لەسەر گۆڕینی ئەقڵ بکەین، ئەمەش پرۆسەیەکی پەروەردەیی درێژخایەنە، چونکە گەشەکردن و گۆڕانی ئەقڵی ناوەکی و خاوە، بە پێچەوانەی بواری کەرەستەیی دەرەکی و خێرا نییە، یانی ئێمە بەو ئاسانی و خێراییەی دەبینە خاوەنی پێشکەوتووترین کەرەستە و تەکنەلۆژیا نابینە خاوەنی ئەقڵێکی گەشەکردوو، لەبەرئەوەی ئەقڵ هەناردەوە و هاوردە ناکرێ. یانی ئەو کەسەی تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوو هەناردە دەکا، ناتوانێ لەگەڵیدا ئەو ئەقڵ و کەلتورەش هەناردە بکا کە تەکنەلۆژیاکەی دروست کردووە، بە هەمان شێوە ئەو کەسەی تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوو هاوردە دەکا ناتوانێ ئەو ئەقڵ و کەلتورە پێشکەوتووەش هاوردە بکا کە لە پشت بەرهەمهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایەوەن، لەبەر ئەوەی ئەقڵ و کەلتور کەمتر لە ژێر کاریگەریی دەرەوەدایە، زیاتر لەژێر کاریگەری تێرامانی ناوەکییدایە.
ئەو خاڵە کە کار لەسەر کەرەستە بکەیت و کار لەسەر ئەقڵ و دنیابینی نەکەی، خاڵی لاوازی پاشای گەورە بووە، هەربۆیەش ئەو هۆکارە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەناوچوونی خۆی و میرنشینەکەی بووە.

وتارەکانی نوسەر