نامەیەکی کراوە بۆ شارەوانی سلێمانی و ئاژەڵدۆستان

09:12 - 2022-05-17
بڵێسە جەبار فەرمان
458 خوێندراوەتەوە

ماوتسی تونگ دامەزرێنەری کۆماری چین لە ساڵانی حوکمڕانیدا بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵیدا برسێتی لە وڵاتەکەی کەم بکاتەوە و خۆراک بۆ ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوانی وڵاتەکەی دابین بکات. بۆ ئەوەی بەروبووم زیاد بکات، بڕیاریدا ئەو باڵندانەی بە هۆکاری کەمبوونەوەی دانەوێڵە و گەنمی دەزانی، لەناو ببات.

هاوسەنگی نێوان ئاژەڵەکان و سیستەمی سروشت
ساڵی 1957 جەنگی دژ بە باڵندەکانی بەرپاکرد،  هەر لادێیەک ژمارەیەکی زۆر باڵندەی کوژراوی رادەستی حکومەت بکردایە، خەڵات دەکرا. راوی باڵندەکان بە جۆرێک لە نیشتمانپەروەری و خزمەتکردنی شۆڕش ئەژمار دەکرا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی 600 ملیۆن هاووڵاتی ئەو وڵاتە بکەونە راوکردنی باڵندە. بەچەندەها شێوە باڵندەکان راو دەکران، بەڵام کاریگەرترینیان ترساندنیان بوو.
بەهۆی دەنگە دەنگێکی زۆر بەرزەوە لێدانی تەنەکە و هات و هاوارەوە، باڵندەکان لە ئاسمان سەریان لێدەشێواو لە ترسدا نەدەنیشتنەوە، ئەمەش دەبووە هۆی هیلاکی و ماندووبوونیان و ئینجا مردنیان بە ئاسمانەوە.

دوور لە سیاسەت، مشک و جرج هەڕەشە لە سلێمانی دەکات

وەکو باران بەلێزمە لە ئاسمانەوە دەکەوتنە خوارەوە، بە هۆیەوە دوو ملیار باڵندە لەناوچوون، بەڵام بەروبوومی دانەوێڵە نەک زیادی نەکرد، بەڵکو بە پێچەوانەوە  زۆر کەمی کرد،  بەهۆی نەمانی باڵندەکانەوە رێژەی ئەو کرم و  حەشەرە و مێروانە زیادی کرد کە پێشتر باڵندەکان دەیانخواردن، چین بۆ چەندان ساڵ دووچاری برسێتی و کەمی بەروبووم بوو بەهۆی نەپاراستنی هاوسەنگی  لەنێوان ئاژەڵەکان و سیستەمی سروشت. با ئەمە بکەم بە دەرفەتێک و باسێکی لای خۆمان بکەم.
دانیشتوانی شاری سلێمانی دەزانن ژمارەی سەگە بەرەڵاکانی سەر شەقامەکان زۆر زۆر بوون. ئەم دیمەنە بۆ هەموو کوردستان راستە.
بەڵام با ئێمە لەوە گەڕێین ئەمە دیمەنێکی زۆر ناشارستانییە و بۆتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای زۆرێک لە منداڵان و هاووڵاتیان و چەندەها حاڵەتی پەلاماردان روویداوە.


فریای پشیلەکانی  شار بکەون
جگەلەوە ئەم سەگانە نەخۆشی بڵاو دەکەنەوە و پاشماوەکانیان شار ئەوەندەی تر پیس دەکەن، بەڵام بەهۆی زۆربوونی رێژەی سەگە بەرەڵڵاکانەوە، پشیلە لە شاردا نەماوە، کەمبوون و نەمانی پشیلە واتا زۆر بوونی مشک و جرج.
شارەزاکان دەزانن زۆرترین ڤایرۆس و بەکتریا و نەخۆشی لە رێگای مشک و جرجەوە بڵاو دەبێتەوە، هەربۆیە ئەم هاوینە شار پڕ دەبێت لە ئەنواعی مشک و جرج و ئەوەش دەبێتە کێشەیەکی تر لە پاڵ کێشەکان.
دەبێت کەس هەبێت لە حکومەتە خۆجێییەکەی سلێمانی درک بەم مەترسیانە بکات؟ لەوانەیە هەبێ بۆیە پەیام دەنێرم بۆ پارێزگار و شارەوانی لەبارەی سەگ و پشیلە و جرج و مشکەوە.

کارەساتی تر روودەدات
لە نێو ئاژەڵەکاندا دەبێت هاوسەنگی بپارێزرێت، سروشت پێویستی بە هاوسەنگییە، گەرنا کارەساتی تر روودەدات.
با نموونەی چینی ئەوسا لە کوردستان و سلێمانی دووبارە نەبێتەوە...
هەرچەندە ماوێک-مان هەبوو لەناو کورددا، بەڵام ئێستا ماوییەک نەماوە بەمانا راستەقینەکەی.

وتارەکانی نوسەر