ئەم هەواڵەی سەرەوە مانشێتی رۆژنامەی خەبات، ژمارە (6741)ی ڕۆژی 14-5 -2024 ی زمانحاڵی پارتییە، کە دێرینترین حزبی کوردستانە و سەرۆکەکەی بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرۆکی هەرێم و ئێستاش جێگری سەرۆکەکەی سەرۆک و جێگری دووەمیشی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کەچی بەم شێوەیە لەپێناوی راکێشانی سەرنجی ئەو دەوڵەتەی کە بەهۆی (کورد)بوون جیاوازی لە نێوان کاک مەسعود بارزانی و ئۆچ ئالان ناکات، ئەو هەواڵە چەواشەکارییە هەڵدەبەستێت و بڵاودەکاتەوە!
باشە ئەگەر ئەو هەواڵە راست بێت چۆن دەکرێت ئەو حزبەی دەسەڵاتی ئەم وڵاتەی لە دەستە بەم شێوەیە بڕوانێتە پارێزگایەکی دیی نیشتمان؟! ئەگەر راست نییە، چۆن دەکرێت هانی دەوڵەتێک بدا کە هەر دوێنێ بوو لە فڕۆکەخانەی عەربەت ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمانی شەهیدکرد و رۆژانەش بە پاساوی هەبوونی پەکەکە لە بادینان و بناری قەندیل و شارباژێڕ بە فڕۆکە و دڕۆن هاووڵاتیانی سڤیل شەهید دەکات؟
ئێستا هاووڵاتیان هەقیانە بپرسن، ئایا بەڕاستی کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور ئاگاداری ئەو مانشێتەی خەباتن یان نا؟
ئایا ئەگەر ئەو زانیارییە راستیش بێ (کە راست نییە) دەکرێت بە ئاشکرایی و (في سبيل اللة) پێشکەش بە تورکیا بکرێت؟
ئایا ئەوە پاساو و هاندان نییە بۆ ئەوە تورکیا جارێکی تر دەست لە هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی بووەشێنێتەوە و ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەکەی بهێڵێتەوە؟
هیوادارم ئەم مانشێتە بێ ئاگاداری سەرۆکایەتی پارتی بێت و لەو بارەیەوە روونکردنەوە بدەن؟