دیموکراسی و کێشەی کورد

09:33 - 2024-05-20
پ.د. وەلی‌ مەحمود حەمەد
169 خوێندراوەتەوە

کورد لە کۆندا لەسەر خاکی خۆی، جۆرێک لە دەسەڵات و حکومڕانیی هەبووە، بەڵام وەک یەک ئیمپڕاتۆریی لەتەواوی خاکی کوردستان یان مەملەکەتێک نەبووە.
ئەمە هیچ گرفتێک نییە، چونکە میللەت و گەلی تریش هەن کە هەمان بارودۆخیان هەبووبێت. 
کێشەی کورد لە هەر چوار پارچەکە یەکە، بەڵام بە جیاوازیی شێوازی حکومڕانیی ئەو دەوڵەتانە و باکگراوندی میللەتەکانیان و مێژوو و کەلتور و شێوازی گشتیی ژیان، بۆتە چوار مەسەلە، کە دەکرێ چارەسەریان بەش بەش بێت. 
سوڵتان سلێمانی قانونی دەڵێت: من سوڵتانی (میسر و سوریا و عیراق و سعودیە و ئێران و کوردستانم) کەواتە دەزانن کە خاکێک هەیە ناوی کوردستانە و خەڵکەکەشی کوردن. 
مامەڵەی ئەو دەسەڵات و دەوڵەتانە لەگەڵ کورد، هەرجارە و لەژێر بیانوویەکدا بووە،  جارێک بەناوی دین جارێک بەناوی شۆڤێنی و یەکپارچەیی خاک، کوردیش خۆمان هەر خەریکی ئەوەین بڵێین کورد لە کوێوە هاتووە، بنەچەکەمان چییە؟
رۆژێک نەمانپرسیوە میللەتانی تر کە مافەکانمان ناسەلمێنن ئەوان چۆن هاتوون، لەکوێوە هاتوون؟ 
لە زەمانی عوسمانییەکاندا، خۆمان بە بەشێک لەو ئیپڕاتۆریەتە زانیوە، هەر واش بووە، بەڵام دواتر کە تورکیا دروستدەکرێت، حسابێکمان بۆنەکراوە، بگرە لەژێر بیانووی جیاجیادا کۆمەڵکوژکراوین. 
لە عیراق کار گەیشتە ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید. لە تورکیا بە کۆمەڵکوژیی کوردیان وتوە (پڕۆسەی خاوێنکردنەوە). 

 

سوڵتان سلێمانی قانونی دەڵێت: من سوڵتانی (میسر و سوریا و عیراق و سعودیە و ئێران و کوردستانم) کەواتە دەزانن کە خاکێک هەیە ناوی کوردستانە و خەڵکەکەشی کوردن

 

زمانی کوردی قەدەغە بووە موسا عەنتەریش دەڵێت: (ئەگەر زمانەکەم مەترسییە بۆسەر پایەکانی دەوڵەتەکەت، کەواتە دەوڵەتەکەت لەسەر خاکی من بنیاد ناوە). 
دکتۆر محەمەد شوکرو سەگبان کە پزیشکێکی کورد بووە، لەتاو ئەو هەموو زوڵمەی لەبەرچاوی ئەو لە کورد کراوە، بەناچاری ویستی هەوڵێکبدات، کورد لە قڕکردن رزگاربکات، پەرتووکێکی نووسیوە بەناوی (کوردەکان تورکن) کە بە درێژایی ژیانی، خۆی بە شەرمەزار زانیوە لەسەر ئەم پەرتووکەی، کەچی کێشەی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە بۆمبێکی چێندراو کە هەمیشە دەتوانرێت زلهێزەکان بەردەوامی پێبدەن بۆ نائارامی و ناسەقامگیری ناوچەکە. 
ماف و خواستی کورد نەسەلمێندراوە و نەدراوە، بەڵام شۆڕش و جووڵانەوە و راپەڕین و هەوڵی کوردیش خامۆش نەبووە و نابێ. 
نە بە بابەتی بەهانەی ئایین، نەتەوەی کورد دەبێتە هۆی پارچەبوونی دەوڵەتە ناوەندییەکان، نە شەڕ و نائارامی، دەبنە وەسیلەیەک بۆ چارەسەری کێشەی کورد. واتا نە میللەتانی حوکمڕان ئۆخەیەک دەکەن و نە کورد بەمافەکانی دەگات. 
کورد پێشی خەڵکی (تونس و مەغریب و جەزائیر) بوونەتە موسڵمان، سەلجوقیەکان دوای کورد بوونەتە موسڵمان، کەچی ئەوانە دەوڵەتی خۆیان هەیە و هیچ کێشەیەکیان نەماوە و کورد هیچ سوودی لەو موسڵمانبوونەشی نەدیتوە، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی. 
بۆیە دەبێ ئەو گەلانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، خۆیان هەنگاوی ئەوەبنێن دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێن، کە ئەویش مافی چارەی خۆنووسینە، بوونی ئارامی لەگەڵ کورد، فاکتەرێکی گرنگی گەیشتنیانە بە دیموکراسی. 

وتارەکانی نوسەر