خۆپەرستی و زیانەکانی لەناو کۆمەڵگەدا

10:05 - 2024-08-05
پ.د. وەلی‌ مەحمود حەمەد
130 خوێندراوەتەوە

پ. د. وەلی مەحمود حەمەد
مامۆستای زانکۆی کۆیە



خۆپەرستی لەلایەن زانایانی دەروونناس و کۆمەڵناسەوە، بیروڕای جیاجیای لەسەرە و لێکدانەوەی زۆری بۆ دەکرێت، لە تەمەنێکی زۆر زووەوە دەستپێدەکات. 
هەندێک لایەنی پۆزەتیڤیشی هەیە بە ئامانجێکی تایبەت و بۆ کاتێکی دیاریکراو و کورتدا. زیانەکانی خۆپەرستی زۆر زیاترن لە قازانج و باشییەکانی.
کێ زیانی زیاتر بە میللەت و دەوڵەت و کۆمەڵگە دەگەیەنێ لەو خۆپەرستانە؟ کەسە ئاساییەکان یان زاناکان و رۆشنبیرەکان؟
زۆرجار دەبیستین کە مامۆستایەکی خۆپەرست، کاتێک وەڵامی پرسیاری خوێندکارێک نازانێ کەچی خۆی تەریق ناکاتەوە لایان و وەڵامێکی ناڕاست  و چەواشە دەداتەوە، بۆ ئەوەی بە بۆچوونی خۆی نەشکێتەوە و نەڵێ نازانم. 
زۆرجار زانیومانە و خوێندومانەتەوە سەرکردەیەکی سەربازی لە شەڕێک کە پلان و بەرنامەی شەڕەکە ئەو دایناوە زانیویەتی کە هەڵەی تێدایە و لەشکر و هێزەکەی زیان دەکات، بەڵام لەبەر خۆپەرستی نەیوتووە من هەڵەم، شکان و شکستەکەی بۆ هۆکاری تری ناڕاست گەڕاندۆتەوە. 
لە رابردوودا لە هەرێم ریفراندۆمێکی ناتەواو و ناڕاستمان کرد (مەبەستم چۆنێتی کارەکە و شێوازەکەیەتی نەک مافی پرۆسەکە) کەچی دوای لێکەوتە زیان بەخشەکانی، بڕیاردەرانی ئەم کارە هۆکاری شکستەکەیان خستە ملی خەڵک و حزبی تر. ئەوە تەنها خۆپەرستییە وادەکات ئەم جۆرە رەفتار و هەڵسوکەوتانە بکەین. 
هەندێک لە سیاسییەکان، خۆپەرستی بە جۆرێک لە خیانەت دەدەنە قەڵەم، بۆیە زۆرجار رۆشنبیر و سیاسی وا هەیە کە خۆی وابەستەی تیۆرێک کردووە ترسی لە رووخانی ئەم تیۆرە هەبێ یان لە جێبەجێکردنی دڵنیا نەبێ، بەڵام خۆپەرستی وای لێدەکات هەر خەریکی پاساو هێنانەوە بێت و تووشی دڵەڕاوکێی دەکات کە ناڕاستیەکان بکاتە هەڵەی خۆی. 
خووی خۆپەرستی وا لە مرۆڤەکان دەکات کە خۆیان و کردەوەکانیان لەلا پیرۆزبێت، هەمووشمان دەزانین زۆر زەحمەتە مرۆڤ بتوانێت شتە پیرۆزەکان فەرامۆش بکات یان لێی هەڵگەڕێتەوە، بۆیە زۆرجار رۆشنبیران و سیاسییەکان ئەگەر بشزانن کە ئەو رێگا و رێباز و شێوازەی کارکردنیان ناڕاست و پڕ کێشەیە، بەڵام (خۆپەرستی) و (پیرۆزکردن) وایان لێدەکات کە دەستی پێوەبگرن و خۆیان تا ئەوپەڕی پابەندبوون بهێڵنەوە. 

زیان بە کۆمەڵگە دەگەیەنن
زۆرجار پەروەردەی تایبەت (خێزان، حزب، رێکخراو) وادەکات کە کەسەکە نەتوانێت لە فەزای گشتی و پەروەردەی گشتی هەڵبکات یاخود خۆی بگونجێنێ، چونکە سروشتی ژیانی مرۆڤ وایە، هەمیشە مرۆڤەکان لە فەزای تایبەتەوە دەچنە ناو فەزای گشتییەوە، ناتوانن بەیەکجاری واز لە پەروەردە تایبەتەکە بهێنن، بۆیە تووشی جۆرێک لە خۆپەرستی دەبن کە زۆرجار زیان بە تواناکانی خۆیان و کۆمەڵگەش دەگەیەنێ. 
دونیای ئەمڕۆش دونیای سادەی پێشووتر نییە، دونیای ئامێر و تەکنۆلۆجیا و ئاژاوەگێڕییە بە ئاسانی، دەتوانم بڵێم دونیای یەقین نییە، بەڵکو دونیای دوودڵی و گومانە هەربۆیەش خۆپەرستی گەشەدەکات و زیان دەگەیەنێ. 
لە دونیای ئەمڕۆدا پێویستمانە دیموکراسی پەرەی پێبدرێت و بێتە کایەوە، بۆیە پێویستە هێزەکان و کەسەکان بتوانن بەسەر رەهەندە ئوسوڵی و موتڵەقگەرایی ناو ناخی خۆیاندا زاڵبن، پێویستە ئیتر هەقیقەت فرۆشتن و (تەقدیسکردن) بوەستێندرێت و خۆپەرستی نەهێڵدرێت. 
بۆئەوەی مرۆڤ زاڵبێت بەسەر ناخی خۆپەرستی خۆیدا، پێویستە خۆی بە یەکەیەکی بچووکی ناو گشتی گەورە دابنێت.
ئەو گشتەش لەخۆی و ئارەزووەکانی خۆی بە گرنگتر بزانێت. بۆ زاڵبوون بەسەر ناخی خۆپەرستیدا پێویستە عەقڵ و ئیرادەمان بەیەکەوە بخەینە کار، چونکە دەشێت عەقڵ و بیرکردنەوە رەشبین بن، بەڵام ئیرادە هەرگیز نابێ رەشبین بێت. 
هەمووشمان دەزانین کە خۆپەرستی رەخنەگرتن قبووڵ ناکات، کۆمەڵگەی هاوچەرخیش وەکو چۆن پێویستیی بە دەزگا و ئامێر و تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو هەیە، ئاواش پێویستی بە رەخنە و رەخنەگرتن هەیە، چونکە هەر رەخنەیە شتە ناشرین و ناڕاستەکان دەدۆزێتەوە.

خۆپەرستی و رەتکردنەوەی بەرامبەر، سیفەتی دیکتاتۆرییە

وتارەکانی نوسەر