کۆمەڵگەی شێواو و ‌حکومڕانی

10:48 - 2024-07-24
پ.د. وەلی‌ مەحمود حەمەد
137 خوێندراوەتەوە

پ. د. وەلی مەحمود حەمەد*



دابەشبوونی کۆمەڵگە بەسەر چین و توێژەکانی و شێوازی پەیوەندییەکان و جۆری ململانێکان، رەنگدانەوەی دەبێ لەسەر شێواز و دۆخی حکومڕانییەکەی و پێچەوانەکەشی هەر راستە. 
وشەی (حکومڕانی)م بەکار‌هێنا، چونکە ئێمە دەوڵەتمان نییە، بەڵکو حکومەت و دەسەڵاتمان هەیە، بەڵام لە جێگای دەوڵەتە و خەڵکیش ئەمە بە دەوڵەت دەزانێ. 
لەدوای سەرهەڵدانی کۆیلایەتی، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیش دابەش بوو بەسەر دووبەشی چەوساوە و چەوسێنەر، چونکە کۆیلایەتی یەکەمین شێوازی چەوسانەوەیە، کە بەڕوونی لە دێرزەمانەوە بەدەرکەوت و دوای ئەوە قۆناغی مسکێنی بەدواداهات دوای ئەوەش کاری کرێگرتەیی کە تا ئەمڕۆش بەشێوەیەک لە شێوەکان درێژەی هەیە.

ئەمە بەشێوەیەکی گشتی چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە بووە. 

 

ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە زۆربەی جار ئەو دەسەڵاتە کە خۆی لەناو ناخی کۆمەڵگەوە هەڵقوڵاوە، دەبێتە هێزێکی سەرووی دەسەڵات و لە کۆمەڵگە دادەبڕێت

ئەگەر باسی کۆمەڵگەی کوردی بکەین، لە هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا دیارە، کە ئەم کۆمەڵگەیەش بەدەر نەبووە لە کارتێکردنەکانی مرۆڤایەتی و دەوروبەر، چونکە دیراسات و کنە و پشکنینی وامان لەبەردەستدا نییە کە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی رابردووی پڕ کەم و کووڕیمان هەربۆیش تەنها ئەوەندە هەیە، کە دەتوانین بڵێین: شۆڕشی پیشەسازی و کەلتوری نوێی جیهانی کاریگەریی ئەوتۆی لەسەرمان دانەناوە، ئەوەی زۆر بەباشی دیارە کە تێکەڵەیەک لە چینەکانە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەڵام لای زۆربەی گەلانی تر بەڕوونی دەتواندرێت چینە جیاجیاکان لەیەک جودا بکرێنەوە. 
هیگڵ خۆی دەربارەی دەوڵەت دەڵێ: دروستبوونی دەوڵەت بەرجەستەکاری هزری رۆشەنگەری نییە، بەڵکو بەرهەمی کۆمەڵگەیە لە پلەیەکی دیاریکراوی پەرەسەندندا و هەرگیز نابێت جۆرێک بێت لە دەسەڵاتی دەرەکی و بسەپێندرێت بەسەر کۆمەڵگەدا. 
دەوڵەت دەبێت دانبنێت بەوەدا کە کۆمەڵگە لەکاتی کەوتنە ناو گێژەنی ناسازی و دژایەتی لەنێو خودی خۆیدا ناتوانێت کۆمەڵگەکە خۆی چارەسەریان بکات لێرەوە دەوڵەت بوو بە زەرورەت.
وەکو دەزانین چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگەش خاوەنی بەرژەوەندیی ئابووری دژبەیەکن، بۆیەش پێویستە هێزێکی بەدەسەڵاتی باڵاتر، جڵەوی ئەو دۆخە بگرێتە دەست و ئەم دژایەتیەش نەهێڵێت و چوارچێوەیەکی بۆ دابنێت. 
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە زۆربەی جار ئەو دەسەڵاتە (دەوڵەتە) کە خۆی لەناو ناخی کۆمەڵگەوە هەڵقوڵاوە، دەبێتە هێزێکی سەرووی دەسەڵات و لە کۆمەڵگە دادەبڕێت و نامۆ دەبێت. 
دەسەڵاتی حکومڕانی کوردی وا دەبینم کە نامۆ بووە بە دۆخی کۆمەڵگەی کوردی، رۆژ لەدوای رۆژ لە ئامانج و داوا و خەونەکان دوور دەکەوێتەوە. 
راستە ئێمە دەوڵەت نیین و نەیاریشمان زۆرە، بەڵام دەبێ ئەوەش بپرسین32 ساڵە ئەم هەرێمە ناپارێزرێت؟ 
زلهێزێکی جیهانیی وەک ئەمریکا بە ئاشکرا پێمان ناڵێ لە پشتتان دەمێنمەوە، پارەمان ناداتێ و نوێنەرەکانی لێرە دانەناون و پێمان ناڵێ تەبا بن و واز لە گەندەڵی و فەوزا بهێنن؟ کەچی تادێت گەندەڵکاران و چەوسێنەران هێزیان زیاتر دەبێت و رووبەڕووی باقی کۆمەڵگە چاونەترس و قەبەتر دەردەکەون. 
ئەوانەش کە وا دەزانن میللەت بێ دەنگە و هەروا دەمێنێتەوە خۆیان بێئاگا دەکەن، چونکە هەروا دەستەوەستان نامێنێتەوە. 
لە کورستان، کۆیلە بە مانا و مەفهومە کۆنەکە نییە و شێوازەکەی گۆڕدراوە، لە ئاشکراوە بۆ نهێنی. 
چۆن دەبێ لەماوەی 32 ساڵ حکومڕانی گرفتی ئاو و کارەبا چارەسەرنەکرابێ؟ لەولاوەش لەو ماوەیەدا سەدان ملیۆنێر هەڵتۆقیبن؟ بەبێ هیچ داهێنانێک تەنها لەسەر داهات و خێر و بێرەکانی ئەم هەرێمە! 
هەرێمێک رۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم بووبێ، کەچی  بە ملیارەها دۆلار قەرزاری خەڵک و کۆمپانیاکان و وڵاتان بێت. 
نرخی یەک لیتر بەنزین لەم وڵاتی پڕ نەوتە وەکو ئەو وڵاتانە بێت کە خاوەنی یەک لەسەر پێنجی بڕی نەوتی ژێر زەوی کوردستان نیین! 
دۆخی ناوخۆی کۆمەڵگە شێواوە و حکومڕانیش شێواوتر. هەربۆیەش پێویستمان بە رزگارکەرە بۆ چارەسەری ئەم دۆخە. 

* مامۆستای زانکۆی کۆیە

وتارەکانی نوسەر