ئامارەکانی جیابوونەوە
ئامارەکان جۆراوجۆرن، بەڵام فەرمین و جێگەی لەسەر وەستانن، هەر بۆ بیرهێنانەوە بە گوێرەی ئامارێكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، لە 10 ساڵی رابردوودا، لە هەرێمی كوردستاندا رێژەی جیابوونەوە لە 18 % بۆ 27 % بەرز بووەتەوە. هاوکات بە پێی ئاماری ئەنجوومەنی دادگای باڵای عێراق، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، لە هەر کاتژمێرێک 10 حاڵەتی جیابوونەوەی هاوژینان تۆمار کراوە. هەروەها تەنیا لە ساڵی 2023، لە عێراق 70 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە.
دیاردەکە و کۆمەڵناسی
یەکێک لەو دیاردانەی کۆمەڵناسی زۆرترین توێژینەوەی دەربارەی کردووە و هەر کات رێژەکەی روو لەبەرزبوونەوە بووبێت قسەی هەبووە دەربارەی، دیاردەی جیابوونەوەی هاوژینەکانە. ئامارەکانی جیابوونەوە مەترسیدارن، خۆرەی سیستەمی کۆمەڵایەتی و وابەستەیی ژیانی کۆمەڵایەتیین، هەرچەندە هەندێکجار چارەسەرن بۆ برین و نەکولانەوەی قەتماغەیەکی دێرین، بەڵام بەو رێژە زۆرەی لە دونیای ئێمەدا ئامادەیی هەیە جێگەی هەڵوەستە لەسەر کردنە.
لە روانگەی تیۆرەی ئەرکگەراییەوە کەموکوڕییەک لە سیستەمی خێزانیدا هەیە و بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە ئاماژەیە بۆ کەمایەسی وەزیفی لە سیستەمی خێزانی و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیدا. یان بەهۆی کەموکورتییەکە لە سیستەمی بەهاکاندا. هەرچەندە کۆمەڵناسی ئەمریکی (رۆبێرت میرتۆن) کاتێک باس لە ئەرکی دیار و نادیاری کردەی کۆمەڵایەتی دەکات لەو باوەڕەدایە (جیابوونەوە) چارەسەرێکی ریشەییە بۆ مەحاڵی بەردەوامبوونی پێکەوەژیانی دوو هاوژین، بەڵام هێشتا کۆمەڵناسی بە ترسەوە تەماشای دیاردەکە دەکات و بەرزبوونەوەی کوتوپڕی رێژەی جیابوونەوە بە هەند وەردەگرێت.
لە دیدی سۆسیۆلۆژیادا لەبەریەک هەڵوەشانەوەی خێزان بەواتای لەبەریەک هەڵوەشانەوی کۆمەڵگە دێت
کاریگەریی جیابوونەوە لەسەر تاک
چارلس کولی دوای چەندین توێژینەوە لەسەر کۆمەڵگەی ئەمریکی گەیشت بەو ئەنجامەی کە ”بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان لەنێوان گەنج و لاوەکاندا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیابوونەوەی لەنێوان هاوژینەکاندا هەیە، کە وای کردووە ماڵێکی وێران و لێکترازاوییان هەبێت و خێزان بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت، سەرئەنجام منداڵەکانیان تووشی لادان و کەتن دەبن“. هاوکات تاک و بەتایبەت منداڵ قوربانی یەکەمی جیابوونەوەی هاوژینەکانە و گرفتێک لە پەروەردەکردنیدا روودەدات کە بەهیچ شتێک قەرەبوو ناکرێتەوە و ئەمە جگە لەوەی توێژینەوەکان ئاماژە بە چەندین نەخۆشی دەروونی و خەمۆکی و لادانی سێکسی و سەرگەردانی دەکەن، کە رووبەرووی هەریەک لەو هاوژینانە دەبێتەوە.
کاریگەری جیابوونەوە لەسەر کۆمەڵگە
ئەو گۆڕانکارییەی لە ئەرکی خێزاندا دێتە گۆڕی هۆکارە بۆ دروستکردنی کەموکوڕی لە ئەرکی خێزاندا، بۆیە زۆرجار دەبێتە هۆی لەبەریەک هەڵوەشانەوەی خێزان، لە دیدی سۆسیۆلۆژیادا لەبەریەک هەڵوەشانەوەی خێزان بەواتای لەبەریەک هەڵوەشانەوی کۆمەڵگە دێت، بەو پێیەی خێزان یەکەیەکی بنەڕەتی دروستبوونی کۆمەڵگەیە، جیا لەوەش جیابوونەوە کاریگەریی دروست دەکات لەسەر زۆربوونی رێژەی تاوان و لادانی منداڵ و هەرزەکار و تێکچوونی پەیوەندی خێزانی دوو خانەوادە یا زیاتر، ئەمەش بەواتای دروستبوونی تڵیشێکە لە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، بۆیە زۆرجار هەواڵەکان دەخوێنیینەوە کە لەم ساڵانەی دواتردا زیادی کردووە بەشێوەیەکی بەرچاو بەوەی زازا و ماڵە خەزوران قەڵاچۆی یەکیان بڕیوە.
جیابوونەوەی بێدەنگ
جیابوونەوە چەندین فۆرمی یاسایی هەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی ئێمەیە ئەوەیە کە هەندێک جیابوونەوە هەیە لە راستی و بە گوێرەی یاسا دوو هاوژینەکە جیانەبوونەتەوە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی رۆحی و سۆزداری و جەستەیی لەنێوانیاندا نییە، کاتێک لەیەک ماڵدا دەژین، کە ئەم دیاردەیە لەناو کۆمەڵی کوردیدا زۆر بڵاوبۆتەوە و جێگەی سەرنجە، ئازار و نەهامەتییەکانی ئێجگار زیاترن لەو جیابوونەوەی لەڕاستیدا روویداوە. لە کۆمەڵناسیدا بەو خێزانانە دەوترێت (خێزانی توێکڵ یان هێلکەی بەتاڵ) کە لە رواڵەتدا خێزانن، بەڵام لە جەوهەردا هیچ پەیوەندییەکییان نییە و لەبەر هەندێک هۆکار پێکەوە دەژین. دواجار خێزانێک وێران دەکات و چەندیین کێشەی دەروونی و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و ناپاکی هاوسەریی لێ بەرهەم دێت.