مرۆڤ لە خۆرههڵاتی ناوەڕاست بهیانییان به شهڕ بهخهبهر دێت و به جهنگ دهموچاوی دهشوات، نیوهڕوان ژهمی باروت دهخوات و ئێوارانیش تامی دووكهڵ دهكات، بهجۆرێك ژیان لهم نيشتمانەدا، لە تارمایی دواى کاولکارییەک دەچێت.
بیرمهندی عیراقی باقر یاسین له كتێبی (مێژووی توندوتیژی خوێناوی) ئاماژه به پهندێكی عیراقی دهكات كه دهڵێت: (له نێوان رۆم و عهجهمدا تووشی بهڵا بووین.) وهكو ئاماژەیهك بۆ ململانێی بەردەوامی نێوان ئیمپراتۆریەتی فارس و عوسمانییەکان کە عەیامێکە بەردەوامە. كهواته ئهوهتهی مێژوو هەیە، ئەم ناوچەیە بێبەش نهبووه له جهنگ و كارهسات له بهدبهختی و نائومێدی.
جەنگ بە تەنها نیشتمان ناکاتە قەقنەس، تەلارەکان نارووخێنێت، بەڵکو دایکەکان جەرگ سووتاو دەکات و باوکان لە چاوەڕوانیدا دەهێڵێتەوە، جەنگ ئەوەندە ناشرینە دنیا ژێراو ژوور دەکات، هاوکات چەندین لێکەوتەى کۆمەڵایەتى و دەروونى هەیە، دەشێ ساڵانێک دواى جەنگ برینەکان سارێژنەبنەوە و بەردەوام قەتماغەکان بکولێنەوە. لەم بارەوە كۆمهڵناسی میسری دكتۆر ( محمد سید احمد) دهڵێت: (زانستە کۆمەڵایەتییەکان چەمکی «کاریگەرییەکانی دوای جەنگ» یان پەرەپێدا، کە ئاماژەیە بۆ کاریگەرییە بەربڵاوەکان، درێژخایەنەکان یان کورتخایەنەکان، ئەم کاریگەریانە رەنگە لەناوچوونی تەواوی شارەکان و کاریگەرییە ئابوورییە درێژخایەنەکانیش لەخۆبگرێت. هاوکات ململانێ چەکدارییەکان، دەرئەنجامى نەرێنی ناڕاستەوخۆیان لەسەر ژێرخانی ئابووری و تەندروستی گشتی و سیستەمی کۆمەڵایەتی هەیە.)
وەک ئاشکرایە جەنگ ململانێیەکی چەکدارییە لە نێوان دوو وڵات یان زیاتر، کە تێیدا هەموو جۆرە نابوتکردن و وێرانکردن و جۆرەکانى چەکێک بەکاردەهێنرێت. لە ساڵانی شەڕدا، خەڵکی تووشی دڵەڕاوکێ و نا سەقامگیری و نائارامی دەبنەوە، هەموو ئەمانە گرنگترین توخمەکانی ژیانێکی ئاسایی و شکۆمەندن. هەرئەوەندە نا، بەڵکو شەڕ هۆکارە بۆ برسێتی و قەیرانى زیاتر، بارودۆخەکان خراپتر دەبن، باندەکانى دزى و بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤەوە روو لەزیادبوون دەکەن و ئاژاوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکاندا زاڵ دەبێت.
هەرچەندە بەشێک لە کۆمەڵناسەکان و بەتایبەت لایەنگرانى تیۆرى ململانێ پێانوایە، مەرج نییە ململانێ نەخۆشییەکى کۆمەڵایەتى بێت، بەڵکو هەندێکجار هۆکارە بۆ گۆڕان و بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنى کۆمەڵایەتى، لەم بارەوە کۆمەڵناسێکى وەکو (گاستۆن بوتۆل 1961)لۆجیکى تایبەتى خۆی هەیە و بەپێی ئەو لۆجیکە جەنگەکان رۆڵێکی ناوەندی دەگێڕن لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە گەورەکاندا. بەڵام ئەوەی تا ئێستا روونە ئەوەیە، کە جەنگ جگە لە ماڵوێرانى، هیچی ترى لێ شین نەبووە.
لە توێژینەوەکەى (فدوی احمد دیاب الشامی : 2019) هاتووە کە جەنگ بە تەنها بەرۆکى گەورەکان ناگرێتەوە، بەڵکو خراپترین شوێنهوارهكانی بۆسهر منداڵە، چونکە لە ئایندەدا دەردەکەوێت كه خۆی دهبینێتهوه له چهندین وێنهی ئازاربهخش له زەینى منداڵدا. هاوکات دەبێتە هۆی لەدەستدانى خۆشەویستى دایک و باب و لاواندنەوە و بازههڵدان له قۆناغی منداڵییهوه بۆ گهورهبوون، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى هۆکارە بۆ نیگەرانى و دڵەڕاوکێ و فۆبیا و خۆتەڕکردن لاى منداڵ.
* مامۆستای زانكۆی سلێمانی
جەنگ دایکەکان جەرگ سووتاو دەکات و باوکان لە چاوەڕوانیدا دەهێڵێتەوە