بۆچی تا ئێستا نەگەیشتووین بە ئامانجەکانمان؟

09:20 - 2022-05-17
پ.د. وەلی‌ مەحمود حەمەد
550 خوێندراوەتەوە

هەر کاتێک لاپەرەکانی مێژووی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەدەیەوە، لە سەرەتای مێژووەوە هیچ کاتێک تورک و فارس و عەرەب هێندەی کورد نەبوون بە ژمارە (ڕەسەنەکانیان مەبەستە) وە بۆ ئەو ماوە درێژەش لەسەر خاکی خۆیان نەبوون.
سەیری بنەماکانی بوون بە دەوڵەت دەکەین، وەک خاک و ئاو و زمان و مێژوو و سروشت و ناوچەیەکی دیاریکراو، هەموویمان هەبووە. کەچی گەلانی تر توانیویانە نەک ببن بە قەوارە و دەوڵەت بگرە هەر یەکێک لەم سێ نەتەوە دراوسێیە بە سەدان هەزار کەسیان لە نەتەوەکانی تریش لەناو قەوارە و کلتوری خۆیاندا تواندۆتەوە.
ئایا نەتەوەی کورد میللەتێکی ترسنۆک و تەمبەڵ و بێ خەم بووە، خەباتی نەکردووە و قوربانی نەداوە، ماڵ وێران و دەربەدەر نەبووە و وێڵ نەبووە بە دوای ئازادی و مافەکانیدا؟ هێندەمان نموونە زۆرە لە ڕاپەڕین و شەڕ و قوربانیدان، کە هیچ یەکێک لەم نەتەوانە هێندەی کورد قوربانیان نەداوە.
لە دوو شەڕی گەورەی جیهانیدا گەلێک گۆڕانکاری روویاندا، لەم ناوچەیەش چەندین دەوڵەت و کیان دروستکران و لێکدران تەنها کورد نەبێ.

یەکێتی لە هەموو حزبەکان زیاتر خەریکی بەرنامەی راپەڕین بوو، وێڕای پێشمەرگە رادیۆی هەبوو، رێکخستنەکانی تۆکمە و بەربڵاو بوون، بەڵام خاڵی پۆزەتیڤ و گرنگ بوونی بەرەی کوردستانی بوو

بۆچی راپەڕینەکان  سەریان نەگرت؟
راپەڕینەکانی شێخ سەعید و سید رەزا و شێخ مەحمود و سمکۆی شکاک و دواتر کۆماری مەهاباد و شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێ و راپەڕینی ساڵی 1991 و دواتر دروستکردنی ئەنجومەنی نیشتمانی لە باشوور و حکومەتی هەرێم و رووخانی رژێمی عیراق لە 2003.
بۆ شکستەکان لێکدانەوە هەبووە، هەرچەندە لێکدانەوەکان جۆراوجۆریش بووبن و تاڕادەیەک وردەکاریشیان تێدابووبێ، لە کۆتاییدا دوو هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی هەبووە.
شیکردنەوەیان بۆ کراوە، بەڵام بەناتەواوی ماوەتەوە، هەندێکیش بە ئارەزووی خۆیان تا رادەیەک چەواشەکارانەش بیانوو و بەڵگەیان بۆ داتاشیون.
دەڵێین شێخ مەحمود بۆیە مەملەکەتەکەی رووخێندرا، چونکە نەیزانی لەگەڵ ئینگلیز بگاتە لێکتێگەیشتن و چووە بەرەی عوسمانییەکان،  لایەنی ئایینی ئیسلام زاڵ بوو بەسەریدا.
دەبێ ئەم بابەتە وردتر و باشتر لەلایەن پسپۆڕانی مێژووی سیاسی ناوچەکە و هاوسەنگییەکانی زلهێزەکان و لەهەمان زەمەنی خۆی لێکدانەوەی بۆ بکرێت و پەندی لێ وەربگیرێت.
سمکۆی شکاک و شێخ سەعید و سەید رەزا، راپەرین و قارەمانێتییان نواند، قارەمان بوون، قوربانییان دا، بەڵام هەوڵەکانیان سەری نەگرت خۆشیان تیاچوون.
ئایا روخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد تەنها کشانەوەی روسەکان بوو لە پاڵپشتی کردنی؟

مام جەلال لە کۆبوونەوەی شەقڵاوە بە ئێمەی وت ئەمریکییەکان پێیان وتووم رێکەوتنەکەمان لەگەڵ رژێمی بەعس، قیمەتی ئەو کاغەزەی نابێ کە لەسەری دەنووسرێت

توێژینەوە بۆ سەرنەکەوتنەکان
ئەم بابەتانەش هێشتا زۆر سادە و ساکارانە هۆکارەکانی باسکراون، شکستی شۆڕشی ئەیلول و خۆبەدەستەوەدانی سەرکردەکانی، واتە لە دژایەتی کردنی سەرکردەکانی عەرەب خۆ تەسلیم کردن بە شای ئیران. 
لایەک دەڵێ کەسانی خێڵەکی سەرکردایەتی شۆڕشیان دەکرد کە خۆیان تەسلیمی ئێران کردبوو، بۆیە نەیتوانی مقاوەمە بکات. خۆشیان دەڵێن پیلانێکی گەورەمان لەسەر بوو، دەوڵەتان و زلهێزی دنیا پشتیان تێکردین ئەگینا نەدەڕووخاین و تەسلیم نەدەبووین. 
خەڵکی کوردستانی باشوور لە 1991 راپەڕی، حکومەتی عیراق لە شەڕێکی گەورەی دۆڕاودا بوو و تێکشکا، بەرەی کوردستانی هەبوو، زوڵم و زۆر و پەلاماری ئەم رژێمە بۆ سەر خەڵک هەموو سنوورێکی تێپەڕاند بوو، کوردستان ئەنفال و کیمیاباران کرابوو، واتە دۆخەکە لەباربوو خەڵک رابپەڕێ.

یەکێتی رۆڵی سەرەکی هەبوو 
یەکێتی لە هەموو حزبەکان زیاتر خەریکی بەرنامەی راپەڕین بوو، وێڕای پێشمەرگە رادیۆی هەبوو، رێکخستنەکانی تۆکمە و بەربڵاو بوون، بەڵام خاڵی پۆزەتیڤ و گرنگ بوونی بەرەی کوردستانی بوو.
لەماوەی یەک مانگدا تەواوی خاکی کوردستانی باشوور رزگارکرا بە کەرکوکیشەوە. دواتر کە رژێم هێزەکانی خۆیان کۆکردەوە و پەلاماریان داین، تەواوی شارە گەورەکان لە دوو هەفتەدا گیرایەوە. کۆڕەوی ملیۆنی دونیای هێنایە دەنگ و بەدەنگمانەوە هاتن و ناوچەی ئارامیان بۆ دروست کردین، بەڵام لەوکاتەی کە بڕیاری 688 ی ساڵی 1991 مان بۆ دەرچووێندرا و ناوچەیەکی ئارام بڕیاری لێدرا، کەچی بەرەی کوردستانی کەوتە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ رژێم، بەڕای من ئیتر رژێم و دۆستەکانی کەوتنە پیلانگێران بۆ درز خستنە ناو ریزەکانی بەرەی کوردستانی، چونکە لایەکی گەورەی ناو بەرەی کوردستانی کە پارتی بوو، لەگەڵ ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە بوو. لایەکی تری گەورە و بەهێزی ناو بەرەی کوردستانی لەگەڵی نەبوو کە یەکێتی بوو. 
مام جەلال لە کۆبوونەوەی شەقڵاوە بە ئێمەی وت ئەمریکییەکان پێیان وتوم رێکەوتنەکەمان لەگەڵ رژێمی بەعس، قیمەتی ئەو کاغەزەی نابێ کە لەسەری دەنووسرێت. 

پارتی چۆن بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی مامەڵەی کرد؟
بڕیاردرا کە هەڵبژاردن بکەین، من پێم وایە یەکێک لە هەڵەکانی ئەوەبوو باش لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ناخی خەڵکی کوردستان و ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتن نەکرابوو بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن و لێکەوتەکانی. پارتی زیرەکتر مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتە کرد و هەموو نەیارەکانی دەوروبەرمان هاوکاریان کردن، هەربۆیەش یەکەم هەڵبژاردن بەجۆرێک کەوتەوە کە تا ئیستاش ئاسەوارەکانی زەق تر دەبن و ماون.
دوای 2 ساڵ شەڕی ناوخۆ دروست بوو، ئەمە سەری کێشا بۆ ئەوەی عیراق و وڵاتانی دەوروبەر بە هێزی سەربازی موداخەلە بکەن و وایان کرد کوردستانی باشوور ببێ بە 2 ئیدارە و هێزێکیان کردە هێزی باڵادەست لە رووی ژمارە و خاک و پارە و چەکەوە، بۆ ئەوەی ئەجێندا و بەرنامەکان بە ئارەزوو و قازانجی ئەوان بێت. 

کێ هۆکاری دروست بوونی ئەم دۆخەیە؟
30 ساڵی رەبەقە داگیرکەری باشوور لەناوماندا نەماوە و خاوەنی حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستانین، پێنج جار هەڵبژاردن کراوە و ئەم کابینەیە کابینەی نۆیەمە. خەریکە هەموو شتێک تێکدەچێت، ئەگەر ئەم دەستکەوتانە لەدەست بچن کێ بەرپرسە و کێ هۆکارە؟ 
فاکتەرەکان دەرەکین یان ناوەکین؟ خۆمانین یا دوژمن و نەیار؟  ئایا زلهێزەکان قازانجیانە ئەم قەوارەیە نەمێنێت یا خۆمانین بە کەڵکی دەوڵەت و حوکمداری نایەین؟
هەر تێکچوونێکی دۆخەکە دوور نییە بمانگەڕێنێتەوە بۆ ژێردەستەییەکی تاریک، چی بە نەوەکانمان دەڵێین؟ پێیان دەڵێین ئەوە نەیارەکانمان بوون بە تانک و تۆپ و فڕۆکە و پاڵپشتی زلهێزەکان پەلاماریان داین و سەرکردەکانیان شەهیدکردین و قارەمانەکانیان خەڵتانی خوێن کردین و خەڵکیان لە خاچ دا؟
یان دەڵێین چاوچنۆکی و پاوانخوازی و خۆسەپاندن و رق و نەسەلماندن وای لێکردین. 

*سەرۆکی زانکۆی کۆیە

وتارەکانی نوسەر