لای زۆرمان ئاشکرایە بەشێکی زۆری ئەو چەکە کیمیاییانەی کە لە کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا لەلایەن رژێمی سەدام حسێنەوە بەکارهێنراوە، بەرهەمی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیایە. منیش وەکو هەموو کوردێک کە لە ئەڵمانیا دەژیام، ئەمە بووبوە مایەی نارەحەتیم و دەمویست کارێک بکەم، لە دژی ئەم کۆمپانیاییانە. تازە گەیشتبوومە ئەڵمانیا، وامدەزانی کە دادگاکانی ئەم وڵاتە لە پرسێکی وا ئاڵۆزدا، دەسەڵاتی ئەوەیان دەبێت دادگاییەکی عادیلانەی ئەو کۆمپانیایانە بکەن، ئەمەش چ لە رووی ماددیی و چ لە رووی مۆڕاڵیی و سیاسیشەوە بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگ بوو، بەڵام دوایی بە تەجروبە بۆم دەرکەوت ئەم هەوڵەی من خەونێکی ئەستەمە.
بەهەرحاڵ من لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم کورتەیەک باسی ئەو هەوڵانە بکەم کە ئەوکاتە لەگەڵ هاوڕێیانی رێکخراوی چاک، لە ئەڵمانیا و ئەوروپا، کردمان بۆئەوەی بتوانین ئەو کۆمپانیایانە دادگایی بکەین.
سەرەتای هەوڵەکان
لەکۆتایی ساڵانی نەوەتەکان، ئەم مەسەلەیەم لەگەڵ کۆمەڵێک دۆست و هاوڕێم لە شاری ئاخنی ئەڵمانیا باس کرد، دەمانویست دەستبکەین بە پڕۆسەکە، بەڵام دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆج ئالانی سەرۆکی پارتی کرێکاران هاتە ئاراوە، ئیتر زۆربەی چالاکییەکانمان وازلێهێنا، ئەوکاتە بەشێکی زۆری کوردانی ئەوروپا،دژی ئەم دەستگیرکردنە بوون و کەوتبوونە جووڵە و خۆپیشاندان و چالاکی سیاسی.
ئەم مەسەلەیە هەر وا مایەوە، تا پاش ماوەیەکی تر، کاتێک لە هۆڵەندا دەستکرا بە دادگاییکردنی فرانس ئەنرانت، دووبارە ئەم پڕۆسەیە لەناو مێشکمدا سەریهەڵدایەوە.
ساڵی 2006 حکومەتی هۆڵەندا بە تۆمەتی فرۆشتنی چەکی کیمیایی بە رژێمی سەدام، بازرگانێکی هۆڵەندی بەناوی « فرانس ئەنرانت» دەستگیر کرد. ئەمەش لە میدیای کوردیی و جیهانیشدا دەنگدانەوەیەکی باشی هەبووە، لەوکاتەدا رێکخراوی چاک، بووبوە داینەمۆی کارو چالاکییەکان لەدژی ئەم بازرگانە و کۆمەڵێک کاری باشیان کرد. منیش لێرەوە دووبارە بیرۆکەی دادگاییکردنی کۆمپانیاکان لەناو مێشكمدا زیندوو بوویەوە. لەبارەی ئەم پڕۆژەیەوە قسەم لەگەڵ کاک عەلی مەحمود کرد، کە ئەوکاتە سەرۆکی رێکخراوی چاک بوو، ئەویش زۆری پێ باشبوو. من ئەوکاتە ئەندامی چاک نەبووم، لەسەر داوای ئەوان، بووم بە ئەندامی رێکخراوەکە و دواتریش بەرپرسیارێتی کۆمیتەی ئەڵمانیام وەرگرت، جگە لە بەرپرسی دۆسێی دادگاییکردنی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا.
ئەوکاتە لە کۆمیتەی ئەڵمانیا لەگەڵ کۆمەڵێک برادەری ئازیز و خۆشەویست، کارمان بۆ سەرخستنی رێکخراوی چاک و دۆسێی دادگاییکردنی کۆمپانیاکان کرد، لەوکاتەدا کاک ئارێز داراپوور لە هانۆڤەر، کاک عەلی قادر و رووناک خانی هاوسەری لە کۆڵن ، ئەندامی چالاکی چاک بوون، پێکەوە کۆمەڵێک چالاکی باشمان کرد.
من پێشتر ژنە پارێزەرێکی ئەڵمانیم دەناسی کە لە بواری پەنابەراندا کاری دەکرد، ژنێکی زۆر زیرەک و چالاک بوو، دۆستی گەلی کوردیش بوو. لە شاری مانهایم و هایدلبێرگ، کاری زۆری بۆ پەنابەرانی کورد کردبوو. کاتێک باسی ئەوەم بۆ کرد، کە دەمانەوێت کارێکی وا بکەین، ئەو سەرەتا پێی وتم ئەمە کارێکی زۆر مرۆڤانەیە و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە کاری تێدا دەکەم، بەڵام پێشی وتم: ئەمە کارێکی ئاسان نییە چونکە ئەو کۆمپانیایانەی کە چەکو کەلووپەلی کیمیاییان بە رژێمی سەدام فرۆشتووە، رۆڵی گەورەیان لە ژیانی سیاسی و ئابووری ئەڵمانیادا هەیە و لۆبی گەورەیان لەناو دەسەڵاتدا هەیە.
بەهەرحاڵ ئێمە هەر سووربوین لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکەمان. هەر زوو دەستمانکرد بە کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکۆمێنت، لەهەمانکاتیشدا پارەی پێویستیمان بۆ پارێزەرەکەش پەیدا کرد.
لێرەدا پێمخۆشە ئەوەش بڵێم، جگە لە پارێزەکەمان، بە رێکەوتێکی سەیر،کوڕێکی ئەڵمانیم ناسی، کە کاتی خۆی باوکی لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی کیمیایی کاری کردبوو، ئەو کوڕە باوکی زانیاریی زۆری پێدابوو لەبارەی چەکی کیمیایی و سەوداو مامەڵەی ئەو کۆمپانیایانەی ئەڵمانیا لەگەڵ رژێمی سەدام. هەروەها وەسیەتیشی بۆ کردبوو، کە دژی ئەم کۆمپانیایانە کار بکات و دۆستی کورد بێت. ئەم کوڕە تاکە ئەڵمانی بوو کە من بینیبێتم، هەستی بەتاوانی وڵاتەکەی دەکرد بەرامبەر بەگەلی کورد و دەنگی ویژدانی ئازاری دەدا و هاوکاریی زۆریشی کردین.
کۆمەڵێک بەڵگەی گرنگ
ئێمە زۆر سوودمان لە پارێزەرە ئەڵمانییەکە بینی، سەرەتا ئێمە واماندەزانی کارەکە ئاسانە، هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ئەم پڕۆسانەوە نەبوو، ئەو زۆر بە ووردی بۆی شیکردینەوە کە دەبێت چی بکەین، گرنگترین کاریشمان کۆکردنەوەی بەڵگەی یاسایی بوو،باشترین بەڵگە کە ئێمە دەستمان کەوت، راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، راپۆرتێکی زۆر وورد و گشتگیر بوو، تێیدا ناوی کۆمپانیاکان، وڵاتەکانیان، جۆری کیمیایی، بڕەکەی، پارەکەشی هەموو نووسرابوو.
لەهەمووشی گرنگتر زانیمان پێش ئێمەش، رێکخراوێکی ئەڵمانی، هەوڵی دادگاییکردنی ئەو کۆمپانیایانەی داوە، بەڵام شکستی هێناوە، ئەویش رێکخراوی میدیکۆ بوون.
رێکخراوی مێدیکۆی ئەڵمانی و دادگاییکردنی کۆمپانیاکان
رێکخراوی میدیکۆ یەکێکە لە رێکخراوە مرۆییەکانی ئەڵمانیا، ئەم رێکخراوە لە ساڵی 1968 لەلایەن کۆمەڵێک خوێندکاری چەپی ئەڵمانییەوە دروستکراوە،لەگەڵ دەستپێکی هێرشی کیمیابارانی هەڵەبجەوە، ئەم رێکخراوە هاتۆتە کوردستان و هاوکاری خەڵکی لێقەوماوی کوردی کردووە. تاماوەیەکی زۆریش لە کوردستاندا کاریان دەکرد، هەتا لە کاتی جەنگی ناوخۆدا ساڵی 1995 دا بەیانێکیان لەدژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکرد، کە گەمارۆی ئابووریی خستبووە سەر شارەکانی هەولێر و سلێمانیی، ئەوان ئەم کارەیان بەتاوانی جەنگ ناساندبوو، لەسەرئەوە پارتی لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی دەریکردن، دواتریش لە31 ئابی 1996 دا لەگەڵ داگیرکردنی هەولێر لەلایەن رژێمی سەدامەوە، بەتەواوەتی لە کوردستاندا نەمان. ئەم رێکخراوە لە ساڵانی نەوەدەکاندا، هەوڵیداوە دادگایی ئەو کۆمپانیایانە بکات، کە چەکو کەلوپەلی کیمیایان بە رژێمی بەعس فرۆشتووە. پڕۆسەکەش نزیکەی چوار ساڵی خایاندبوو، دواجاریش لەجیاتی کۆمپانیاکان دادگایی بکرێن و سزا بدرێن، کەچی دادگای ئەڵمانی، ئەمانی سزا داوە.
ئەو کۆمپانیایانە لە دادگا سکاڵایان لە رێکخراوی مێدیکۆ کردبوو، چونکە لە میدیاکاندا ناوبانگیانی خراپ کردوون. هەربۆیە دواتر ئەمانیش وازیان لە پڕۆسەکە هێناوە. من چەندجارێک پەیوەندییم پێوەکردن کە بەڵکو هاوکارییمان بکەن، تاوەکو ئەم پڕۆسەیە بکەین، بەڵام ئەوان هیچ ئامادە نەبوون هاوکارییمان بکەن.
کێشەکانی بەردەم پڕۆسەکە
لێرەدا پێمخۆشە باسی ئەو رێگرییە یاساییانە بکەم، کەئێمە رووبەرومان بوونەوە لەکاتی پڕۆسەکەدا. گەورەترین رێگر لە دادگاییکردنی ئەو کۆمپانیایانە ئەوەیە، ئەوان دەڵێن: راستە ئێمە ئەو ماددە کیمیاوییەمان بە رژێمی سەدام فرۆشتووە، بەڵام ئێمە بۆ کوشتنی خەڵکی سیڤیل پێمان نەفرۆشتووە بەڵکو بۆ کاری کشتوکاڵیی و دەرمانسازی پێمان فرۆشتووە. جگەلەوەش بەپێی یاساکانی ئەڵمانیا هیچ بڕگەیەک یان یاسایەک نییە کە سەوداو مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ رژێمی سەدام قەدەغە بکات، هەتاوەکو ساڵی 1991 کە گەمارۆی ئابووری بەرسەر رژێمی سەدامدا سەپێنرا، چونکە کوێتی داگیرکردووە. تەنها دوو کۆمپانیا دادگایی کراون، ئەوانیش بەتۆمەتی ئەوەی کە خۆیان لە باج دزیوەتەوە، واتە تاوانەکەیان پەیوەندیی بە کۆمەڵکوژیییەوە نییە. لەلایەکی تریشەوە کۆمپانیا گەورەکانی ئەڵمانیا، خۆیان بەشێوەی راستەوخۆ کەلوپەل و ماددەی کیمیاویان بە رژێمی سەدام نەفرۆشتووە، بەڵکو لەرێگەی کۆمەڵێک بازرگان و کۆمپانیای بچووکەوە بووە. هەرچەندە پێشتر چ لە بەریتانیا و ئەمریکا، لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا، بەپێی یاسا رێگە نەدراوە کە بە رژێمی سەدام ماددەو کەلوپەلی کیمیایی پێ بفرۆشرێت، بەڵام ئەمە لە ئەڵمانیادا بەو شێوەیە نەبووە، بۆیە رژێمی سەدامیش زۆرترین ماددەی کیمیایی لە ئەڵمانیا کڕیوە. ئەمەش لەبەر دوو هۆکار: یەکەمیان هیچ رێگرییەکی یاساییی و سیاسی لەدژی نەبووە. دووەمیان: بەرهەمی ئەڵمانی لە چاو وڵاتانی تر باشتر بووە( خەڵکی زیاتر کوشتووە!.)
لەلایەکی تریشەوە ئێمە کاتێک لە رێگەی پارێزەرەکەمانەوە هەوڵماندا، چاومان بە دۆسێی دادگاییکردنی ئەو کۆمپانیایانە بکەوێت، کەپێشتر رێکخراوی مێدیکۆ هەوڵی دادگاییکردنی داون، نەمانتوانی.
دەرەنجام
لەکۆتاییدا پاش دوو ساڵ ئێمە گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی کە واز لە دۆسێیەک بهێنین، چونکە لەرووی سیستمی دادوەری ئەڵمانییەوە، زۆر زەحمەت بوو، پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت، چونکە ئەو کۆمپانیایانە، رۆڵێکی گەورەیان لە ژیانی ئابووریی و سیاسی ئەڵمانیادا هەیە و لۆبییەکی باشیان لەناو سیستمی سیاسی و دادەوەریشدا هەیە. دواتریش ئەوەمان بۆ دەرکەوت، کە حکومەتی ئەڵمانیاش خۆی نایەوێت پڕۆسەکە سەربگرێت، چونکە لە حاڵەتی سەرکەوتنی پرۆسەیەکی دادوەری لەو جۆرە، دەبووە مایەی ئابڕووچونی ئەڵمانیا کە بەشداربووە لە تاوانەکانی رژێمی سەدام دا، لەرووی داراییشەوە ترسیان لە مەسەلەی قەرەبووکردنەوەی قووربانیانی چەکی کیمیایی بوو.
من هەموو ئەمانەم بە برادەرانی دەستەی بەڕێوبەری رێکخراوی چاک وت، جیاوازی گەورە هەبوو لە نێوان دۆسێی فرانس ئەنرات و دۆسێکەی ئێمەدا، چونکە ئەوەی فرانس ئەنرات، حکومەتی هۆڵەندی خۆی کابرای دەستگیرکردبوو، دادگایی کرد. بەڵام لە ئەڵمانیا حکومەت خۆی نەک کارێکی وای نەکرد، بگرە دژی ئەو جۆرە کارانەش بوو. بەشێک لە برادەرانی دەستەی بەڕێوبەر پێیان باشبوو کە ئێمە هەر بەردەوام بین لە کارەکەمان،بەڵام من بەداخەوە لەپاش دوو ساڵ لەکارکردن لە رێکخراوی چاک، وازمهێنا، دوای منیش نازانم برادەرانی تر چییان کرد.
هەرچەندە دوای ئێمە کۆمەڵێک هەوڵی تر درا، بەڵام هەتا ئەمڕۆش ئەو هەوڵانە سەریان نەگرتووە، چونکە وەکو وتم حکومەتی ئەڵمانیا نایەوێت ئەو کارە بکرێت، لەبەرئەوەی زیانی خۆی تێدایە.
هیوادارین رۆژێک لە رۆژان هەموو ئەو کۆمپانیایانە دادگایی بکرێ و سزا بدرێن، کەبەشداربوون و لە تاوانەکانی رژێمی سەدامدا.