یادی دامەزراندنی 49 ساڵەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، 48 ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆرشی نوێی گەلەکەمان، یادی مەزن و پیرۆزن، نەک تەنھا لەبەرئەوەی بۆنەی یەکێتین، بەڵکو لەبەرئەوەی ھەڵسانەوەی نەتەوەیەک بوو، لە قووڵایی شکستەوە، شاندانەبەر ئەرکێکی قورس و مەحاڵ بوو لەلایەن کۆمەڵێک تێکۆشەر و کەسایەتی قاڵبووی خەبات بە سەرۆکایەتی سەرۆک مام جەلال. ی.ن.ک و شۆرشی نوێ دوانەیەکی یەک دایک و یەک سەردەم و یەک خاک و یەک نەتەوەن، دوای یەک ساڵ لە دامەزراندنی، ی.ن.ک شۆرشی ھەڵگیرساند و جارێکی تر چیا پێشمەرگەی گرتەوە باوەشی.
مێژووی شۆرش، بەشێکی پرشنگداری مێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستانە، پڕە لە پەند و عیبرەت، لە تێکۆشان و قوربانیدان، لە سەرکەوتن و شکست، لە داھێنان و نوێ بوونەوە.
مێژووی شۆڕش، بەشێکی پرشنگداری مێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستانە، پڕە لە پەند و عیبرەت، لە تێکۆشان و قوربانیدان، لە سەرکەوتن و شکست، لە داھێنان و نوێ بوونەوە.
نەیاران ھەرچۆنێک بیانەوێ مێژووی ی.ن.ک ناشیرین بکەن و پچووکی بکەنەوە، ناتوانن و شکست دێنن، چونکە ئەو شۆرشە، لە منداڵدانی نەتەوەدا دروستبووە، دواتریش لەدایک بوو گەورە بوو بەر لەوەی موڵکی یەکێتییەکان بێت، موڵکی خەڵکە.
ئەم شۆرشە بۆ ئێمە و مانان کە لە بەشێکی بەرچاویابووین، یان بۆ ھەندێ تێکۆشەری تر کە ھەر لەسەرەتاوە تیایدا بوون، پڕە لەبیرەوەری شیرین و ھەندێ جاریش تاڵ، ھەر کامیشیان بێ، ئەو ساڵانە پێکدێنێ کە خاوەنەکانی دەتوانن شانازی پێوەبکەن، بێئەوەی منەت بەسەر کەسدا بکەن.
بەندە بیرەوریم زۆرە لەو 10ساڵ بێ دابڕانەی لەساڵی 1981 ەوە تا سەرکەوتنی راپەڕین لە 1991 دا، بۆ ئەم یادە، چەند بیرەوەرییەک دێنمەوە یاد بەپێی مێژووەکانیان. کە بوومە پێشمەرگە بەنامەی رێکخستنەوە لەگەڵ سێ ھاوڕێی تردا کە بەداخەوە یەکێکیان شەھیدبووە — شەھید کەمال قەمەرناز — دوانەکەی تر تەمەنیان درێژ بێ ماون، کاک جەبار غەریب، کاک خالد رەزا ساڵەح « خالد ساڵەح » لە حکومەتەکەی کاک نێچیرڤان بارزانیدا قسەکەری حکومەت بوو، ماوەیەکیش سەرۆکی زانکۆی کوردستان بوو، چووینە قەرەداغ تا نامەکان بگەیێنینە ھاورێیانی کۆمەڵە، بۆ لای کاک فؤادی حاجی قادر کە ئێستا لە ھەولێرە.
پاش پرسیارکردن، وتیان پەڕیوەتەوە بۆ بەری شارباژێر، چەند رۆژێک لەوێ ماینەوە و بڕیاماندا برۆین بۆ سەرکردایەتی بۆ نێوزەنگ. بەھەرحاڵ بە چوار قۆناغ رۆیشتین، یەکەم قۆناغ تا موانە کۆن لە شارەزوور و شەوێک لەوێ ماینەوە، دووەم تا بناری سوورەبان، سێیەم تا بلەکێ بارەگای ھەرێمی سێ، لەوێوە کاک حسێن بەفرینی تێکۆشەر و شاعیر و نووسەر بووە ھاورێمان، چوارەم تاکو شارۆچکەی رەبەتی سەر بە سەردەشت « بلەکێ و رەبەت و رێگای نێوانیان بەدەست پێشمەرگەکانی حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانەوە بوو».
نەیاران ھەرچۆنێک بیانەوێ مێژووی ی.ن.ک ناشیرین بکەن و پچووکی بکەنەوە، ناتوانن و شکست دێنن، چونکە ئەو شۆڕشە، لە منداڵدانی نەتەوەدا دروستبووە
لە رێگا بەسەر لۆرییەکەوەبووین گەیشتینە سەیتەرەیەکی ھاوڕێیانی کۆمەڵە، «ئێمە بۆ ھەر پێنجمان یەک وەرەقەی ھاتووچۆیان بۆ کردبووین، چونکە دەبوو لەو ناوچانەی پێشمەرگەکانی دیموکرات و کۆمەڵە و سازمانی خەباتی لێبوو و پێشمەرگەکانی یەکێتی ھاتووچۆیان پیادا دەکرد، وەرەقەی ھاتووچۆمان پێبوایە »، ئەو ھاورێیەی سەیتەرەکە داوای وەرەقەی لێکردین، وەرەقەکەمان دایە، کاک حسێن بەفرین وتی : ئەوە چوار قەڵەمت کردووە بە لاقۆڵتا، کەچی وەرەقەکەت ھەڵەوگێڕاو گرتووە، ئەو بەڕێزەی سەیتەرەکە بە توڕەییەوە وتی : تۆ لەو ئاسمانەوە چی دەبینی، فەرموو دابەزن، ئێمەش دابەزین و ئەو ھاورێیەمان ئەھوەن کردەوە و راستییەکەی ھەموو ھاوڕێیانی سەیتەرەکە لوتفێکی زۆریان نواند و سەرکەوتینەوە، ئێوارە گەیشتینە رەبەت و شەو بەدەم خۆیان وتەنی خومپارە بارانەوە لە میوانخانەیەکی ناقس حەوت ئەستێرە بەسەرمان برد.
قۆناغی پێنجەمیش لە رەبەتەوە بۆ بارەگاکانی سەرکردایەتی و ناوەندی کۆمەڵە لە نێوزەنگ.
لە سنووری نێوزەنگ و زەڵێ و توژەڵە، بارەگای سەرۆک مام جەلال، کاک نەوشیروان، ناوەندیی کۆمەڵە، مەکتەب عەسکەری، بارەگای مەکتەبی راگەیاندن و ئێزگە و چاپخانە و بارەگای چەند حزبی عیراقی و چەند شوێنێکی تری لێبوو.
بەندە لە ناوەندی کۆمەڵە گیرسامەوە. ئەو کاتەی من گەیشتمە ئەوێ، یەکێتی 175 ھەزار دیناری کاک ئەحمەد ساروخ قەرزار بوو کە دوکانێکی لە نێوزەنگ ھەبوو !
لە راستەوە: غەریب، قوباد مەلا رەسوڵ، شەهید مامۆستا یاسین، شوان کەریم کابان