گومانی تیادا نییە، ھەرچییەک بکرێت بۆ ئەوەی مڕۆڤەکان بەئاسوودەیی بژین و دووربن لە ھەموو گرفتێک و ھیچ مەترسییەکیان لەسەر نەبێ، کەمە و کارێکی گەورە و لەبەرچاوە.
ئێستاش بەھۆی ئەوەی لەچاو خۆیدا خۆکوشتن و کوشتن، لە ھەرێم زیاد بووە، ھەم حکومەتی ھەرێم، ھەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، ھەم بەشێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەم میدیاکان، سەرقاڵی لێکدانەوە و بەدواداچوونی دیاردەکەن و ھەموو لە ھەوڵی ئەوەدان، ھۆکارەکان، چارەسەر و رێگرییەکان بدۆزنەوە، تاکو ژیانی مرۆڤەکان بەھەدەر نەچن، بەڵام ئەوەی لای بەندە جێی سەرنجە، ئەوەیە کە ئەم مەسەلەیە لای ھەندێک لە قەوارەی راستەقینەی خۆی گەورەتر دەکرێت. کوشتن و خۆکوشتن دیاردەیەکە لە دێر زەمانەوە ھەیە و لەگەڵ سەرھەڵدانی ژیانی مرۆڤەوە ھەن. کوشتن لە ھابیل و قابیلەوە ھەیە، کاتێک قابیل هابیل دەکوژێ لەوێوە تراجیدیای ژیانی مرۆڤەکان دەست پێدەکات.
خۆکوشتن سەدان ساڵ زیاترە، لە زۆربەی چیرۆک و ئەفسانە و دەقە میژووییەکاندا ھەیە. پاڵەوانی بەشێکی زۆر لە رۆماننووس و چیرۆک نووسەکان، چارەنووسیان خۆ کوشتنە. ژمارەیەکی زۆر نووسەر و ئەدیب و ھونەرمەند لە جیهاندا، بە خۆکوشتن کۆتاییان بە ژیانی خۆیان ھێناوە تەنانەت لە کوردستانیش.
دیاردەی کوشتن و خۆکوشتن، تایبەت نین بە هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئافاتێکی جیهانییە و بۆ کەمکردنەوە، یان بنەبڕکردنی، پێویستی بەهیمەتی هەمە لایەنەیە
تائێستاش بەھۆی ئاڵۆزی دەروونی مرۆڤ و قورسیی شیکردنەوەی ناخی مرۆڤ، زۆر قورسە ھۆی سەرەکی خۆکوشتن بزانرێت، بەڵام زانینی ھۆکارەکانی کوشتن، ئاسانترە.
بەمەبەستی تێگەیشتن لەوەی خۆکوشتن و کوشتن دیاردەیەکی تایبەتی بە وڵات و گەل و نەتەوەیەک نییە، ھەندێک نموونە دەخەمەڕوو.
سوید یەکێکە لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤی، سیستمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی زۆر پێشکەوتووە و ئاستی ژیان تیایدا زۆر بەرزە و نموونەیەکی کەم وێنەیە لە سەقامگیریدا لە دونیادا، کەچی رێژەی خۆکوشتن تیایدا بەرزە، بۆ نموونە ساڵی 2011، 1368 کەس خۆیان کوشتووە کە تەمەنیان لەنێوان 15— 74 ساڵدا بووە و ساڵی پاریش ژمارەیەکی زۆر خۆیان کوشتووە و لە10 ساڵی رابوردووشدا دیاردەی کوشتن زۆر پەرەی سەندووە.
لە ئەمریکا کە وڵاتێکی دیموکراسی و خاوەن ئابوورییەکی بەهێز و پێشکەوتووە، ساڵی 2014، 42773 کەس خۆیان کوشتووە و ساڵی 2016، 44965 کەس، بۆیە حکومەتی ئەمریکا تائێستا بڕی 96 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی خۆکوشتن.
لە لیتوانیا لە ساڵی 2008 دا لەھەر 100 ھەزار کەس 307 کەس خۆیان کوشتووە. لە گرینلاند کە سەر بە وڵاتی دانیمارکە و ئێستا دۆناڵد ترەمپ دەیەوێ بیخاتە سەر ئەمریکا، ساڵی 2012 لە ھەر 100 ھەزار کەس 83 کەس خۆیان کوشتووە.
لە کازاخستان ساڵی 2008، 4009 کەس و ساڵی 2015 ، 2872 کەس خۆیان کوشتووە. ئەم وڵاتانە بەپێی ئەم ریزبەندییە، زۆرترین حاڵەتی خۆکوشتنی تیادا روودەدات: لیتوانیا، بیلاروسیا، روسیا، کازاگستان، ھەنگاریا، گیانا، سلۆڤینیا، لاتڤیا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئوکرانیا، چین، سریلانکا، بلژیکا، ئیستونیا، فنلندا، کرواتیا، سربیا، مۆنتینگرۆ، ھۆنگ کۆنگ«چین»، فەرەنسا، سویسرا، ئوردون. دەربارەی دیاردەی کوشتن بە ھۆکاری جیاواز، بەھەمان شێوەی دیاردەی خۆکوشتن، زۆر وڵات بە دەستییەوە گیرۆدەن، لەئەمریکا ساڵی 2019 ، 41 کۆمەڵ کوژی روویانداوە، 33 دانەیان بە ھۆی تەقە لێکردن بووە. ساڵی 2020، 20 ھەزار تاوانی کوشتن کراوە، 18 ھەزاریان تاوانی تەقە کردن بووە، لەم تاوانانەدا 1300 منداڵی تیادا کوژراوە. لەکاتێکدا ئەمریکا ھەم پۆلیس ھەم ئاسایشی زۆر بەھێز و بەتوانان و ژمارەشیان ئێجگار زۆرە.
ساڵی 2023، 657 رووداوی تەقەکردن رویداوە و هەزاران کەس بوونەتە قوربانی. بەپێی وەرزنامەی - جاما نێتۆرک ئۆپن - ی ئەمریکایی لە ساڵی 1990 ەوە تاکو ئێستا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس بە رووداوی تەقەکردن لە ئەمریکا کوژراون.
بۆیە دیاردەی کوشتن و خۆکوشتن، تایبەت نین بە هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئافەتێکی جیهانییە و بۆ کەمکردنەوە، یان بنەبڕکردنی، پێویستی بەهیمەتی هەمە لایەنەیە، ئەرکەکە ئەرکی دەزگا حکومییەکان، مامۆستایانی ئاینیی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، راگەیاندنەکان، زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان و تەنانەت خێزانیشە، تا بە هەموو رووبەڕوی ئەم دیاردە مەترسیدارە نامۆیە بە مرۆڤایەتی ببینەوە و چیتر ژیانی خەڵک نەکەوێتە مەترسییەوە.
ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر کوشتن یان خۆکوشتن، توانای چارەسەری کێشەکانیان نامێنێت