لە گۆشەنیگای شارەزایانەوە

فێركردنی بەردەوام...

09:55 - 2024-05-27
د. سەمەد ئەحمەد
159 خوێندراوەتەوە

فێركردنی بەردەوام، پەروەردەی بەردەوام، خوێندنی بەردەوام، خوێندنی هەمیشەیی، چەند زاراوەیەكن بە شێوەیەكی بەرفراوان لە بواری‌ پەروەردە و فێركردندا بەكاردەهێنرێن، زۆرجاریش لەگەڵ یەكدا  تێكەڵ دەكرێن و وەکو هاواتای‌ یەکتری‌ بەکار دەهێنرێن.
هەندێ جاریش ئەم چەمكە لەگەڵ چەمكی خوێندنی گەورەكان و لە ناوبردنی نەخوێندەواریدا تێكەڵ دەكرێت، چونكە ئەم دوو چەمكە گرنكی خۆیان لەسەر پرانسیپی پێشكەوتن و گەشەپێدانی فێركردنی خودی (التعلم الذاتي) چڕ دەكەنەوە، بەڵام لە راستیدا چەمكی فێركردنی بەردەوام چەمكێكە لەمانە فراوانترە و زۆر بواری تریش دەگرێتەوە، دەیەوێت سیستەمی پەروەردەیی تەقلیدی و باو تێپەڕێنێت، چونكە هەموو جۆرەكانی پەروەردە دەگرێتەوە كە دەبێتە مایەی پێشكەوتنی تاك و كۆمەڵگە لەیەك كاتدا.
چەمكی فێركردنی بەردەوام
مەبەست لەفێركردنی بەردەوام درێژەدانە بە پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن بە بێ دابڕان بە درێژایی تەمەن. بەمانایەكی تر؛ فێركردنی بەردەوام ئەو فێركردنەیە کە كۆتایی نایەت، تەنانەت ئەگەر كەسێك لە قۆناغێكی دیاریكراوی تەمەنیشدا دەستبەرداری خوێندن ببێت، بەڵكو بەردەوام دەبێت هەتا ئەو كەسە لە ژیاندا بێت.
مەبەستی پسپۆرانی پەروەردە و فێركردن لە زاراوەی (بەردەوامیی) بازدان و تێپەڕینە بەسەر (كات و شوێندا) دا، واتا لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندندا مەرج نییە هەمیشە كاتێكی دیاریكراو، یان شوێنێكی دیاریكراو لەبەرچاو بگیرێت، بەڵكو پێیانوایە كە پرۆسەی پەروەردە هەمیشە لە شێوەی هێڵێكی ئاسۆییدا بە بێ دابڕان درێژ دەبێتەوە، بۆیە دەشێت فێركردن لە هەندێ كاتدا مرۆڤ جەختی زیاتری لە سەر بكات و چڕبوونەوەی‌ لە سەر هەبێت، لە هەندێك كاتی تردا، بەهەر هۆیەکەوە بێت، خاوبوونەوەی پێوە دیار بێت، بەڵام لەهیچ دۆخێكدا دابڕانی لەگەڵدا نییە .

 

 

فێركردنی بەردەوام ئەو پرۆسەیەیە كە تاكە كەس بە درێژایی ژیانی‌ لە رێگەی دامەزراوە پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و پیشەیی و زانستییەكانەوە بەدەستی دەهێنێت

 

بۆ نموونە، لە قۆناغی منداڵی و هەرزەكاریدا مرۆڤ چڕبوونەوەی زیاترە لەسەر خوێندن، بەڵام لە هەندیك قۆناغی تری تەمەندا زیاتر لە كاتی پێویستدا جەختی لەسەر دەكرێتەوە، بۆیە (بەردەوامیی) نەك هەركەموكورتی نییە، بەڵكو پەروەردەی راستەقینە ئەو پەروەردەیەیە كە بە شێوەیەكی بەردەوام هەنگاو دەنێت و دەچێتە پێشێ، ئەم پێداویستیانەش تەواو گونجاون لەگەڵ زاراوەی (فێركردنی گەورەكان)، بۆیە پێویستە خوێندن، یان فێركردن و فێربوون، نەبەسترێنەوە بە كات و شوێنێكی دیاریكراوەوە.
پسپۆران و شارەزایانی‌ بواری‌ پەروەردە و فێرکردن، هەر یەکەیان لە گۆشەنیگای‌ خۆیانەوە پێناسەیان بۆ ئەم چەمکە کردووە. بۆ نموونە (لۆفۆجل) دەڵێت: فێرکردنی‌ بەردەوام بریتییە لە ئامادەكردنێكی گشتگیری مرۆڤ كە گونجاو بێت لەگەڵ ناوەڕۆكی  پەروەردەدا بە درێژایی تەمەن، ئەمەش بە هێنانەكایەی سیستەمێكی كامڵی پەروەردەیی دێتەدی‌، ئەم سیستەمەش پەیوەندی بە چەندین هۆكاری تایبەتی‌ ترەوە هەیە كە تەبا بێت لەگەڵ ئامانجە پەروەردەیی و رۆشنبیری و تواناكانی مرۆڤدا.
مەبەستی (لۆفۆجل) لەم پێناسەیە ئەوەیە كە فێركردنی بەردەوام پڕەنسیپێكی رێكخراوی باشە بۆ هەموو پەروەردەیەك، چونكە سیستەمێكی گشتكیرە، لەگەڵ هەموو جۆرەكانی پەروەردەدا دەگونجێ و بە هەموویان ئینجا پەروەردەیەكی كامڵ دێننە كایەوە، لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە پەروەردەیی و فێرکارییەکان و گەشەپێدانی تواناكانی مرۆڤدا، هەر لەم رێگەیەشەوەیە كە مرۆڤ دەتوانێت گۆڕانكاریی لە ژیانی خۆیدا بكات .
 هەندێکی‌ تر لەپسپۆڕان پێیانوایە کە فێرکردنی‌ بەردەوام؛ ئەو پڕۆسەیەیە كە یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ رووبەڕووبونەوە لەگەڵ گۆڕانكارییە كەلتوری و كۆمەڵایەتی و زانستی‌ و تەكنەلۆژییەكاندا، ئیدی لە بواری كار، یان ماڵ، یان كۆمەڵگادا بێت، بۆ بەدیهێنانی خۆشكردنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەكان و ئەو ژینگەیەی كە تیایدا دەژیی، بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە وزە جۆراوجۆرەكان .
 هەندێكی تر پێیان وایە فێرکردنی‌ بەردەوام؛ راهێنانی مرۆڤە لە پێناو گۆڕانكاریدا، هەروەها فێركردنی خوودییە (التعلیم الذاتي) لە ئاستی تاك و كۆمەڵدا دەردەكەوێت، لەبەر ئەوەی خوێندن و فێركردن پێویستییەكە و لەكاتی جۆراوجۆردا دەردەكەوێت، بۆیە پێویستە مرۆڤ لێی بەهرەمەند بێت، پێویستییەكانی مرۆڤیش دابەش دەبێن بەسەر تەمەنی مرۆڤدا، لەهەر قۆناغێكدا جۆرێك لە پێداویستی زیاتر دەردەكەوێت، بۆیە فێركردنی بەردەوام پێویستییەكی ژیانە هەر مرۆڤێك بە گوێرەی توانا و پێویستی خۆی دەتوانێت ئاسۆیی، یان ستوونی قۆناغەكانی خوێندن ببڕێت .
لەبەر رۆشنایی ئەم زانیاریانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین: (فێركردنی بەردەوام ئەو پرۆسەیەیە كە تاكە كەس بە درێژایی ژیانی‌ لە رێگەی دامەزراوە پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و پیشەی و زانستییەكانەوە بەدەستی دەهێنێت، بەتەنها پشت نابەستێت بە قوتابخانە، بەڵكو پشت بەچەندین رێكخراو و دەستە و گرووپی تری كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و فێرکاری‌ و سیاسی و هونەری...هتد دەبەستێت، بۆیە دەتوانین بڵێین: خودی ژیان قوتابخانەیەكی گەورەیە كە مرۆڤ لێیەوە فێر دەبێت.

سەرچاوە:
 التعلیم الذاتي، داود ماهر محمد، 1988، لاپەڕە (17 - 18).

* پسپۆر لە بواری‌ پەروەردە و دەروونزانی

وتارەکانی نوسەر