ئاشتەوایی هەمیشەیی نێوان كەركوكییەكان

09:49 - 2024-05-28
ئه‌سعه‌د عه‌زیز محه‌مه‌د
365 خوێندراوەتەوە

ئەگەر بە عەقڵێكی كراوە و لۆژیكێكی زانستییانە توێژینەوەیەكی ورد و پوخت و زانستییانە بە داتا و بەڵگەی مێژوویی و زانستی بکەین لەبارەی شاری كەركوكەوە، ئەوا هیچ گومان لەوەدا نییە كە هێمای ئاشتیخوازی و خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەدرێت بە كەركوكییە رەسەنەكان. 

خەڵكی كەركوك بەگشتی لایەنگر و پشتیوانی ئەو دەسەڵات و حزبە سیاسییانە دەكەن كە كار لەسەر چەمكی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی دەكەن و هەموو جۆرە دەمارگیری و توندڕەوییەكی نەتەوەیی و ئایینی رەتدەكەنەوە

ئاشتی لە فەرهەنگ و كەلتوری كەركوكییەكاندا سنوورێكی دیاریكراوی نییە كە لەوێدا رابوەستێت و ئیتر هەنگاو بەرەو پێشەوە نەڕوات. متمانە و بڕوای بەهێزی  كەركوكییەكان بە ئاشتی و یەكترقبووڵكردن و ئاوێتەبوون لەگەڵ یەكتری ئەوەندە پتەو و تۆكمە و بەهێزە، هەندێکجار هیچ شوێنەوار و سنوورێك بۆ پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی و تایفی ناهێڵێتەوە.
ئەوەی لە دەیان ساڵی رابردوودا بەرچاومان كەوتبێت رێك پێچەوانەی ئەم دید و تێڕوانین و بۆچوونەیە، چونكە واقیعی حاڵی ئەو شارە یەكێك بوو لە ناوچە گەرمەكانی ململانێ و ناكۆكیی نێوان پێكهاتە نەتەوەییەكان و ململانێی پێكهاتەیی، بەڵام پاساوی هەموو ئەو ململانێیانەی لە كەركوك روویانداوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەوڵەتانی ناوچەكە بە هەموو هێز و ئەجێندای سیاسیی خۆیانەوە كاریان لەسەر كەركوك دەكرد، بۆ پراكتیزەكردنی ئەجێنداکانیشیان پشتیان بەو هێزە سیاسییە ناوخۆییانە دەبەست كە لەناو شاری كەركوكدا كاریان بۆ دەكات. 
هۆكاری دووەمی كێشە و ناكۆكییەكانی كەركوكیش بۆ بنیاتی پێكهاتەی سیاسیی حزب و هێزە سیاسییەكانی عیراق بەگشتی و حزبی سیاسیی كەركوكی دەگەڕێتەوە. ئەوەی تێبینی دەكرێت، ئەجێندای هێزە سیاسییە عیراقییەكان و لەناویاندا كەركوكییەكان، تا ئەندازەیەك لەسەر ریتمی توندڕەویی و دەمارگیریی و تاكڕەویی پێكهاتەیی بنیاتنراوە، بەڵام ئەوەی مایەی دڵخۆشی و ئاسوودەیی و گەشبینییە ئەوەیە كە ئەو جۆرە ئەجێندایە لەناو كەركوكییەكاندا رەواجی نییە و پشتیوانیی لێناكرێت، بەڵكو بە هەموو شێوەیەكیش رەتدەكرێتەوە.
ئەگەر لەڕووی سۆسیۆلۆژیا و زانستی كۆمەڵناسییەوە سەیری پێكهاتەی كۆمەڵگەی كەركوك بكەین و رەفتار و ژینگەی كۆمەڵایەتی خەڵك بخەینە ژێر لێكۆڵینەوەوە، هەندێک راستیی حاشاهەڵنەگرمان بۆ ساغ دەبێتەوە، لەوانەش تێكەڵبوونی پێكهاتە نەتەوەییەكانی كەركوك بۆتە هۆی كەمیی دەمارگیریی نەتەوایەتی و كاڵبوونی وابەستەیی نەتەوەیی. 
وابەستەیی نەتەوەیی و وابەستەیی ئایینی و مەزهەبی و تایفی لە نێوان خەڵكی كەركوكدا گەیشتۆتە ئاستێك، بەهۆی خودی كەسێكەوە یان خێزانێكەوە یان بنەماڵەیەكەوە، ئاراستەی پێكهاتەیی ئەو كەسە یان ئەو خێزانە یان ئەو بنەماڵەیە بەتەواوەتی دەگۆڕێت. 
چەندین نموونەی جیاوازمان هەیە و لەبەرچاوە كە بەهۆی ژن و ژنخوازییەوە، چەندین خێزانی كورد یان خێزانی عەرەب بوونەتە توركمان، یان بەپێچەوانەوە هەمان حاڵەت بۆ عەرەب و كوردیش راستە.
هەندێکجار بەتەنها نیشتەجێبوونی ماڵت لە گەڕەكێكدا دەبووە هۆكاری ئەوەی پێكهاتەی نەتەوەییت بگۆڕدرێت. ئەوەی لە كەركوكدا تێبینی دەكرێت و دەبینرێت، لە هیچ شوێنێكدا نابینرێت. دەیان و سەدان خێزانی كورد هەن ئەگەر لێیان بپرسن لە كام نەتەوەن؟ بە راستی و دڵنیاییەوە پێتدەڵێت كوردین، بەڵام لەهەمان كاتدا تەنانەت یەك وشەش كوردی نازانن! ئەگەر ئەم شێوازە مامەڵەكردنە بۆ پێكهاتەی نەتەوەیی بەو جۆرە بێت، ئەوا سەبارەت بە مامەڵەكردن بە ئایین و مەزهەب و تایفەگەریش هەمان حاڵەت هەر راستە، خێزانە كەركوكییەكان بەبێ جیاوازی، مەسیحی شووی بە موسڵمان كردووە، خێزانی كەركوكی خاوەن مەزهەب و ئایینە جیاوازەكان، گەشەیان بە پەیوەندیی خزمایەتی داوە و ژن و ژنخوازیان لەنێوان  خۆیاندا كردووە. 
هەموو ئەو ئاوێتەبوونی نەتەوە و ئایین و مەزهەبە لەنێو یەكتریدا و توانەوەی پێكهاتەیی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت و وایکردووە برەو بە میتۆدی ئاشتی و تەبایی بدەن. 
بەشێوەیەكی گشتی خەڵكی كەركوك لایەنگر و پشتیوانی ئەو هێز و دەسەڵات و حزبە سیاسییانە دەكەن كە كار لەسەر تێز و چەمكی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی دەكەن، بەدیوەكەی تریشدا نەفرەت لە شەڕ و شەڕانگێزی دەكەن و هەموو جۆرە دەمارگیری و توندڕەوییەكی نەتەوەیی یان ئایینی و مەزهەبی رەتدەكەنەوە.

وتارەکانی نوسەر