ئەسعەد عەزیز محەمەد
هیچ کەس گومان لەوە ناکات و بەهیچ جۆرێک لەوە دوو دڵ نییە، کە شاری کەرکوک شاری پێکەوە ژیان و تەبایی و ئاشتەواییە، بەڵام واقیعی حاڵی سیاسی و کارگێڕی ئەم شارە، بەداخەوە ئەو دەستەواژەیەی سەرەوە پێچەوانە دەکاتەوەو ئەوراستییە دەرناخات.
کۆنەبوونەوەی ئەنجوومەن
چونکە پێکهاتە سیاسییەکانی کەرکوک، کە لەڕاستیدا نوێنەری پێکهاتەی نەتەوەیین، بەهۆی ئەجیندای جۆراوجۆرەوە لەدوای پێنج مانگ لەهەڵبژاردن، هێشتا ئامادە نین لەکۆبوونەوەی پارێزگادا پێکەوە دابنیشن و دەسەڵاتێکی جێبەجێکردن بۆ کەرکوک دابنێن.
کاریگەری ئەجیندای جیاواز
زۆر ئەجیندای جیاوازیش کاریگەری بەسەر رەوشی سیاسی و کارگێڕی کەرکوکدا هەیە، هەر لە باڵکێشانی ئەجیندای دەرەکییەوە، بگرە تا ئەجیندای نەتەوەپەرستی و تا دەگاتە ئەجیندای سەپاندنی دەسەڵاتی خێڵەکی و رەنگدانەوەی لەپیادەکردنی رەوشی کارگێڕی کەرکوک. لەکەرکوک تا ئێستا ئەنجومەنە هەڵبژێردراوە نوێیەکەی، دەسەڵأتی نەگرتۆتە ئەستۆ، تەنانەت کۆبوونەوەیەکیشیان ئەنجام نەداوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنەکە بکەوێتە سەر کاری ئاسایی خۆیی.
هەوڵی پەکخستنی ئەنجوومەنی نوێ
بەداخەوە تێبینی ئەوە دەکرێت کەپێکهاتە سیاسییە نەتەوەییەکانی تر لەهەوڵی ئەوەدان ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگا پەکبخەن و ڕۆڵی کاریگەر و کارای فەرامۆش بکەن، پرۆسەی دانانی پارێزگاری نوێش بۆ کەرکوک رۆژ لەدوای رۆژ دوابخەن. ئەمە لەکاتێکدا لەدوای سێجار دانیشتنی پێکهاتە سیاسییەکانی کەرکوک لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق(محەمەد شیاع سودانی) بەمەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمی دانانی پارێزگاری نوێ بۆ کەرکوک هێشتا نەگەیشتوونەتە دوا بڕیار لەبەر ئەوە لەئێستادا دەسەڵاتی کارگێری کەرکوک ئەوان بەڕێوەی دەبەن.
رەنگە هەر بۆ ئەوەش بەهەموو هێز و توانا و دەسەڵاتیانەوە، بۆ ئەوە کاردەکەن پرۆسەی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا دوابخەن و دانانی پارێزگای نوێ دانەنرێت، یان ئەگەر هاتو دانرا، ئەوا لەبەرژەوەندی ئەواندا بێت. لەبەرامبەر ئەمەدا تێبینی ئەوە دەکرێت، کە بەهەنگاوی جێگیر و چەسپاو کار بۆ ئەوە دەکەن و بەرەو ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریکردنی عیراق هەنگاو دەنێن، ئەنجامدانی سەرژمێریش وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن ناسنامەی نەتەوەیی تێدا نییە، ئەگەر ناسنامەی نەتەوەیی تێدا بێت یان نا، ئەوا هاتنی هەزارەها خێزان لەباشوور و شارەکانی ترەوە بۆ کەرکوک و تۆمارکردنیان لەسەر کەرکوک و مامەڵەکردنیان وەکو دانیشتووی ئەم شارە پێچەوانەی بڕگەکانی ماددەی 140 و رەتکردنەوەی ئەو میکانیزمە بوو، کەلەکاتی خۆیدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک دانرابوو.
سەرژمێری ئەوەندە بۆ مەرامی سیاسی و سەپاندنی ئەجیندایەک بەکاردێت، ئەوەندە وەک پرۆسەیەکی زانستیی بەرنامەداڕێژرا و بۆ داهاتووی وڵات سەیر ناکرێت
پرۆسەی سەرژمێری
پرۆسەی سەرژمێریکردن ئەوەندە بۆ مەرامی سیاسی و سەپاندنی ئەجیندایەک بەکارهاتووە، وەک پرۆسەییەکی زانستییانەی بەرنامەداڕێژرا و پلاندانان بۆ داهاتووی وڵات سەیر ناکرێت، لەبارودۆخی ئێستاشدا کەرکوک لەنێوان دوو قەیراندایە، نەبەستنی ئەنجوومەنی پارێزگا و دانەنانی پارێزگارێک بۆ شارەکە، ئەمە چ جای ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی کوردی بەشێوەیەکی جدی و حەکیمانە لە پرۆسەی سەرژمێری ناکۆڵێتەوە بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەو گرفتانە دابنرێت کەلەئەنجامی پرۆسەی سەرژمێریی بەسەر پێکهاتە رەسەنەکانی کەرکوکدا دەسەپێنرێت، هەروەها پێویستە بەوردی و بەشێوەیەکی زانستی و لۆژیکانە لە قازانج و زیانی پرۆسەی سەرژمێری بکۆڵینەوە و ئەجیندایەکمان بۆ پێشهاتەکانی پرۆسەی سەرژمێریکردن هەبێت.
مەترسییەکانی دوای سەرژمێریی لە کەرکوک