سەرۆک مام جەلال لە سێ بیرەوەریی جیاوازدا

11:06 - 2024-06-01
د. بێستون سابوراوایی
295 خوێندراوەتەوە

1- ساڵی 1987 رابەر سیاسیی تیپی 23 ی سورداش بووم، پێشمەرگەکانی یەکێک لە کەرتەکانی تیپەکە، چالاکییەکیان لەسەر رێگای سلێمانی- دوکان کردبوو، سەرکەتووانە بە کۆمەڵێک دەستکەوتەوە گەڕابوونەوە، ئەوەی جێگەی نیگەرانیمان بوو لەو چالاکییەدا چەند دیلێک بە هەڵە کوژرابوون.

سەرۆک مام جەلال وتی: بڕۆن لەگەڵ نووسەران و ئەدیبان و شاعیران و رێکخستنەکان، لەناو جەماوەر هۆشیاریی میللی و نیشتمانی و کوردایەتی راستەقینە بڵاوبکەنەوە

رۆژێک سەرۆک مام جەلال لە رێگەی جیهازی تیپەوە بروسکەیەکی ناردبوو، داوای کردبوو من بچم بۆ یاخسەمەر بۆ سەردانیکردنی.
منیش بە گەیشتنی بروسکەکە و بێ دواکەوتن بەڕێکەوتم بۆ ئەوێ و یەکسەر چوومە لای بەڕێزیان. دوای کۆمەڵێک پرسیار و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی ناوچەکە هەڵسوڕانی کارەکانی تیپ، پرسیارە بنەڕەتییەکەی لێکردم کە دەرکەوت بە پلەی سەرەکی هەر بۆ ئەوەش بانگی کردبووم.
وتی: بە راستی تێم بگەیەنە و وەک خۆی وەڵامم بدەرەوە، دەبێ ئەوەش بزانی کە رابەر سیاسیی چاو و گوێی منە و رووداوەکان وەک خۆی بەبێ زیاد و کەم بەمن بگەیەنن.
راستە دەڵێن لەم رۆژانەدا چوونەتە سەر رەبایەیەک و چەکدارتان بە دیلی کوشتووە؟ وتم بەڵێ بەڕێز مام جەلال ئەوە بە هەڵە روویداوە و منیش خۆم وەک رابەر سیاسی دژی دیل کوشتنم. وتی دەباشە لێرەبە من ئیشم پێت دەبێت.
ئەو شەوە لەوێ مامەوە، دیاربوو ئاگاداری شەهید جوامێر براخاس کە سەرتیپی 23 بوو لەگەڵ فەرماندەی کەرتەکان و مەفرەزەکانی کردبوو بێن بۆ لای.
بۆ سبەینێ لەوێ ئامادە بوون و کۆبوونەوەیەکی پێکردین، تایبەتی کردبوو بە تاوانی دیل کوشتن، راگەیەنراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ شیکردینەوە، بۆی باسکردین کە دیل کوشتن تاوانێکی گەورەیە، زیان بە ناوبانگی یەکێتی و شۆڕش دەگەیەنێت، مام تا دەهات لە قسەکانیدا توندتر دەبوو، تا گەیشتە ئەوەی وتەیەکی توند بەکاربهێنێت بەرامبەر هەرکەسێک کە دیل بکوژێت.
2-لە کۆبوونەوەیەکی تردا کە ژمارەیەکی زۆر لە کادرانی سەربازی و سیاسیی بەشداربووین، سەرۆک مام جەلال باسی رەخنە و رەخنە لە خۆگرتنی بۆ دەکردین، زۆر لەسەر ئەوە پێی دادەگرت کە رەخنە نابێت بگاتە ناوزڕاندن باسکردنی کەسایەتی  و تایبەتێتی مرۆڤەکان و بریندارکردنیان. دەیووت: رەخنە لەگەڵ جنێو و ناو ناتۆرە جیاوازە، رەخنە بۆ دروستکردنە نەک بۆ شکاندن.
لە درێژەی قسەکانیدا تووڕە بوو، وتی: بیستوومە یەکێک رەخنەی لە من هەبووە و قسەی ناشیرینی بە هێرۆ وتووە، باشە کاکە ئەوا من پیاوی خراپم، هێرۆ گوناهی چییە؟ ئەگەر جنێو دەدەن بە منی بدەن بۆچی بەرۆکی هێرۆ دەگرن؟ پاشان زانیمان ئەو کەسە کێبووە، سەرۆک مام جەلال هەر لەوێ لێی خۆش بوو.
3-لە کۆبوونەوەیەکی ژمارەیەک لە کادرانی یەکێتیدا کە لە مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی رێکخرا بوو، سەرۆک مام جەلال مەبەستی بوو هەندێک روونکردنەوە بدات، لەسەر ئەوەی لەوکاتەدا قسەیەکی خۆی کە دەڵێت( دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانەیە) هەندێک رای جیاواز و مشتومڕی خوڵقاندبوو، دیاربوو مام جەلال ئەو کۆبوونەوەی بەتایبەتی بۆ ئەو بابەتە رێکخستبوو، پوختەی قسەکانیشی بەمجۆرە بوو: من کە وتوومە دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانەیە، دوو لایەن لەخۆ دەگرێت، یەکەمیان ئەوەیە کە من نامەوێت دروشمی بریقەدار بڵێمەوە و دوژمن بۆ خۆمان زۆر بکەم، لەکاتێکدا خۆمان زروفمان ناسکە هەلومەرجی ئێستاش بۆ ئەو مەبەستە گونجاو نییە. دووەمیشیان زۆر خەونی شاعیرانەش هاتوونەتەدی. 
هەروەها وتی: ئێوە هەقی منتان نەبێت چی دەڵێم و چی ناڵێم لەوبارەیەوە، بڕۆن لەگەڵ نووسەران و ئەدیبان و شاعیران و رێکخستنەکان، لەناو جەماوەر هۆشیاریی میللی و نیشتمانی و کوردایەتی راستەقینە بڵاوبکەنەوە و هزری خەڵک بەوە پڕبکەن کە ئێمەش وەکو میللەت مافی خۆمانە ئازاد بین و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان هەبێت.

وتارەکانی نوسەر