دۆزەخێک دەکرێت ببێتە بەهەشت

09:45 - 2025-01-08
د. بێستون سابوراوایی
201 خوێندراوەتەوە

د.بێستون سابوراوایی


کورد بەسەر چەند وڵاتێکدا دابەشکراوە و هەرگیز ئەمەش جێگای رەزامەندی کورد نەبووە، چونکە دابەشکردنەکە ستەمکارانە و زۆرداری بووە. ئەوەش هەر لەسەرەتاوە نیگەرانی و ناڕەزایی لە هەناوی مرۆڤی کورددا چاندووە و پشکۆی یاخیبوونی لە بەرامبەر یاساکانی وڵاتی داگیرکەر لە کەسێتی قارەمانانەی خۆیدا گەشاندووەتەوە.
ئەو وڵاتانەی کوردستانیان ژێردەستە کردووی، مێژوویەکی خوێناوییان لەگەڵ کورددا تۆمارکردووە.

بۆچی دەبێت فەرمانڕەواکان بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانیان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خۆیان و گەلەکانیان بیر لە پاکتاوکردنی رەگەزی و لەناوبردنی گەلان و نەتەوەکانی تر بکەنەوە؟

 

دەوڵەتی سەفەوی ئێران و عوسمانی تورک، مێژووی سەدان ساڵی ئەو خوێنڕشتنەیان لە ئەستۆیە و عیراق و سوریاش بەهەمان شێوە.
ئەگەر بەوردی داتا و ئەژماری قوربانییەکان لە کورد و سوپاکانی ئەو وڵاتانە کۆبکرێتەوە، ئەوا ژمارەیەکی زۆری چەند ملیۆنی دەکات، هەروەها ئەگەر کۆی بودجەی تەرخانکراوی ئەو وڵاتانە دەربهێنین، ئەوا بڕی ملیاران دۆلار بەنرخی ئێستا دێتە سەر پەڕەی حسابات. ئەگەر کۆی توانا مرۆییەکان لە رووی زانست و پەروەردە و خزمەتگوزارییەوە لەبری لەناوبردنیان هەر لە کۆنەوە تاکو ئێستا ئەژمار بکرێت، ئەوا ئەو وڵاتانە بە جۆرێک دەگەیشتنە گەشەکردن و باڵادەستیی زانستی و پەروەردەیی کە وەکو موعجیزە خۆی دەنواند..
هەرکاتێک لەو مێژووە خوێناوی و کارەساتبارە بکۆڵینەوە، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە لە کۆتاییدا گەلانی سەردەست و گەلی کوردی ستەمدیدە بە دوو ئاڕاستەی هاوتەریب زیانمەند بوون! هەروەها دەگەینە دەرەنجامێکی تری گرنگ، ئەویش ئەوەیە کە کێشە سەرەکییەکە لە چۆنێتی بیرکردنەوەی دەسەڵاتداراندایە لە رووی فەلسەفەی حوکم و بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە کە ئایا بۆچی دەبێت فەرمانڕەواکان بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانیان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خۆیان و گەلەکانیان بیر لە پاکتاوکردنی رەگەزی و لەناوبردنی گەلان و نەتەوەکانی تر بکەنەوە؟ ئەی باشە بۆچی بیر لەوە ناکەنەوە دەسەڵاتی رۆحی و کاریزمایی دادپەروەرانە لەناو میللەتەکانی خۆیان و گەلانی تریش دا پیادە بکەن و لە بری سەپاندنی حوکمی دڕندانە و خوێنرشتن لەناو دڵی گەلانی سنووری وڵاتەکانی خۆیاندا جێگای بکەنەوە و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ خۆیان و میللەتانی ژێردەستەیان دابین بکەن و ئیتر شوێن پێیەک بۆ ژێردەستەیی و ستەمکاریی نەهێڵنەوە؟.
هەربۆیەش دەبینین ئەو دەسەڵاتدارانەی گەلی کورد دەچەوسێننەوە دۆزەخێکیان بۆ خودی خۆیان و میللەتەکانیان و میللەتی کوردیش داخستووە کە هەرگیز نە خۆیان ئاسوودە دەتوانن بژین، نە رێگەش دەدەن میللەتی کورد بە ئاسوودەیی لەسەر خاك و ماڵی خۆی گوزەران بکات.
رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی نیشتمانپەروەری کورد، هەمیشە وتوویانە و پێداگریشن لەسەری و بەڕووی دەوڵەت و دەسەڵاتە  چەوسێنەرەکانی گەلی کورددا بڵێن: کاتی ئەوە هاتووە ئیتر بیر لە ژیانی میللەتەکان بکەنەوە و چیتر خوێنڕشتن و ماڵ کاولکردن دادیان نادات، بەسە چیتر لەژێر ناوی جیاجیادا نەتەوەی ئاشتیخوازی کورد بە تیرۆریست و شەڕانگێز و خوێنحەڵاڵ تاوانبار مەکەن، لە کاتێکدا خۆتان هەموو سیفەتەکانی دڕندەیی و تیرۆر و خوێن خۆریتان تیادایە! چی تر کوڕان و کچانی کورد گوللەباران مەکەن، چیتر ژن و منداڵی کورد زیندەبەچاڵ مەکەن، چیتر رەز و باخی کوردستان مەسوتێنن و ناسنامەی نەتەوەییمان ژێرپێ مەخەن.
لاوەکانتان بەدەستی شێرە کوڕان و شێرە ژنانی کورد بە کوشتن مەدەن!. وەرن با  پێکەوە بە ئارامی  بژین، با رێز لە مافی یەکتر بگرین بۆ ژیان، با ئیتر ماڵ و موڵک و دارایی وڵات بۆ کوشتن و کڕینی چەک و بارودی  سوتێنەر و قڕکەر بەهەدەر نەدرێت، با ئیتر پلانی گەشەپێدانی ئابووری و سوودوەرگرتن لە توانا مرۆییەکانی گەلەکانمان دابڕێژین.
با ململانێکانی نێوانمان لە دوژمنکارانەوە بگۆڕین بۆ ململانێی بنیاتنانی باشترین هۆکارەکانی بەرهەمهێنان و خوڵقاندنی باشترین کاڵا و خزمەتگوزاریی بۆ میللەتەکانمان، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئەم دۆزەخە بگۆڕین بۆ بەهەشت-هەموومان پێکەوە.

وتارەکانی نوسەر