••لەهەر گۆشەنیگایەکەوە بمانەوێت خوێندنەوەی دروست و واقیعی و ئەکادیمی بۆ شەهید ئارام بکەین لە دوائەنجامدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو سەرکردە گەنجە جوانەمەرگە بیرمەندێکی خاوەن فیکر و دیدگا و جیهانبینی زانستیانەی خۆی بووە کە بۆ ڕێکخراوی (کۆمەڵەی مارکسی _ لینینی کوردستان)ی ئەوسا و (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) لە دواتردا بوو بووە تیۆریزیان و بەرنامەداڕێژەری کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی و ڕۆشنبیریی فەلسەفی شۆڕشگێڕیی و شێوازی فەرماندەییکردنی پێشمەرگە سەرەتاییەکان و پاشانیش هێزی پێشمەرگەی کوردستان..
•• یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی کاری پەیوەندیکردن بە تاک و کۆمەڵگاوە بریتی بوو لە هونەری خۆگونجاندن و گونجان لەگەڵ ئەوانەدا کە لەگەڵتدا ناگونجێن، بەتایبەتیش لە سەر دوو ئاست:
یەکێکیان ، لەناوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ،کە پێکهاتەی یەکێتی لەسەر یەک فیکری فەلسەفی هاوبەش دانەمەزرابوو، گەرچی دیدگای نەتەوەیی و بەرنامەی کاری شۆڕشگێڕانەی یەکێتی بەرنامەیەکی یەکگرتوو بوو و لەلایەن سەرۆک مام جەلالەوە داڕێژرابوو بەڵام لەڕووی هێڵی فەلسەفیەوە جیاوازی لە دیدگاکاندا هەبوو لە ناو یەکێتیدا..شەهید ئارام لەم بوارەدا بەبێ ئەوەی سەودا لەسەر باوڕە فەلسەفیەکانی بکات هەوڵی ئەدا بەو جۆرەی ئەو ڕۆژگارە دەیخواست لەناو یەکێتی و تەواوی شۆڕشگێڕاندا هونەرێکی مامەڵەی لەسەرخۆ و قەناعەتهێن پیادە بکات و مەودایەکی گونجاویشی بۆ ئەوانە دەهێشتەوە کە دژی فیکر و بیرکردنەوەی ئەو بوون و لەگەڵیدا نەدەگونجان ، بەڵام ئەو هەر هەوڵی ئەدا پانتایی گونجان لەگەڵیاندا فراوان بکات و لە هەڵسوکەوت و دەربڕینەکانیشیدا لەو سنورانە تێنەپەڕێت کە ئەوانیتر وەکو هێڵی سور بۆخۆیان لێیاندەڕوانی..
ئەوی تریان ، لە دەرەوەی یەکێتی ، ئەویش چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ خەڵکدا.لێرەدا هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانێت ئەوە وێنا بکات کە کادرێکی حیزبی و سیاسی خاوەنی ڕۆشنبیریەکی قوڵی زاخاودراو بە فەلسەفەی مارکسی ـ لینینی کاتێک دەچێتە ناو خەڵک لە شارەکان و بەتایبەتیش لەکاتی کاری پێشمەرگانە لە شاخ و لەناو دانیشتووانی گوندەکان و لە ناوەندە ئایینی و پەرستگاکاندا ، لەگەڵ کرێکار و جوتیار و مامۆستای ئایینی و خەڵکی رەشوڕووتی کوردستان بەگشتی چۆن مامەڵە بکات و خۆی لەگەڵیاندا بگونجێنێ و دواتریش بڕوای پێ بهێنن و دەرس لە وتەکانی وەربگرن و بە برا و باوک و مامۆستای خۆیانی بزانن!!.
•• شەهید ئارام دەیگووت؛( ئەوە هیچ هونەرێکی تیادا نیە لەگەڵ ئەوانەدا بگونجێیت کە خۆیان لەگەڵتا بە ئاسانی ئەگونجێن، بەڵکو هونەر لەوەدایە چۆن ئەتوانیت بەوپەڕی هێمنی و ئارامیی و دانبەخۆداگرتنەوە لەگەڵ ئەوانەدا بگونجێیت کە لەگەڵتا ناگونجێن و بگرە سەرسەختانە دژایەتیشت ئەکەن..!)..
2025/1/30