گێڕانەوەی موڵک و ماڵ

09:55 - 2025-01-23
د. بێستون سابوراوایی
74 خوێندراوەتەوە

د.بێستون سابوراوایی

سەبارەت بە پەسەندکردنی سێ پرۆژە بڕیار وەکو یەک پاکێجی پەسەندکراوی کورد و شیعەی عەرەب و سوننەی عەرەب لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، هەندێ کەس بەبێ لێکدانەوەیەکی ستراتیجی، زۆر کورتبینانە لێی دەڕوانن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە پرۆژەکەی شیعەکانەوە هەیە سەبارەت بە تەمەنی یاسایی بەشوودانی کچان و پێیانوایە کورد واز بهێنێت لە گێڕانەوەی موڵک و ماڵ و زەوی و مافەکانی خۆی کە بەپێی بڕیارەکانی مەجلیسی قیادە سەورەی بەعس لێی زەوتکرابوو، ئەوان دەڵێن دەبێت کورد لە پێناو رەتکردنەوەی پڕۆژەی شیعەکان دەست لە مافەکانی خۆی بەربدات!.
دیارە زۆرێک لە رەخنەگرە کوردەکان کە هەندێکیان وەکو چالاکوانیش خۆیان دەنوێنن، ئاگاداری ئەوە نین کە شیعەکان سەدان ساڵە ئەو پرۆژەیەی خۆیان جێبەجێ کردووە دوور لە هۆڵەکانی دادگا، بەڵام ئێستا نە شیعە و نە سوننە  ئامادەنابن دەنگ بە پرۆژەکەی کورد بدەن، ئەگەر کوردیش دەنگ بە پڕۆژەکەی ئەوان نەدات.
کەواتە  پەرلەمانتارانی کورد چی بکەن لەم هەڵوێستە چارەنووسسازەدا؟!
هەڵوێستی راستەقینە تەنها بریتییە لە کارکردن بۆ بردنەوەی پرۆژەکەی خۆیان کە سوودی کورد و تورکمانی کەرکوک و ناوچەدابڕاوەکانی تیایە و سوودی بۆ عەرەبی هەندێ شوێنی تری ناوەڕاست و خوارووی  عیراقیش تیادایە کە رژێمی سەدام سەروەت و ماڵ و موڵک و زەوییەکانیانی زەوتکردبوو و بەخشیبووی بە بەعسییەکان و ئەمن و ئیستیخبارات.

وتارەکانی نوسەر