داستانی 16ی ئۆکتۆبەر، مێژوویەکی پڕ لە قارەمانێتی

10:02 - 2024-10-16
د. بێستون سابوراوایی
156 خوێندراوەتەوە

د.بێستون سابوراوایی



کە باسی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دەکرێت، ناکرێ  حەقیقەتەکانی وابەستە بە رووداوەکان باس نەکرێت و تەنها بە چەند کەرەسەیەکی میدیایی چەواشەکارانە هەڵسانگاندنی بۆ بکرێت و بەشێوەیەکی دیمۆگۆجیانەی گومڕاکەر قەوانە سواوەکە لێبدرێت و  لایەنێکی کوردستانی خۆی لە لێپرسراوێتی ئەخلاقی هۆکارە بنەڕەتییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ روودانی ئەو کارەساتە، لەکاتێکدا هۆکاری بنەڕەتی هەر خۆیەتی. 
دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێکی سیما دەرکەوتووەکانی ئەو بابەتە هەستیارە بدەین:
1- کاتێک سەرانی پارتی بەبێ توێژینەوە و هەڵسەنگاندن، بڕیاری پێداگیرانەی خۆیان دا بۆ بەڕێوەچوونی ریفراندۆم، دەوڵەتانی جیهان و لەسەروو هەموویانەوە ئەمریکا بەتوندی ئەوانی ئاگادارکردەوە کە پەلەنەکەن و بابەتی ریفراندۆم هەڵگرن بۆ کاتێکی تر، ئەمریکاش بەپێی نامەکەی تیلەرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، بەڵێنیان دابوو کە ئەگەر تەنها بۆ یەک ساڵ ریفراندۆم دوا بخرێت ئەوا ئەمریکا خۆی پشتیوانی هەموو مافەکانی گەلی کورد دەکات لە عیراقدا و رازیبوونی عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی بۆ مسۆگەر دەکات، بەڵام سەرانی پارتی گوێیان بەوە نەدا و وتیان ئەگەر حیزبەکانی تریشمان لەگەڵدا نەبێت ئێمە هەر ریفراندۆم دەکەین  و خەڵکی کوردستانیشیان بەناوی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی تووشی ئیحراجی کرد و هاووڵاتیانیان تووشی بڕیاردانێکی ویژدانیی سەخت کرد، چونکە دەنگی ناڕازی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی و وڵاتانی دەوروبەر و عیراقیش هەمووانی تووشی دڵەڕاوکەی ئەنجامە دیارەکانی ریفراندۆم کرد.
هەر ئەوسا کەسایەتییەکی زۆری ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەوڵیاندا قەناعەت بە سەرانی پارتی بکەن بۆ ئەوەی حساب بۆ نامەکەی تیلەرسۆن و ناڕەزایەتییەکان بکرێت، بەڵام ئەوان هەر سوور بوون لەسەر کردنی کە کراش مەحکەمەی ئیتیحادی عیراق داوای سڕکردنی ئەنجامەکانی ریفراندۆمیان کرد و ئاماژەی ئەوەیان راگەیاند ئەگەر ریفراندۆم سڕنەکرێت، هێزەچەکدارەکانی عیراق هێرش بۆ کەرکوک  و ناوچە کوردستانییەکان دەکرێت، کەچی گوێ بەوەش نەدرا.
ئێران  و تورکیاش هەڕەشەی داخستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد و جێبەشێیان کرد.
2 - لە 16ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا و دوای 21 رۆژ، لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم، هێرشی عیراق دەستی پێکرد، چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکان سەرۆک بافڵ زۆر هەوڵیدا سەرۆکایەتی پارتی و لیژنەی باڵای ریفراندۆم ئەنجامەکانی سڕ بکەن و کوردستان لەو کارەساتە گەورەیەی بەڕێوە بوو رزگار بکرێت.
3- کە هێرش کرایە سەر کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان، تەنها پێشمەرگەکانی یەکێتی بەرگرییان کرد و دەیان شەهیدیش لەوپێناوەدا درا، پڵنگە ئازاکانی یەکێتی  لە پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانی تری ژێر دەسەڵاتی یەکێتی، داستانێکی قارەمانانەیان تۆمار کرد بەجۆرێک دەبابە و زرێپۆش  جەستەی پیرۆزی پێشمەرگەی لە سەنگەردا دەشێلا.
4- لەبەر نابەرامبەری هێزی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانی عیراق، هێزی پێشمەرگە پاشەکشەی کرد بۆ ناو کەرکوک و ژمارەیەکی زۆریان لەگەڵ فەرماندەکان و ئۆرگانە حزبییەکانی یەکێتی ئازایانە مانەوە و شارەکەیان چۆڵ نەکرد تا ئاگەربەست راگەیەنرا.
5 - مانەوەی یەکێتی لە شاردا و پاشانایش گەڕانەوە بۆ ناو شارەکانی تری ناوچە کوردستانییەکان، ورە بەرزی و گیانفیدایی و کوردستانپەروەری ی.ن.ک ی سەلماندەوە، لە کاتێکدا لێپرسراوانی حزبی و حکومی و هێزی پێشمەرگەی پارتی پاشەکشەیان کرد بۆ هەولێر و ناوچەکانی تر و خەڵکەکەیان بەجێهێشت بۆ بەردەم هەموو ئەگەرە نەخوازراوەکان.

 

مانەوەی یەکێتی لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان، بوو بە رێگرێکی پۆڵایین لەبەردەم ئاوارەبوونی خەڵک و بەعەرەبکردنێکی نوێ

6 - مانەوەی یەکێتی لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان، بوو بە رێگرێکی پۆڵایین لەبەردەم ئاوارەبوونی خەڵک و بەعەرەبکردنێکی نوێ. 
هەر ئەو ئازایەتی و جەربەزییەش بوو دەنگی کوردستانیانی کەرکوکی خستەپاڵ بەرنامەی یەکێتی بۆ دووبارە گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ دەستی کورد. بەڵام سیاسەتی بەزییوی پارتی بە درێژایی حەوت ساڵ تا 2024 تەنها لە دەوری خۆهەڵکێشان و سیناریۆی درۆ و چەواشەکاری دەخولایەوە و کاریان لەسەر ئەوە دەکرد کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان بە ناوچەکانی پارێزگای موسڵیشەوە، ئەگەر لە دەست پارتیدا نەبن، ئەوا نابێ بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی کورد و بەهیچ جۆرێکیش نەکەوێتە دەست ی.ن.ک و رۆڵە دڵسۆز و ئازا و نەبەزەکانی ئەو ناوچانە.

وتارەکانی نوسەر