بوون، مەعریفەیەو مەعریفەش بوون

09:49 - 2024-06-03
ئارام عه‌لی عه‌زیز
684 خوێندراوەتەوە

دیارە بوون، مەعریفەیە و مەعریفەیش بوونە (الوجود معرفە والمعرفە وجود)، بنەمای مەعریفەیش پرسیارە، بەو واتایەی، دایكی زانین و مەعریفەت پرسیارە، كە وەڵامی لێ لە دایك دەبێت، ئەویش زانیاری و زانینە. خوداوەندی حیكمەت و مەعریفەیش لە ئەكەدیدا ناوی (ئیا یان ئەیا) یە. هەورامیەكان بە دایك دەڵێن (ئەیا)، كە شوێنی لە دایكبوونە، دیارە (ئایە یان ئایا) ش ، لە زمانی كوردیدا رەمزی پرسیارە، كە مەعریفەی لێ لە دایك دەبێت. لە بەر ئەوە بە راستی نوێنەرایەتی ماڵی قووڵ دەكات، (قووڵبوونەوە و بەدەستهێنانی مەعریفەت). لە هەندێك شوێنی دیكەیش بە دایك دەڵێن (یایە / دایە). بێگومان ئەو ناو لێنانەیش سودفەو بێ بنەما نیە، بە تایبەت كە سەرزەمینی كوردستان و عیراق  لانكەی یەكەمین شارستانیەت بووە. تەنانەت خەلقی حەزرەتی ئادەمی موعجیزەیش وەكو وەڵامێك بۆ گێژاوی سەرسوڕمانی گەورەی فریشتەكان و جن و (بەشەر) ەوە هاتەئاراوە، كە پرسیار بوو لەوەی، ئایا ئێمە كێین؟ كێ دروستی كردووین؟ نهێنی بوون و وجودمان چیە؟ وەڵامی ئەلكەون لە شێوەی خەلقی ئادەم لە گڵ و باڵابوون پێدانی لاهوتیی رەهادا هاتەوە. ئەو رووداوە بەر لە یازدە هەزار ساڵا و لەسەر ئەم زەمینەو بە دیاریكراوی لە بەهەشتی ئادن و بە ئامادەبوونی بەهائی خودا روویدا، كاتێك فریشتەكان دەوری پارچەیەك قوڕیان دا، كە بە هۆی سموی ئیلاهیەوە كەوتە لەرزین و روحی هاتەبەرو ئادەمی باوك و گەورەمان (د.خ) كڕنووشی بۆ خودا (جل جلاله) برد.

 

 

دیارە بوون، مەعریفەیەو مەعریفەیش بوونە،  بنەمای مەعریفەیش پرسیارە، بەو واتایەی، دایكی زانین و مەعریفەت پرسیارە، كە وەڵامی لێ لە دایك دەبێت

 

 

سوقرات دەیگوت: من هیچ نازانم، تەنها پرسیار دەكەم. كەواتە پرسیار بنەمای مەعریفەیە، ناسینی خودایش بە پرسیار دەستپێدەكات، لەوەی كە مرۆڤ بپرسێت، ئایا ئێمە كێین؟ لە كوێوە هاتوین؟ كێ ئێمەی خەلق كردوە؟ بۆچی هەین؟ ... هتد.. كە خۆت ناسی، هەموو شتێك دەناسی، كە خۆت ناسی، ئینجا خودا دەناسی. لەو بارەیەوە حەرزەتی محەممەد (د.خ) فەرمویەتی:  ئەوەی خۆی بناسێت، ئەوە خودا دەناسێت (من عرف نفسه فقد عرف ربه) ئەفلاتونیش دەڵێ: ئەوەی خۆی بناسێت، دەبێتە خوداوەند(من عرف نفسه تأله)، دیارە خوداوەندیش ناكاتە خودا، بەڵكو بە واتای ئەو ئینسانانە دێت، كە ئینسانی موئەلەهن، هەڵبەت ئەمانەش پێغەمبەرەكان و كەسانی دیكەی قووڵبوەوەن لە خود ناسیی و خودا ناسیدا. كەواتە  بوون مەعریفەیەو مەعریفەیش بوون ، چونكە بە بێ مەعریفە، ئینسان ناكەوێتە ناو عیبادەتی راستەقینەوە.لەبەر ئەوەش سوقرات دەیگوت، بە خۆت خۆت بناسە (اعرف نفسك بنفسك).

وتارەکانی نوسەر