هەوێن

گەنمی کوردستان و پارەی بەغدا

10:26 - 2024-06-05
نەرمین عوسمان
512 خوێندراوەتەوە

نەرمین عوسمان


بەرهەمی گەنمی ساڵی 2024ی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆنە، ئەو بڕە زۆرە و کوردەواری واتەنی «ماشەڵڵا و خەرمان بەرەکەت»ی دەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانیی زۆر هەیە سەبارەت بە ساغنەکردنەوەی و پێدانی رەهەندێکی سیاسیی بە کێشەکە و بێدەربەستیی بەغدا سەبارەت بە بەرهەم و رەنجی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
پاساوی بەغدا ئەوەیە پارەی تەرخانکراو بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیاران بەش ناکات، بۆ ئەوەش بەغدا کەوتووەتە مامەڵەیەکی ناهاوسەنگەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، سەرەتا پێشنیازی کڕینەوەی 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کوردستانی کردووە، دواتر و دوای بێنەوبەردەی زۆر، بڕەکە بۆ 700 هەزار تۆن بەرزکراوەتەوە، کەچی هێشتا کەمتر لە نیوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانە، نیگەرانییەکە لێرەوە دەستپێدەکات.
پێویستە لەسەر دوو ئاست قسە لەسەر ئەو کێشەیە بکرێت بەم شێوەیە:
یەکەم: سەرەڕای کێشە و کەموکوڕیی زۆر و کەم توانایی بۆ گەیشتنە ئاستی دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆ، بەڵام گەنمی باش بەرهەمهاتووە، بەتایبەتی لەلایەن جووتیارانی کوردستانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم و عیراق دەستەوەستانن لەئاست ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی ئەو کێشەیەدا، دوور نییە جووتیارانی کوردستان دڵسارد ببنەوە لە بەرهەمهێنانی زیاتر و بەوەش زیانی زۆر بەر ئابووری و کەرتی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان بکەوێت.
دووەم: لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا عیراق گەنم و ئارد هاوردەی وڵاتەکەی دەکات و نەیتوانیووە خۆی ببێتە خاوەن کارگەی تایبەت بە خۆی و گەنمی ناوخۆیی ساغبکاتەوە و جۆرەها بەرهەمی لێ دروستبکات.
ئەوە یەکێکە لە گرفتە هەرە سەرەکییەکانی سەر رێگەی کەرتی بووژانەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و کشتوکاڵیی عیراق و پێویستە بیر لە چارەسەرکردنی بنەڕەتی بکرێتەوە بۆ ئەو پرسە، بەپێچەوانەوە زیانی زۆر بە جووتیاران و کەرتی کشتوکاڵ دەگەیەنێت.


کاتێک  جووتیاران بێهیوا دەبن لەوەی سەرجەم بەرهەمەکانیان لێ وەربگیرێت، پەنا دەبەنە بەر فرۆشتنی لە بازاڕی رەشدا، بەوەش دەرفەتی قۆرخکاری بە نرخەوە دەڕەخسێت

زانیاریی راگەیاندنەکان باس لەوە دەکەن کاتێک جووتیاران بێهیوا دەبن لەوەی عیراق و کوردستان سەرجەم بەرهەمەکانی جۆ و گەنمیان لێوەربگرن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر فرۆشتنی لە بازاڕی رەشدا، بەوەش دەرفەتی قۆرخکاری و یاریکردن بە نرخەکەی دەڕەخسێت، دواتریش لە پرۆسەی ناشەفافی تردا ئەو گەنمانە لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی عیراقەوە دەکڕدرێنەوە و زەرەرمەندی یەکەمیش خەڵک و جووتیارانن و جێی خۆیەتی رێگە لەو کارە ناڕەوایە بگیرێت.
ئەگەر هەندێک واقیعییانە سەیری بکەین، چارەسەری بنەڕەتی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بیگرێتەبەر، ئەویش بە کڕینەوەی بەرهەمی جووتیاران و بەکارهێنانی لە کارگە ناوخۆییەکاندا بۆ دروستکردنی ئارد و زۆر بەرهەمی دیکە، هەروەها دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ هەناردەکردنی وەکو چۆن بینیمان ساڵی رابردوو هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵیی هەناردەی وڵاتانی تر کران.

وتارەکانی نوسەر