بێلایەنیی سوید و ئاسایشی نەتەوەیی

10:32 - 2022-05-19
‎‎سۆزان حەمە تاتە
365 خوێندراوەتەوە

ماگدالینا ئەندێرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید رایگەیاند، وڵاتەکەی داواکاریی بۆ بوونە ئەندام لە رێکخراوی باکووری ئەتڵەسی- ناتۆ پێشکەش دەکات، وەکو میکانیزمێک بۆ پاراستنی سوید لە ھەڕەشە سەربازی و داگیرکارییەکان. 
لە ماوەی ساڵانی رابردوو، سوید وڵاتێکی بێ لایەن بوو لە پێناوی رێگەگرتن لە تێوەگلان لە شەڕ و ململانێکان، بەڵام ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دۆخ و ھەڵوێستی سویدی گۆڕی لە بێ لایەنییەوە بە ئاراستەی بوون بە ئەندام لە ناتۆ.
 ئەو ھەڵوێست و سیاسەتە نوێیەی سوید مەترسیشی ھەیە، بەڵام لێرەدا ئاسایشی نەتەوەیی گرنگی زیاتری لە مەترسییەکان ھەیە، تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەش پشتیوانیی ھەڵوێستی حکومەت دەکەن و مەترسییەکان لەپێش چاو دەگرن. 
کاردانەوەی روسیا توند دەبێت، پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا بە کارێکی ھەڵە ناوی برد و وتیشی بێ وەڵام نابێت، ھەروەھا سەرۆکی روسیاش ئەوەبوو کە وەڵامی توندیان بۆ سوید و فینلاند دەبێت ئەگەر ببنە ئەندام لە ناتۆ.
 ھەڕەشەکان چەند گەورە و مەترسیداربن، نابنە رێگریی لە داواکاریی سوید بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ، ئەوە پەیوەندیی بە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە ھەیە، بۆیە سوید ئەو داواکارییە پێشکەشدەکات و ھیچ ئاماژەیەک بۆ پاشگەزبوونەوەی نییە. 
سوید زۆرینەی مەرجەکانی بوونە ئەندام لە ناتۆی تێدایە، ئۆکرانیا وا نەبوو، بۆیە ھەم قبووڵ نەکرا و ھەمیش تووشی شەڕ و کارەسات بوو. 
پڕۆسەکە بۆ سوید ئاسانتر دەبێ، سوید بشبێتە ئەندامی ناتۆ بۆ خۆپاراستنە نەک بۆ ئەوەی ببێتە گۆڕەپانی شەرفرۆشی، روسیا ھەر کاردانەوەیەکی سەربازیی ھەبێت، خۆی تووشی کاردانەوەی توند دەکات، پێویستە ھەموولایەک تێبگەن سوید و ئۆکرانیا جیاوازن، باشترە روسیا خۆی نەخاتە ھەڵەی کوشندەوە، رەنگە ئەو گەلەکۆمەکێیەی لە روسیا بکرێت بۆ داکۆکی لەو دوو وڵاتە واتا سوید و فینلاند، جیاواز بێت لەوەی کە ئێستا بۆ ئۆکرانیا دەکرێت.

وتارەکانی نوسەر