کۆمێنت

سەرۆكی هێژا

11:33 - 2022-05-19
شیرین. ک
434 خوێندراوەتەوە

لە دەفتەری ساڵی 2018دا یەكێك لەو كتێبانەی خوێندوومەتەوە كتێبی سەرۆكی هێژا-یە كە دلاوەر قەرەداغی لە سویدییەوە وەریگێڕاوە بۆ كوردی، كتێبێكی قەبەیە 557 لاپەڕەیە، یاداشتانامەی شاعیرێكی كۆریای باكوورە، كە لە رژێمەكەی كیم جۆنگ ئون هەڵدێ بەرەو كۆریای باشوور، خوێندنەوەی یاداشتنامە چێژێكی زۆری هەیە، چەند درێژیش بێت خوێنەر وەڕس نابێت، منیش یەكێكم لەوانەی زۆر حەزم لە خوێندنەوەی یاداشتنامەیە، بێگومان هەموو یاداشتنامەیەك نا، چونكە نووسینی یاداشتنامە هونەرێكی تایبەتە بەخۆی تێكەڵییەكە لە چیرۆك و مێژوو، نووسەرەكەی دەبێت ئەو باڵانسە راگرێت لە نێوان هەردووكیاندا.
دە لاپەڕەیەك زیاترم لەبارەی كتێبەكەوە نووسیوە و دواجار ئەو تێبینییانەم  بووە بە خوێندنەوەیەك بۆ كتێبەكە و بڵاومكردۆتەوە: (كاتێك تراژیدیای گەل و وڵاتێك دەخوێنینەوە و دەزانین ئەم رووداوانە لە رابردوودا روویانداوە و تەواو بوون، ئەو گەلە ئەو بارودۆخەیان تێپەڕاندووە، ئەمە تەواو جیاوازە لەوەی بزانین ئەو تراژیدیایە بەردەوامە، بەسەرهاتی گەلی كۆریای باكوور وەكو لەم كتێبەدا دەیخوێنینەوە تراژیدیایەكی هێند ترسناك و قورسە مەگەر مرۆڤی وەكو ئێمەی خەڵكی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و كوردستان باوەڕی پێبكەین، رەنگە خەڵكانی وڵاتانی مەدەنی بە موبالەغەی دابنێن. رۆژانە هەواڵە سەیر و سەمەرەكانی كۆریای باكوور تووشی شۆكمان دەكەن، هەواڵەكان هێند سەختن كە ناچار مرۆڤ دەیانكاتە نوكتە، بەڵام ئەم كتێبە لە هەموو هەواڵ و راپۆرتەكان ئاشكراتر و وردتر بارودۆخی ئەو وڵاتە راڤە دەكات، چونكە یاداشتنامەی كەسێكە لەناو دەسەڵات و دەستەبژێری سەرۆكەوە هەڵاتووە، وێنای كۆمەڵگەیەكمان بۆ دەكات كە مرۆڤ تیایدا بەردەوام پڕۆژەیەكە بۆ مەرگ.) 
پار لە تۆڕی نیتفلێكس بە فیلم و درامای كۆریای باشوور ئاشنا بووم، لە هەندێك لەو درامایانەدا ئاماژەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی تیایە بۆ دابەشبوونی كۆریا بەسەر دوو رژێمدا كە وەك  برینێكی قووڵ وایە لە نەستی مرۆڤی كۆریدا، یەكێك لەو درامایانە لە رێی خۆشەویستی نێوان كوڕێكی باكوور و كچێكی باشوورەوە لێكەوتەكانی ئەو دابەشبوونە باسدەكات.

وتارەکانی نوسەر