نۆ مانگی چارەنووسساز لە سکی دایکدا

11:33 - 2024-06-24
مەحمود شێرزاد
217 خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد


 

ئەگەر کەسێک دەیەوێ لەڕووی جەستەییەوە منداڵێکی ساغ  و بەهێزی لێ لەدایک بێ، دەبێ گرنگی بەو خاڵانە و بە تایبەت خۆراک و خواردنەوە و هەناسە بدا



هیچ کەس ئەو نۆ مانگەی ناو سکی دایک بە تەمەن ژمێرە ناکا. ئەو نۆ مانگەی ناو سکی دایک لەڕووی جەستەییەوە بەردی بناغەیە و زۆر چارەنووسسازە، یانی بەشێکی هەرە سەرەکی لەشی منداڵ لەڕووی هێز و قەبارەوە لەو نۆ مانگەدا دادەڕێژرێ، بۆ نموونە منداڵێک بە لەشێکی بەهێزەوە لە دایک دەبێ، یەکێک بە جەستەیەکی لاوازەوە پێ دەنێتە سەر زەوی، منداڵێک بە نەخۆشییەکەوە دێ و یەکێک بە لەشساغییەوە و...هتد.
هاوتەریب لەگەڵ (DNA) ئەو خاڵانەی خوارەوە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر چارەنووسی جەستەیی منداڵ هەیە، یەکەم: دایکەکە خۆی لە دڵەڕاوکێ و تووڕەیی و نائارامی بپارێزێ، دووەم: ئەو خۆراکانە بخوا کە خاوێن و دەوڵەمەندن بە پڕۆتین و ڤیتامین و ریشاڵ و کانزاکان، سێیەم: شەوان زوو بخەوێت و بەیانیان زوو لە خەو هەستێ، چوارەم: رۆژانە کار و چالاکییەکانی خۆی جێبەجێ بکا، پێنجەم: دەبێ هەناسەی کامڵ بێ، یانی هەموو سییەکانی پڕ بێ لە هەوا، شێوازی هەناسەی بە لووت بێ و بە ئارامی و بە قووڵی هەناسە هەڵمژێ، لە کاتی وەرزشیشدا ئاگادار بێ قەت هەناسەی رانەگرێ.
ئەم پێنج خاڵە لە کاتی دووگیاندا یەک لە یەک گرنگترن، بەڵام لێرەدا تەنیا لەبارەی یەک خاڵیان بە کورتی قسە دەکەین. لە ماوەی رابردوودا لە پزیشکێکم بیست کە منداڵێکیان هێناوەتە لای بە هۆی ئەوەی میوەی خواردووە تووشی شەکرە بووە! ئەویش ئەو بابەتەی کردۆتە بەڵگەی خراپبوونی میوە، ئایا ئەمە راستە؟ منداڵ بە میوە تووشی شەکرە دەبێ؟ یان منداڵی تووشی شێرپەنجە و جەڵدە دەبێ؟ هۆکارەکە چییە کە جاروبار ئەو حاڵەتانە لەناو منداڵاندا دەبینین؟
لە پزیشکی یۆگا و پزیشکی کۆنی ئایورڤێدادا دەڵێ: (نەخۆشی شەکرە و شێرپەنجە و حاڵەتی جەڵدە ئەگەریش لە کەسێکدا روو بدەن دەبێ لە دوای پەنجا ساڵییەوە روو بدەن، واتە کەسێک کە خراپ ژیا بێ، لە پرۆسەیەکی چەندین ساڵەدا بواری تێدا لەبار بووبێ بۆ ئەم نەخۆشیی و حاڵەتانە ئینجا تووش دەبێ. ئەگەر منداڵێک تووشی شەکرە یان تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بوو، جگە لە کاریگەریی (DNA) ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئەو کاتەی جەستەی منداڵەکە لە سکی دایکیدا لە دروستبووندا بووە، دایکی خۆراکی بەسوودی نەخواردووە تا ئەندامەکانی لەشی منداڵەکە بۆ نموونە جگەری بە بەهێزی دروست بێ، واتە ئەو ئەندامانەی لەشی خۆراک و وزەی پێویستیان پێنەگەیشتووە تا جگەرێکی بەهێزی هەبێ، بۆیە دوای لە دایکبوونی منداڵەکە جگەری لاواز دەبێ و بە هۆی لاوازی جگەرییەوە هەر لە منداڵییەوە تووشی شەکرە دەبێ نەک بە هۆی خواردنی میوە و ...هتدەوە).
کەواتە ئەگەر کەسێک دەیەوێ لەڕووی جەستەییەوە منداڵێکی ساغ  و بەهێزی لێ لەدایک بێ، دەبێ گرنگی بەو خاڵانە و بە تایبەت خۆراک و خواردنەوە و هەناسە بدا، بەڵام کەسایەتی ئەقڵی و دەروونی منداڵ لە حەوت ساڵی یەکەمی تەمەنیدا دروست دەبێ، لەو تەمەنەشدا جگە لە خۆراکی باش، منداڵ پێویستی بە دایک و باوک و ژینگەی باش هەیە. 

وتارەکانی نوسەر