نەخوێندەوارە نوێیەکان

چەند سەرنجێکی رەخنەگرانە بۆ بەردەم وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە

11:11 - 2024-06-25
پ.د. وەلی‌ مەحمود حەمەد
131 خوێندراوەتەوە

دەستەواژەی (نەخوێندەوارە نوێیەکان)م لە پەرتوکێکی ئالان دۆنۆی نووسەری بەناوبانگی کەنەدی وەرگرتووە. وەکو هەموو دەزانین نەخوێندەوار خۆی نابێ کۆن یان نوێی هەبێ، خوێندەواریش دەبێ خوێندەوار بێ بە مانای خۆی.

ئێستا لە هەرێمی کوردستان و لەسایەی حکومەتەوە، پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا تووشی قەیرانی گەورە بووە

بۆچی نەخوێندەوارە نوێیەکان؟ ئێستا لە هەرێمی کوردستان و لەسایەی حکومەتەوە، پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا تووشی قەیرانی گەورە بووە. 
بۆ ئەمە چەند نموونەیەک دێنمەوە، چەند ساڵێك لەمەوبەر لە شوێنێک لەگەڵ چەند برادەرێک دانیشتبووین، یەکێک هات و داوایکرد کە (بەڕێوبەری خوێندنگەیەکی ئامادەیی لەوێ بوو) کاری تایبەتی پێی هەبوو، دوای ئەوەی بەتەنها قسەی لەگەڵ کرد و رۆیشت، پرسیمان ئەو فەرماندەیە چی دەوێت؟ (چونکە پلەیەکی سەربازی هەبوو) وتی دەڵێ دەبێ لەگەڵ بەڕێوەبەری هۆڵی تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12ی ئامادەیی و چاودێری کەرتەکەم قسەبکەیت کە من لەلایان تاقیکردنەوەم هەیە، هاوکارییم بکەن با دەربچم، داواکەشی بۆ قەناعەتپێکردنی کاکی بەڕێوەبەر ئەوە بوو کە ئەو (تەنها بۆ پلەبەرزکردنەوە ئەو بڕوانامەیەی دەوێت و هیچی تر). 
سەیر ئەوە بوو کەسەکە خۆی لە دەزگایەکی گرنگی حکومەتی هەرێم کاری دەکرد، کە پارێزگاریکردن لە ژیانی هاوڵاتییان و چەسپاندنی یاسابوو. 
نموونەیەک تریش مامۆستایەکی زانکۆ لە دەزگایەکی (ئەهلی) وەکو وانەبێژ وانەی دەوتەوە، بەڵام ساڵی دوایی پێیان وتبوو کە ئیتر کارمان بەتۆ نییە و نابێت وانەبێژ بی لێرە) کە زیاتر پرسیارم کرد و بەدواداچوونم کرد (چەند خوێندکارێک کە لەوا

نەکەی ئەو دەرنەچووبوون) و خاوەنی دەزگا ئەهلیەکەش پێی وتبوو خەڵک پارەی داوە چۆن دەبێ دەرنەچن! ئەگەر مامۆستای وەکو تۆمان هەبێ ئیتر کەس نایێ لەلامان بخوێنێت. 
نموونەیەکی تر کە لەمانەش زەقترە ناسیاوێکی من لەم ساڵانەی رابردوو ویستبووی لە زانکۆیەکی ئەهلی بخوێنێ و سەرەتای ساڵ چووبوو خۆی تۆمارکردبوو، بەڵام دواتر دۆخی ژیان و کارەکەی ماوەی ئەوەی نەدابوو بچێ، چونکە زانکۆکە لە شارێکی تری دوور لە شوێنی نیشتەجێ بوونی بوو. 
یەک هەفتە پێش کۆتایی ساڵەکە تەلەفۆنیان بۆ کردبوو کە تەنها یەک جار بچێ و پارەی ساڵەکە بدات و خۆیان یارمەتی دەدەن و نمرەی دەرچوونی بۆ دادەنێن و ئەم ساڵەی بە دەرچوو دادەنرێت! 
ئەگەر بمەوێت نموونەی زیاتر و سەیر و سەمەرەکانی ئەم جۆرە بابەتانە باس بکەم، چەندین نموونەی زیندووم لەم بارەیەوە هەیە و  بەدواداچوونم بۆ زۆربەی چیرۆکەکان کردووە. 
من سەرەتا وامدەزانی ئەم بابەتە بۆیە لای من باس دەکرێن و پێی دەزانم، تەنها بۆ تەشهیر و کەمکردنەوەی کار و وەزیفەی ئێمەمانانە کە هەم مامۆستاین هەم بەرپرس. 
هەربۆیە بە دواداچوونم بۆ چەندین کەیس و دۆخ کردووە، ئیستاش ناڵێم سەرجەم دەزگاکان و کەسەکان، بەڵام لە چەند نموونە و تاک و تەرا دەرچووە و بۆتە دیاردە، بەدەستهێنانی بڕوانامەی بێ ناوەرۆک و بێ زانیاری، باشە ئەگەر بەوانە بوترێت نەخوێندەواری نوێ و بە کەیسەکە و کەسەکان نەگوترێ نەخوێندەوارە نوێیەکان ئەدی چی پێ بوترێت! 
بەردەوامیی ئەم دۆخە بەبێ چارەسەر کارەساتبارە، دواتر هەرگیز چارەسەرناکرێ. کورد وتەنی زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە، من بە چارەگێکیشی رازیم، چونکە زۆر مەترسیدارە. 
ساڵانێکی زۆر لە عیراق دۆخی سیاسی و ئەمنی و سەربازی زۆر خراپ بوو، بەڵام خوێندن و پەروەردە زۆر باش بوو. لەجیهاندا دەرچووی زانکۆکانی عیراق خاوەنی سومعە و توانا بوون. هەرێمی کوردستان خەریکی ئەوەبوو بچێتە ناو کێبرکێی ئاستی زانستی جیهانەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم دۆخە ئەوەی لێ چاوەڕوان ناکرێت و ساڵ لە دوای ساڵ ئاستەکە پتر دادەبەزێت و ژمارەی (نەخوێندەواری نوێ) لە هەڵکاشاندایە. من قسەی خۆم کرد و بەرپرسانیش دەبێ بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن.

* مامۆستا لە زانکۆی کۆیە

پێویستە خوێندکاران بە مافی خۆیان دەربچن، نەک دەربچوێندرێن

وتارەکانی نوسەر