بێ حزب وڵات بەڕێوەدەچێت؟

11:14 - 2024-06-25
هیوا محەمەد
232 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

ئەوانەی پێیانوایە ئێستیا حزبایەتی عەیبەیە، زۆربەیان هەمان ئەو کارەکتەرانەن کە لەماوەی چەند دەیەیەکی رابردوەوە تا ئێستاش لەسەر دەستیان رەوشی سیاسیی کوردستان کۆنتڕۆڵ دەکرێت و بەهەمان شێوە و هزر و بیرکردنەوە و تاکتیک هەنگاوی بۆ دەنێن!

 

ئەگەر حزبی دەسەڵاتدار، بەباشی رەفتار بکات و لە هەوڵی گەشەسەندنی کۆمەڵگەدا بێت لە هەموو رووەکانەوە، ئەوا خەڵک لەگەڵی دەبێت و حزبی بوونیش بە عەیبە نازانێت


خۆیان عەیبباریان کرد
هەندێک دێن و باس لە رەوشی حزبایەتی و حزبی بوون دەکەن، گوایە زۆرێک پێیان عەیبە حزبی بن و دەڵێن حزبی بوون عەیبەیە، ئەگەرچی هەموو تەمەنیان و تا ئێستاش کە لەڕێگەی حزبی بوونیانەوە دەیان پلە و پۆستیان بڕیوە و هەر خۆشیان بەشێک بوون لە ناشیرینکردنی رووی حزب بەهۆی خۆویستی و خۆپەرستییانەوە و بوونە خاوەنی ئەوەی کە نەیانبوو لە ماڵ و موڵک و خانەنشینی پلە باڵای پێشمەرگایەتی (کە نەشیانکردووە) و پەرلەمانتاریی و وەزیری و هتد... ئەوان کە ئەمڕۆ پێیانوایە حزبی بوون عەیبەیە، دوورن لە تێگەیشتنیان بۆ مانای حزب.

حزب هەرلای کورد نییە
هەر لەلای کورد حزب و حزبێنە نییە، ئەوە هەموو کۆمەڵگەکانی جیهانە کە لەڕێگەی حزبەوە ژیان بەڕێوەدەچێت و وڵات بەڕێوەدەبرێت، بەڵام لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازی هەیە لە چۆنێتی ئەدای حزب لەناو کۆمەڵگەکەدا.
لە هەندێک وڵات حزب دیکتاتۆریی پەیڕەو دەکات، ئیتر خەڵک بە ناچاری ملکەچ دەبن تا ئەو رۆژەی ئەم پەتی زوڵمە دەپسێت، کەم شوێن هەیە حزب بووبێتە نموونەی هەرە جوانی کۆمەڵگەکە و تاک بێت لە جیهاندا، چونکە حزب دەکەوێتە ململانێیەوە بۆ فراوانکردنی بنکە و دەسەڵاتی خۆی تا ئەو بەرنامانەی هەیەتی لە کۆمەڵگەدا لە رێگەی وەرگرتنی دەسەڵاتەوە دایان بەزێنێت. 
لەم ململانێ و کێشمەکێشانەشدا روودەدات کە حزب تووشی هەڵە ببێت، گەورە یان بچووک، دەکرێت لە ئامانجە راستەقینەکە لابدات، هەڵکشان و داکشان بە خۆیەوە دەبینێت، دەمێک لە دەسەڵات دەبێت دەمێکیش نا.

ئەوکات حزبی بوون عەیبە نییە
ئەگەر حزبی دەسەڵاتدار، بەباشی رەفتار بکات و لە هەوڵی گەشەسەندنی کۆمەڵگەدا بێت لە هەموو رووەکانەوە، ئەوا خەڵک لەگەڵی دەبێت و حزبی بوونیش بە عەیبە نازانێت، بەڵام ئەگەر حزب بووە مۆتەکە بەسەر خەڵکەوەوە و لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و هەموو ئەو خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەدارانە هەوڵیدا و بەرنامەی داڕشت، ئەوا خەڵکە ئاساییەکە کە دەبێتە جەماوەرە دەنگدەرەکە، حزبی بوون بە عەیبە دەزانێت، چونکە لێرەدا حزب مانا گشتگیرییەکەی خۆی لەدەست دەدات کە حزب هی خەڵکە و بۆ خەڵکە.

ئەوانەی خۆیان بە خاوەن دەزانن
ئێمە لەم هەرێمە دەیان هەزار کەسمان هەیە کە هێشتا لە ژیاندا ماون و رۆڵی سەرەکییان هەبووە لەسەر خستنی شۆڕش بە درێژایی 60 ساڵی رابردوو، هەمانە کەسوکاری شەهیدانن بە هەموو جۆرەکانیانەوە( ئەمانە دەبێت زۆرترین بەهایان هەبێت لامان) دەیان هەزار کەسیشمان هەیە کە لەسەردەمی راپەڕینی 1991 لاوی تازە پێگەیشتوو بوون و هەوڵیان داوە و ماندوو بوون و پشکیان هەیە لەسەرخستنی راپەڕین، ئەمانە ئێستا زۆرینەیان لە حزبدان و ئەم حزبانە بەڕێوەدەبەن کە هەندێک لەوانەی تێریان لە حزبی بوون خواردووە دەڵێن حزبی بوون عەیبەیە.
رەنگە ئێستا لەناو کادرەکانی حزبی شیوعی کوردستاندا هەبێت ( بەو پێیەی بەتەمەنترین حزبە) بەخۆیان و خێزانیانەوە زیاتر لە 60 ساڵ بێت هەر شیوعی بن و ئێستاش بە شانازییەوە خەباتی بۆ دەکەن.

حزبییەکان یەکتر رەتدەکەنەوە
حزبایەتی هەر وابووە، ئەوەی لە حزبێکی تردا کار دەکات بەرامبەرەکەی کە حزبێکی دیکەیە رەتدەکاتەوە، جا ئەگەر ئاوا نەبوایە، ئەوا ململانێی سیاسیش نەدەبوو. 
زۆرجار روودەدات، حزبێک لەڕیگەی تاکتیکی خۆیەوە هاوپەیمانیی دروست دەکات و حکومڕانیی پێکدێنێت، بەڵام لەژێر ناوی ئەم هاوپەیمانێتییەدا کە چەند حزبێکیشی لەخۆیەوە ئاڵاندووە، دەیان کردەی گەندەڵی و لادان لە پرەنسیپە پێویستەکانی خزمەتکردنی کۆمەڵگە دەکات و خەڵکیش بە هۆکاری بوونی هاوپەیمانیی لە دەسەڵاتدا، تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێنن، بەڵام لای کەسە رۆشنبیرەکان کە بە وردی لێی دەڕوانن، جیادەکرێتەوە و هەرکەس بە پێی هەڵەی خۆی رەخنە و گازندەی ئاراستە دەکرێت، جا ئەگەر وابوایە و هەموان پێکەوە تاوانبار بوونایە، دەبوا ئەو شایەتحاڵەی لە دادگا شایەتی دەدات لەسەر کەسێک کە بینیویەتی کەسێکی کوشتووە، خۆشی تاوانبار بێت وەک بکوژەکە!
لێرەوە دەڵێین ناشیرینکردنی کاری حزبایەتی و پۆلۆتیک کردن، کارێکی بێمانایە و تاکەکان چەواشە دەکات، لەبری ئەوە دەکرێت تاکەکانی کۆمەڵگە ئەو حزبانە هەڵبژێرن کە تیایاندا هیوایەک دەبینن لە تواناکانیان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، چونکە ناکرێت لەو هەموو حزبە، هەموویان خراپ بن و کارکردن لەگەڵیان عەیبە بێت.

وتارەکانی نوسەر