لاپەڕەی جینۆسایدنامە و سەرنجێک

11:46 - 2024-06-25
شێخ کامیل
149 خوێندراوەتەوە

پێم باشە بڵێم رێک لە جێگای خۆیدا بوو، کە کوردستانی نوێ بڕیاریداوە هەفتانە لاپەڕەیەک تەرخان بکات بۆ (بەدواداچوون، نووسین، گفتوگۆ، دۆکۆمێنتکردن) لەبارەی تەواوی پرس و بابەتەکانی تایبەت بە دۆسێی تاوانەکانی (جینۆساید، ئەنفال، کیمیاباران) کردنی گەلی کورد و خاکی کوردستان.

ئەم دەستپێشخەرییە بۆ یەکەمجارە کە لە رۆژنامەیەکی موعتەبەری وەک کوردستانی نوێ -وە دەکرێت، دەشێت وەک هەنگاوێکی چلۆنایەتی ئەژماربکرێ و بۆ داهاتووش وەک دەلاقەی پڕۆژەیەکی گەورە لێی بڕوانرێت

ئەم دەستپێشخەرییە یەکێکە لە بەرپرسیارێتییە گەورەکان و بۆ یەکەمین جاریش لە رۆژنامەیەکی موعتەبەری وەک (کوردستانی نوێ) دەکرێ وەک هەنگاوێکی چلۆنایەتی ئەژماربکرێ و بۆ داهاتووش وەک دەلاقەی پرۆژەیەکی گەورە لێی بنواڕدرێ، چونکە تائێستا وا راهاتووین، تەنیا لەیادەکاندا قسە لەم بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییە بکەین، لەکاتێکدا پێویست بوو لەمبارەوە پڕۆژەیەکی بەردەوامی نووسین و گفتوگۆ و دۆکۆمێنتکردنمان هەبێ و بیکەینە بنەمای دروستکردنی قەوارە و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیمان.
من وەک ئەزموون و شارەزایی کارکردنی چەند ساڵەم لەم بوارە (جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباران) بەم سەرنج و تێبینییانە، فرسەت وەردەگرم و باوەڕم وایە کە:
یەکەم: دەبێت تاوانی جينۆسايد و ئەنفال و کیمیابارانکردنی گەلی کورد و خاکی کوردستان بە (ياسايی) بکرێت لە وڵاتاني دەرەوە، نەک بە نێودەوڵەتیکردن، چونکە کاتێک دەڵێین بە(نێودەوڵەتیکردن) جیاوازە لە به(یاساییکردن) و هێزی بە یاساییکردنە دەتوانێت ئەم پرسە بکاتە نێودەوڵەتی.
 دووەم: تا ئێستا نەمانتوانیوە بۆ ئەم پرس و بابەتە گرنگ و بەرپرسیارێتییە گەورەیە (لۆبی) پێویست بکەین لە دنیای دەرەوە، بۆیە گرنگترین هەنگاو ئەوەیە شێوازی کارکردنی پێشوومان تێکبشکێنین و  پڕۆژەیەکمان بۆ لۆبیکردنی پێویست هەبێت.
سێیەم: لەپاڵ تاوانی جینۆسایدی گەلی کورد و خاکی کوردستان لە عیراق و ناوچەکەدا، گرنگە دۆستایەتی و پاڵپشتی نەتەوە و گروپە جینۆسایدکراوەکان بەدەستبهێنین، بۆ نموونە چۆن وابکەین خاڵە هاوبەشەکانمان لەم ئاستەدا بدۆزینەوە و پێکەوە کار لەسەر رەگ و خاڵی هاوبەش بکەین کە تایبەتن بەم پرسە؟
چوارەم: تائێستا داتايەکی راست و ئامادەکراومان نییە لەسەر قەبارەی تاوانەکە و زيانلێکەوتوانی تاوانەکە کە ئەمەش گرفتێکی گەورەیە، بۆ نموونە (قەبارەی زیانە ئابوورییەکان و توانای دەوڵەتی عیراق بۆ قەرەبووکردنەوە) و زۆر لایەنی تر.
پێنجەم: لایەنێکی تر کە زۆر گرنگە تائێستا حکومەتی هەرێم و بەغدا متمانەيەکی هاوبەش لەنێوانیاندا نییە بۆ کارکردن لەسەر ئەم دۆسێیە، کە دروستکردنی ئەم متمانەیە زۆر گرنگە بۆ سەلماندن و ساغکردنەوەی بابەتەکە.
کۆی ئەم سەرنجانە و چەندانی تر، پێویستیان بەوەیە شێلگیرانە لەسەریان راوەستین و نەترسین لەوەی کاریان لەسەر بکەین، دەنا پێچەوانە دەکەوێتەوە و ناتوانین یەک هەنگاو لەئاست بەرپرسیارێتیماندا بچینە پێشەوە و دۆسێی تاوانەکانی جینۆسایدی گەلەکەمان بخەینە سەر رێگای راستەقینەی خۆی.

وتارەکانی نوسەر