توندوتیژیی دژ بە ژنان لە سیستمی ئابووریدا

12:01 - 2024-06-30
نەرمین عوسمان
233 خوێندراوەتەوە

زانستی ئابووری، لە داننان بە بەشداریی ژن لە ئابووریدا، شکستی هێناوە، بەتایبەتیش لەڕووی ئەرکی منداڵبوون و چاودێریی بێبەرانبەر، بەڕوونیی دیارە بۆ لایەکی رەگەزیی شکاندوویەتییەوە. 
چەمکی (مرۆڤی ئابووری) مەبەستیان پیاوی ئابوورییە، کە یەکێکە لە دیارترین نموونە لەم بوارە زانستییەدا. بۆ چەندین سەدە کرێی (کار) پێناسە کراوە، بەڵام هیچ کرێیەک بەرانبەر کاری ناوماڵ دانەنراوە. سیستمی ئابووریی سەرمایەداری، ئەرکی چاودێریی منداڵ و چاودێریی ئەندامانی خێزان و ئەرکی ناوماڵیان بە کار ئەژمار نەکردووە، بەبێ بەرانبەر خستوویانەتە ئەستۆی ژن، چونکە بە کارێکی بەرهەمهێنی کاڵا دانەنراوە کە کڕین و فرۆشتنی لە بازاڕدا پێوە بکرێت. مەبەستێکی شاراوە لە پشت ئەمەوەیە، ئەویش ئەگەر ژن ئەو ئەرکانەی ماڵەوە بکات، ئەوا پیاوان دەتوانن لە دەرەوە و لەناو کارگەکان کار بکەن و بەرهەمهێن بن، بەهۆی ئەمەشەوە: سوپایەک لە دەستی کاری بێ کار و بێ کرێ دروست دەبێت و سەرمایەداریش ئاسانتر دەتوانێت یاریی بە کرێی پیاوە کرێکارەکانەوە بکات و کرێکانیان لە ئاستێکی نزمدا دابنێت، بەڵام ئەگەر ژنانی ماڵ بەرانبەر مووچەیەک کاریان بکردایە، ئەوا بێگومان پیاوانی کرێکار ناچار نەدەبوون داوای زیادکردنی کرێیان بکردایە بۆ دابینکردنی داواکاری و پێداویستییەکانی ژیان، بۆیە تەرخاننەکردنی نرخ و بەهایەک بۆ ئەو کارانەی ژن، رێگە لەبەردەم سەرمایەدار خۆش دەکات کە مووچەی کرێکاران لە ئاستێکی نزمدا بهێڵنەوە.

سەردەمی پێشبڕکێی وڵاتانە لەڕووی پێشکەوتن و هێز و تواناوە، هیچ دەوڵەتێک یان جووڵەیەکی سەرمایەداریی ناتوانێت بچێتە ناو ئەو پێشبڕکێیەوە ئەگەر نیوەی کۆمەڵ بێکار بن

پیاوان بەشیاوتر دادەنێت
لەم روانگەیەوە، کاری بێ مووچە بۆ ژنان، لە رەگ و ریشەوە لە سیستمێکی کۆمەڵایەتیدایە کە پیاوان بەشیاوتر دادەنێت بەراورد بە ژنان. لە ناوەڕۆکدا سیستمێکی ئابووریی نێرسالاری و رەگەزییە و بە شێوەیەکی فراوانتریش دەتوانین بڵێین نەک تەنیا چەوساندنەوەی مرۆڤە لەسەر بنەمای رەگەزی، بەڵکو لەسەر بنەمای خاوەندارێتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و زیادکردنی سەرمایەشە.
ئادەم سمیس، کە بە یەکەم تیۆریستی سەرمایەداری دادەنرێت و لەلایەن زۆر کەسیشەوە بە باوکی ئابووریی مۆدێرن ئەژمار دەکرێت، نزیکەی دوو سەدە لەمەوبەر لە لاپەڕەکانی کتێبە گەورەکەیدا (ئابووری و سامانی گەلان)، دوو جۆر لە کرێکاری جیاکردووەتەوە؛ یەکەمیان، کرێکاری بەرهەمهێنەرە و بەهایەکی ئابووری دابین دەکات بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگە لەڕێگەی وەبەرهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییە نرخدارەکان، کە لە بازاڕدا ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرێت. دووەمیان، کرێکاری خزمەتگوزاری بێبەرهەمن، ئەوانەن لە کاتی تەواوکردنی کارەکانیان، لەناودەچن و هیچ نرخ و بەهایەکی سووڕاو (ئاڵوگۆڕ)ی پێوە ناکرێت، وەک: کاری ناوماڵ، کە بە رای ئادەم سمیس، هیچ شتێک نییە جگە لە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ پیاوەکەی.

ماندووبوونی ژنانی لەبیر کردووە
مێژوو زۆربەی کات ئەرک و ماندووبوونی ژنانی لەبیر کردووە، بەهەمانشێوە ئابووریناسان و تیۆریستەکانیشیان، ئەمەش جۆرێکە لە توندوتیژیی دژ بە ژنان لە سیستمی ئابووریدا، بەتایبەتییش لە سیستمی سەرمایەداریی نێرسالاریدا کە کاری ژن بەهەند وەرناگرێت.
ئەم سەردەمە، سەردەمی پێشبڕکێی وڵاتانە لەڕووی پێشکەوتن و هێز و تواناوە، هیچ دەوڵەتێک، ناوچەیەک یاخود کارگەیەک یان هەر جووڵەیەکی سەرمایەداریی ناتوانێت بچێتە ناو ئەو پێشبڕکێیەوە ئەگەر نیوەی کۆمەڵ بێکار بن، بۆیە دەبێت گۆڕانکاریی جۆریی لە زانستی ئابووریدا بکرێت و دیدگای فێمینیستەکان لەخۆبگرێت و لەسەر هەموو ئاستەکان شیکاریی و توێژینەوەی وردی بۆ بکرێت، تا پێشکەوتن و بەردەوامیی بۆ هەمووان بێت و لەڕێی هەمووانەوە بێت.



وتارەکانی نوسەر