یونسكۆ، كورتكراوەی ناوی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەروەردە و زانست و كەلتورە، ئەم رێكخراوە ئاژانسێكی تایبەتی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكانە.
رێكخراوی یونسكۆ لە دوای كۆتاییهاتنی دووەمین جەنگی جیهانی لە ساڵی 1945 دامەزرا ، لە رۆژی 19ی تشرینی دووەمی 1946 یەكەمین كۆنگرەی فەرمیی خۆی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی 30 دەوڵەت بەستو لە دوای كۆنگرەوە دەستی بەكارو چالاكییە پەروەردەییو زانستیو كەلتوورییەكان كرد.
ئەركەكانی یونسكۆ
یونسكۆ لەبەر رۆشنایی دەستووری نەتەوەیەكگرتووەكان كار دەكات، ئەركی سەرەكی پاراستنی ئاشتیو هاریكاریی نێودەوڵەتییە لە نێوان ئەندامانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان.
بارەگای سەرەكی یونسكۆ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسایەو 60 نووسینگەی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.
195 دەوڵەت و هەرێمی دانپێدانراو ئەندامی رێكخراوی یونسكۆن.
میساقی یونسكۆ
یونسكۆ خاوەنی میساقێكی تایبەت بەخۆیەتی، كە وەك دەستووری ئەو رێكخراوە وایە، لەسەرەتای كاركردنییەوە ئەو میساقەی داناوەو لە كۆنگرەكاندا، چەندین جار هەموار كراوەتەوە، لە دوا كۆنگرەیدا لە ساڵی 2022 گۆڕانكاری تێدا كراوەو لە لایەن ئەندامانی كۆنگرەوە دەنگی لەسەر دراوەو پەسەند كراوە، ئێستا كار بەو میساقە نوێیە دەكرێت.
ئەو میساقە نوێیە لە 15 ماددە پێكهاتووە، ئەو ماددانەدا چەند ناونیشانێكی سەرەكی لە خۆدەگرن، كە ئەمانەن: (ئامانج و ئەرك، ئەندامان، دەستەكان، كۆنگرەی گشتی، ئەنجومەنی جێەجێكردن، سكرتاریەتی گشتی، دەستەكانی هاریكاریی نیشتمانی، راپۆرتی دەوڵەتانی ئەندام، بودجە، پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، پەیوەندی لەگەڵ ئاژانسو رێكخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەكان، دۆخی یاسایی، هەمواركردنەوەكان،شیكردنەوەی میساق، جێبەجێكردنی میساق).
مێژووی دامەزراندن
رێكخراوی یونسكۆ ساڵی 1945 لەڕێی لیژنەیەكی نێودەوڵەتیی فیكری سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان دامەزرا، سەرەتا پەیمانگەیەكی نێودەوڵەتی بۆ هاریكاریی فیكری لە شاری پاریس دامەزراند.
ئەركی ئەو پەیمانگەیە ئەوە بوو كە لە سەرانسەری جیهاندا چالاكیی جۆراو جۆر ئەنجام بداتو بایەخ بە سێكتەرەكانی زانكۆ، كتێبخانە، خاوەندارێتیی فیكری و هونەری، زاست، زانیاری، تەكنەلۆژیای پەیوەندی و میدیا بدات.
ئەركی ئەو پەیمانگەیە ئەوە بوو كە لە سەرانسەری جیهاندا چالاكیی جۆراو جۆر ئەنجام بدات و بایەخ بە سێكتەرەكانی زانكۆ، كتێبخانە، خاوەندارێتیی فیكری و هونەری، زاست، زانیاری، تەكنەلۆژیای پەیوەندی و میدیا بدات
پێكهاتەی یونسكۆ
رێكخراوی یونسكۆ سێ ئۆرگانی سەرەكی هەیە، كە ئەمانەن:
1- كۆنگرەی گشتی:
بەرزرترین دەسەڵاتی ئەو رێكخراوەیە، دوو ساڵ جارێك كۆنگرە دەبەسترێت، لە كۆنگرەدا بەرنامە و هێڵە گشتییەكان و بودجە و بڕی ئابوونەی ئەندامانی رێكخراوی یونسكۆ گفتوگۆیان لە بارەوە دەكرێتو بە زۆرینەی سادەی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە پەسەند دەكرێن.
هەر دەوڵەتو هەرێمێكی ئەندام دەتوانێت بە یەك نوێنەری بەشداری كۆنگرە بكات.
بەبڕیاری یونسكۆ، یاخود لەسەر داوای ئەنجومەنی
جێبەجێكردن، یاخود لەسەر داوای دوو لەسەر سێی ئەندامانی یونسكۆ، دەتوانرێت بڕیاری كۆنگرەی نائاسایی بدرێت.
2- ئەنجومەنی جێبەجێكردن
ئەم ئەنجومەنە لە 58 ئەندام پێك دێت، كە لەلایەن كۆنگرەی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی ئەو 58 ئەندامەدا دەبێت رەچاوی دابەشبوونی جوگرافی لەسەر ئاستی جیهانو هەمەچەشنی كەلتووری بكرێت.
ئەنجومەنی جێبەجێكردن ساڵی دووجار كۆدەبێتەوە، بۆ بەدواداچوونی كارو پڕۆژەكانی.
3- سكرتاریەتی گشتی
سكرتاریەتی گشتی لە بەڕێوەبەری گشتیو چەند فەرمانبەرێك پێك دێت.
لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی جێبەجێكردن، بەڕێوەبەری گشتی بۆ ماوەی 4 ساڵ لە لایەن كۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێت، دەتوانرێت بۆ خولێكی دیكەش بۆی نوێ بكرێتەوە، بەو مەرجەی متمانەی زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرە بەدەست بهێنێت.
بەڕێوەبەری گشتی باڵاترین دەسەڵاتی كارگێڕیو دارایی رێكخراوی یونسكۆیە.
ئەركی سەرەكی سكرتاریەتی گشتی سەرپەرشتیكردنی هەموو نووسینگەكانی رێكخراوی یونسكۆیە، كە 60 نووسینگەی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.
سكرتاریەتی گشتی، سیاسەتی فەرمیی رێكخراوی یونسكۆ جێبەجێ دەكات، هەوڵی گەشەپێدانو فراوانكردنی بازنەی پەیوەندییە دەرەكییەكان دەداتو هانی وڵاتانی ئەندام دەدات بەشداری كاریگەری چالاكییەكانی رێكخراوی یونسكۆ بكەن.
لەسەرەتای دامەزراندنی رێكخراوی یونسكۆوە تا ئێستا 11 بەڕێوەبەری گشتی ئەركەكانیان جێبەجێ كردووە، ساڵی 1946 جولیان هكسلی كە نوێنەری وڵاتی بەریتانیا بوو، وەك یەكەم بەڕێوەبەری گشتی هەڵبژێردراو دەستبەكار بوو.
ئێستا ئۆدری ئۆزلای نوێنەری وڵاتی فەرەنساو بە بنچە مەغریبی جولەكەیە، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوەكەیەو لە ساڵی 2017 لە لایەن كۆنگرەوە متمانەی پێدراوەو ئەو ئەركەی بۆ ماوەی چوار ساڵ لە ئەستۆ گرت. ساڵی 2021 لەلایەن كۆنگرەوە بۆ گەڕی دووەم وەك بەڕێوەبەری گشتیی یونسكۆ متمانەی پێدرایەوەو تا ساڵی 2025 لەو پۆستە بەردەوام دەبێت.
بوارەكانی كاركردن:
رێكخراوی یونسكۆ لە بوارەكانی پەروەردەو زانستو كەلتوری كاردەكاتو بایەخ بەم بابەتانە دەدات:
-زانستی سروشتیو بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی زەوی، لەو ڕوانگەیەوە بایەخ بەپاراستن و خاوێن راگرتنی ژینگە و سەرچاوەكانی ئاو بە گشتی و ئاوی ئۆقیانووسەكان بەتایبەتی دەدات. یونسكۆ هەوڵ دەدات لە رێی زانست و تەكنەلۆژیای هاوچەرخەوە كار بۆ گەشەپێدانی بەردەوامی وڵاتانی پێشكەوتوو و گەشەسەندوو بكات.
هەروەها رێكخراوی یونسكۆ بایەخ بە چەند بوارێكی دیكەی تایبەت دەدات، لەوانە ( گۆڕانكاریی كەشو هەوا، یەكسانیی نێوان هەردوو رەگەز، پاراستنی زمانەكان، هاوكاری زیانلێكەوتووانی كارەساتەكانی جەنگو كارەساتە سروشتییەكان، هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەر هەژاریو نەهێشتنی نەخوێندەواری، پاراستنی مافەكانی مرۆڤ).
رێكخراوی یونسكۆ لەبواری رۆشنبیریدا، بایەخ بە كەلتوریی ئاشتیو هەمەچەشنی كەلتوری و دیالۆگی كەلتورەكانو پاراستنی كەلەپوور و شوێنەوار و مۆزەخانەكان دەدات. كاریش بۆ بە دیجیتاڵیكردنی مۆزەخانە و كتێبخانەكان دەكات.
لەبوارەكانی پەروەردەدا بەرنامەی تایبەتی خۆی هەیە، كار بۆ زامنكردنی هەلی خوێندن بۆ هەمووان دەكاتو هەوڵی قەلاچۆكردنی نەخوێندەواری دەدات.
لەبواری زانستیشدا كار بۆ گەشەپێدانی دامەزراوە زانستییەكان بەگشتی و زانكۆكان بەتایبەتی دەكات.
دەستكەوتە گرنگەكانی یونسكۆ
-تۆماركردنی 1073 شوێنی كەلەپووریی جیهانی لە سنووری 167 دەوڵەتدا، كە رووبەرەكانیان نزیكەی 10 ملیۆن كیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێ و بەقەد رووبەری وڵاتی چین دەبێت.
- دانانی تاقیگەی توێژینەوەی زانستی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا.
-هەوڵی جیهانی بۆ دەستەبەركردنی خوێندنی باش و گونجاو بۆ هەموان.
- بەرگری شێلگیرانە لە ئازادیی رادەبڕینو رۆژنامەگەریی ئازاد.
سەرچاوە:
|-ماڵپەری فەرمیی رێكخراوی یونسكۆ
-میساقی رێكخراوی یونسكۆ
بارەگای یونسکۆ