مەجید نەدیم، شاعیرێكی دەربەدەر!

11:48 - 2024-09-01
خەلیل عەبدوڵلا
223 خوێندراوەتەوە

نە شێتی شەونمی خونچە ‌و نە مەستی مەی لە فنجانم
نە وێڵی شەوقی ئەستێرەی گەشاوەی كۆشی ئاسمانم
تەریكی دەستی ئارام‌ و بەهار ‌و دیمەنی جوانم
شەریك‌و هاودەمی كۆڕی كەسانی دوور لە خوێشانم
بە هەست‌ و چا‌و‌ و زوبانم، بە جێگە ‌و ناونیشانم
پەپوولەی سەر گوڵی گۆنا‌ و گزنگی چاوی پەیمانم

(مەجید نەدیم)

مەجید نەدیم شاعیر ‌و روناكبیرێكی دیاری كوردستانە، بایەخی بەڕشتەكانی  شیعر ‌و نیگاركێشان ‌و خۆشنووسی داوە ‌و لەو بوارانەدا خزمەتی كردووە‌ و شوێن پەنجەی رەنگینی دیارە.
مەجید كوڕی شێخ مەحموود كوڕی شێخ  محەمەد كوڕی مەلا نەسروڵڵای سەبرییە، بە مەجید نەدیم ناسراوە.
ساڵی 1937 لە گەڕەكی سابوونكەرانی شاری سلێمانی لەدایك بووە، لە بنەماڵەی شێخانی بەرزنجەیە.
شێخ مەحموودی باوكی ئەفسەری سوپای عوسمانی بووە، شێخ محەمەدی باپیری قازی گەورەی شاری سلێمانی بووە.
ئامینە خانی دایكی كچی شێخ مارفی سەركارە، كە ئامۆزای حەپسە خانی نەقیب بووە.
مەجید نەدیم، تەمەنی سێ‌ ساڵان بووە كە باوكی كۆچی دوایی كردووە، لە تەمەنی 15 ساڵیشدا، دایكی كۆچی دوایی كردووە، شێخ عوسمانی برا گەورەی ئەركی بەخێوكردنی گرتۆتە ئەستۆ.
بەهۆی دۆخی ناهەمواری ژیانییەوە تا پۆلی سێهەمی ناوەندی خوێندووە‌ و نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات.
نەدیم گەنجێكی رۆشنبیر ‌و نیشتمانپەروەر بووە، هەر بۆیەش لەسەرەتای ژیانی لاوییەوە پەیوەندیی بە رێكخستنە نهێنییەكانی حزبی شیوعی عیراقەوە كردووە، كادرێكی چالاك‌ و هەڵسوڕاوی خەباتی چینایەتی ‌و نیشتمانی بووە، بەهۆی ئەوەوە تووشی گرتن ‌و راونان‌ و ئازاردان ‌و دەربەدەری بۆتەوە، زیندانەكانی سلێمانی ‌و كەركووك‌ و بەغدا‌ و بەدرە، شاهیدی بۆ قارەمانێتی ‌و ئازایەتیی ئەو دەدەن.
پاش روخانی رژێمی پاشایەتی، لە كۆتایی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوودا، دەرفەتی بۆ رەخسا وەك فەرمانبەری میری دامەزرا، لە سلێمانی ‌و چوارتا‌ و قەڵادزێ‌ ‌و مەخموور ‌و فاو، وەك مووچەخۆری میری خزمەتی كرد.
بەڵام بەهۆی هەڵسوڕانی سیاسییەوە، لە وەزیفە دوور خرایەوە، ساڵی 1972 بەهۆی بێكاری‌ و خراپی رەوشی ژیانییەوە، هانای بۆ شێخ لەتیفی حەفید برد ‌و ئەویش لە گوندی سیتەك ئامێزی بۆ كردەوە ‌و داڵدەی دا، هەر بە هەوڵی شێخ لەتیف لە دەزگای رۆشنبیری‌ و بڵاوكردنەوەی كوردی لە بەغدا وەك فەرمانبەر دامەزرا ‌و تا دوا رۆژەكانی ژیانی لەو دەزگایە خزمەتی كرد.
نەدیم هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە بوو، سەرەتا بە خوێندنەوەی دیوانی شاعیرانی كورد دەستی پێكرد، بایەخیشی بە هونەرەكانی نیگاركێشان ‌و خۆشنووسی دا، لە‌و دوو بوارەدا دەستڕەنگین بوو.

 

لە ژیانی لاوییەوە پەیوەندیی بە رێكخستنە نهێنییەكانی حزبی شیوعی عیراقەوە كردووە، بە هۆی ئەوەوە تووشی گرتن ‌و راونان‌ و ئازاردان ‌و دەربەدەری بۆتەوە

 

خولیای سەرەكی نەدیم ئەدەب بە گشتی ‌و شیعر بەتایبەتی بوو، هەر بۆیەش خۆی بۆ ئە‌و پەلە ناسكەی ئەدەب تەرخانكرد ‌و تێیدا قاڵ بۆوە، خولیای شیعرنووسین بە سەر بەهرەكانی نیگاركێشان‌ و خۆشنووسیدا زاڵ بوو، ئیدی بووە شاعیر ‌و لە هونەرەكانی نیگاركێشان‌ و خۆشنووسی دوور كەوتەوە.
نەدیم خاوەنی چەندین قەسیدە‌ و دەقی شیعریی بەزر ‌و جوانە، بایەخی بە هەموو بوارەكانی شیعری نیشتمانی ‌و چینایەتی ‌و عەشق‌ و ئەڤین داوە.
بەهۆی دۆخی ژیانی سیاسی ‌و گرتن ‌و راونانەوە، هەروەك خۆی لە پێشەكی دیوانەكەیدا باسی دەكات بەشێكی زۆری شیعرەكانی فەوتاون، ئەوانەی ماونەتەوە، لە ساڵی 1987 لە دووتوێی دیوانێكدا بە ناوی (شیعرە دەربەدەرەكان) لەلایەن دەزگای رۆشنبیری ‌و بڵاوكردنەوەی كوردی لە بەغدا چاپكراوە.
مامۆستا نەدیم شیعر ‌و بەرهەمەكانی لە رۆژنامە ‌و گۆڤارەكانی سەردەمی خۆی بڵاوكردۆتەوە، ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی (هیوای كوردستان)ی زمانحاڵی یەكێتیی گشتیی قوتابیانی عیراق بووە ‌و وتار ‌و بەرهەمە ئەدەبییەكانی لەو رۆژنامەیەدا بڵاوكردۆتەوە.
مامۆستا نەدیم، بە حوكمی ئەوەی زمانەكانی عەرەبی‌ و كوردی بە باشی زانیوە، كاری وەرگێڕانی كردووە، كتێبی (شوراتەكان)ی موسلیح جەلالی لە زمانی عەرەبییەوە بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕاوە‌ و لە لایەن دەزگای رۆشنبیری‌ و بڵاوكردنەوەی كوردییەوە چاپكراوە.
پاش تێكۆشان ‌و خزمەتێكی زۆری ئەدەبی، رۆژی 20ی ئابی 1985، لە تەمەنی 48 ساڵیدا، بە كارەساتی ئۆتۆمبیل لە شاری بەغدا كۆچی دوایی كرد ‌و لە سەر راسپاردەی خۆی تەرمەكەی برایەوە بۆ شاری سلێمانی ‌و لە گردی سەیوان بە خاكی نیشتمان سپێردرا.
بەم پارچە شیعرەی مامۆستا مەجید نەدیم، كۆتایی بەم وتارە دێنم.
هاوڕێی تەمەن كە من ‌و تۆ منداڵ بووین
بەردەرگا بوو شوێنی خۆش‌ و یاریمان
بۆ هەر لایەك دوو بە دوو كاتێ‌ ئەچوین
پێكەنین بوو بۆ رووی یەكتر دیاریمان

دروودی رێز‌ و وەفا ‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی مامۆستا مەجید نەدیمی شاعیر ‌و رووناكبیر ‌و خەباتگێڕ، لە ساڵڕۆژی كۆچی دواییدا.

سەرچاوە:
دیوانی (شیعرە دەربەدەرەكان)، لە بڵاوكراوەكانی دەزگای رۆشنبیری‌ و بڵاوكردنەوەی كوردی 1987، بەغدا.

وتارەکانی نوسەر