بۆئەوەی سەرژمێریی، ناوچە کوردستانییەکان تەعریب نەکات

09:58 - 2024-07-07
‎‎سۆزان حەمە تاتە
265 خوێندراوەتەوە

بەڕێوەچوونی سەرژمێری لەسەر ئاستی عیراق لەدوای ساڵی 2003 وە، بەوردی قسەی لەبارەوە دەکرێت، بەڵام بەهۆی بوونی رێگریی سیاسی، نەتەوەیی و مەزهەبی و زۆر هۆکاری دیکەیشەوە، تائێستا نەکراوە، ئەگەرچی وردە وردە خەریکە دەچێتە بواری کردارییەوە، بەڵام لەگەڵیشیدا مەترسیی زۆر گەورە هەن.
مەترسیی گەورە هەیە
 بۆ کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (مادەی 140ی دەستوور)، مەترسیی گەورە هەیە بەتایبەتی کە سوننە و شیعە دەیانەوێت سەنگی خۆیان لەو ناوچانە قورستر بکەن و ببنە زۆرینە لەو ناوچانە، دواتریش بە دەنگ و رەنگ هەرچییان بووێت یەکلایی بکەنەوە.
زانیاریی ورد هەیە لەبارەی هێنانی ژمارەیەکی زۆری عەرەب بۆ کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری، بۆئەوەی لەکاتی بەڕێوەچوونی سەرژمێریدا تۆمار بکرێن و بەوەش مانەوە و دەنگیان دەبێتە راستییەکی دەستووری و کوردیش ناتوانێت رەتیان بکاتەوە، بەو پێیەی پاڵپشت بە یاساکانی حکومەت دەکرێن و هێزی یاساییان لەپشت دەبێت.

 


هێشتا عەقڵیەتی شۆڤێنیی هەیە و بیر و سیاسەتی بۆ ئەوەیە ناوچە کوردستانییەکان تەعریب بکاتەوە

 

سەرژمێریی 1957
سەرژمێریی ساڵی 1957 باشترین بەڵگەیە کەوا کورد زۆرینەی کەرکوکە، سەدام زۆر کاری کرد بۆ راستکردنەوەی هاوکێشەکە لە بەرژەوەندیی خۆی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، پرۆسەی تەعریبی پەرەپێدا، ئۆردوگای زۆری دروستکرد و فەرمانبەری زۆری بە خێزانەکانییانەوە گواستەوە بۆ کەرکوک و شارە کوردییەکانی دیکە، بەڵام هەر نەیتوانی کورد بکاتە کەمینە و عەرەب ببێتە زۆرینە.
 دوای 21 ساڵ لە کۆتاییهاتنی رژێمی بەعس و هەوڵدان بۆ دروستکردنی عیراقێکی نوێ، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا عەقڵیەتی شۆڤێنیی هەیە و بیر و سیاسەتی بۆ ئەوەیە ناوچە کوردستانییەکان تەعریب بکاتەوە، تا لە سەرژمێریی داهاتوودا کورد ببێتە کەمینە، ئەم سیاسەتە بەرەنجامی دوو شتە، یەکەم: زۆرێک لە سیاسییەکانی عەرەب، پێکەوەژیان رەتدەکەنەوەو هێشتا بڕوایان بە نەتەوەی سەردەست و بندەست هەیە، هێشتا بیریان لای ئەوەیە ببنە زۆرینە و دوای ئەوەش بەشێوەیەکی یاسایی خاوەندارێتی لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە بکەن و سەرژمێریی بکەنە چەکی دەستییان.
دووەم: بەشێکی درێژەدان بە سیاسەتی تەعریبی ناوچە کوردستانییەکان پەیوەندیی بە خەمساردیی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە کە بەهۆی ململانێوە، ئاگایان لە ناوچە کوردستانییەکان نەماوە و پێکەوە ناتوانن بەرگریی لێبکەن و لە مەترسیی تەعریبی سەردەم بیپارێزن. 
تەعریبی سەردەم
مەترسییەکانی تەعریبی سەردەم و دەرکەوتنی دەرەنجامە نەرێنییەکانی لە سەروەختی راپرسیدا نزیکە و ئەگەر رێگریی لێ نەکرێت، ئەوا داهاتووی دۆزی کورد دەخاتە مەترسییەوە و دەیداتە دەست داهاتوویەکی نادیار.

وتارەکانی نوسەر