بۆ هەموو کەس ناچار دەبێ خێزان پێکەوە بنێت؟!

10:37 - 2024-07-08
مەحمود شێرزاد
288 خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

خێزان پێکەوەنان لەم ناوچەیەی ئێمەدا کەم بۆتەوە، ئامارە راستەقینەکانی لێکجیابوونەوەی هاوسەرەکان ئەگەر ئاشکرا بکرێن تووشی راچڵەکینمان دەکەن. ئەم حاڵەتە و ئەم ئامارانە لە هەموو شار و شارۆچکەیەک وەک نین، لەو شوێنانەی خێزانی کراوە و کرانەوەی کۆمەڵایەتی زیاترە، ئەم حاڵەتەش زیاترە، بەڵام چی وایکردووە بارودۆخەکە وای لێ بێت؟!
لە پشت ئەم حالەتەوە دوو هۆکار هەیە، یەکەم: هۆکاری دەرەکیی و دووەم: هۆکاری  ناوەکیی. هۆکارە دەرەکییەکە لە ژێر کاریگەریی بارودۆخی ماددی، ئەڵقە تورکییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چاولێکەرییدایە. بارودۆخی ماددی لەپەڕ گۆڕا، ئەو لەپڕ گۆڕانە بۆ کۆمەڵگەیەک لە گرانی و نەدارییدا بێ زۆر ترسناکە، هەڵپە و چاولێکەری گڕ دەگرێ و هەموو شتێ دەسووتێنێت، هەموومان لە بیرمانە لە دوای پڕۆسەی ئازادییەوە بەشێک لە خێزانەکان ساڵێ دووجار یان ساڵانە ناوماڵ و سەیارە و موبایل و ...هتدیان نوێ دەکردەوە، ئەوەش کێشەی خێزانی زۆر لێکەوتەوە. دوای ئەمە یان هاوکات لەگەڵ ئەمەدا ئەڵقەی تورکی لە بەشێک لە تیڤییەکانی هەرێمی کوردستان دەرکەوتن، ئەم ئەڵقە تورکیانە هەموو بەها و بنەماکانی خێزان و پەیوەندیی خزمایەتی و...هتدیان هەڵوەشاندەوە، روانگەی ژن و پیاویان لەهەمبەر یەکترییەوە پیس کرد و...هتد. ئەو ئەڵقانە هێرشی کەلتورین، بە جۆرێک داڕێژراون کۆتایی بە خێزان بێت، ئەگەر بتەوێ هەر نەتەوەیەک لەناوبەری، یەکەم شت دەبێ لە پێکهاتەی خێزان و لە زمان و کەلتوری ئەو نەتەوەیە بدەی و خێزانەکانی هەڵوەشێنیتەوە و روانگەیەکیش لەناویاندا دروست بکەی بە دژی خێزان پێکەوەنان، هەرکەس لە کوردستان ئەڵقەی تورکی بڵاوکردۆتەوە و بڵاوبکاتەوە، ئاگادارانە ئەم کارەی کردبێ یان نا، بە تەوەر لە دەماری خێزان و کەلتور و نەتەوەی کوردی داوە. 
لەدوای ئەمەوە ئینجا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مودێلەکان دەورێکی سەرەکییان بینوە لەم بوارەدا، بۆ نموونە کەسێک چەند ساتێکی ژیانی تایبەتی خۆی بڵاو دەکاتەوە، ئەو کەسە دیارە لە حەقیقەتدا ژیانی وا نییە، بەو کارەی دیارە دەیەوێ ژیانی ناخۆش و راستەقینەی خۆی بشارێتەوە، بەڵام بینەرەکانی پێیانوایە ئەو کەسە بەردەوام وا دەژی و هەوڵدەدەن وەک ئەو بژین، ئەوەش دەستپێکی کێشەیەکی کوشندەیە و...هەزاران شتی دیکەش!
هۆکارە ناوەکییەکان پەیوەندییان هەیە بە روانگە و ئامانجی کەسەکان، بۆ نموونە بەشێکی زۆری کوڕان لەم سەردەمەدا زیاتر لەجاران ئاشقی رواڵەت دەبن و لە حەزێکی کوێر و کەڕی وارسکەییەوە (غەریزیی) ژن هەڵدەبژێرن، بەڵام دوای خێزان پێکەوەنان، جوانییەکە زۆر دەور نابینێ، بەڵکوو کەسایەتیی و هەستکردن بە پەرپرسیارێتی و ماڵداریی و دایکایەتی و ...هتد دەور دەبینن. هەروەها بەشێکی زۆری کچانیش لەم سەردەمەدا شوو بە خودی کوڕەکە ناکەن، بەڵکوو شوو بە بارودۆخی ماددی کوڕەکە دەکەن، ئەوەش دوای خێزان پێکەوەنان دەوری سەرەکیی نامێنێ و نموونەش لە دەورووبەرمان زۆرە. جگە لەمە، حاڵەتێکیتر هەیە و هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر خێزان، ئەویش ئەوەیە هەندێجار یان کچەکە یان کوڕەکە شووکردن و ژنهێنانەکەی قبووڵ نەکردووە (جا بەداخەوە خۆم وابووم و تا پێمزانی و لێی تێگەیشتم کار لە کار ترازابوو)، هەر بە خەیاڵی کاتی رەبەنی دەژی و هەوڵدەدا هەر وەک سەردەمی پێش خێزان پێکەوەنان بیر بکاتەوە و هەڵسوکەوت بکات.
 بۆ هەموو کەس خێزان پێکەوە دەنێت؟ خێزان پێکەوەنان یەکەم: حەزێکی بەهێزی جیناتەکانی جەستەی مرۆڤە، ئەم جیناتانە دەیانەوێ لە رەوتی ژیاندا بەردەوام بن، بۆیە هەمووان ناچار دەکەن ژن بێنن و شوو بکەن، یان لانیکەم لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر جووت بن و منداڵ بخەنەوە، دووەم: خێزان پێکەوەنان بەرپرسیارێتییە و دەرچوونی تەواوە لە رەبەنییەتی، کەسەکان دەبێ ئەمە قبووڵ بکەن، بەداخەوە مرۆڤ لە زۆربەی بوارەکاندا زۆر درەنگ لە راستییەکە تێدەگات، یەکێک لەوان بواری خێزان و پەیوەندی نێوان نێر و مێیە. سێیەم: هەموو کەس لە پەیوەندی خێزانیدا دەبێ هەوڵبدا لە خۆی تێبگا، نەک هەوڵبدا لایەنی بەرامبەر لەو تێبگا، ئەمەش کێشەکان زۆر کەم دەکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر