دیداری یەکێتی و چەند سەرنجێک

09:57 - 2022-03-17
عەلی دەروێش
366 خوێندراوەتەوە

سەرەتا باواز لەوە بهێنین کە بەستنی دیداری یەکێتی لە کوێی پەیڕەودا جێکراوەتەوە یاخود پەیڕەو چی بۆ خۆڕێکخستنەوە و نوێکردنەوەی قەد و نمای یەکێتی دیاریکردووە، بەڕای من جیاواز لە کۆنگرە و پلینیۆم، یەکێتی پێویستی بە دیداری هاوشێوەیش هەیە، بۆچی؟
لە کۆتاییدا یەکێتی حزبێکی جەماوەرییە؛ واتە لە یەکێتیدا هەر دەبێت جەماوەر سەنتەر بێت، هەردوو سیستمی بەستنی کۆنگرە و پلینیۆمیش زیاتر بابەتی ئۆرگانین و جەماوەر کەمتر دەرفەتی بەشداریکردنیان دەبێت تیایدا، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە یەکێتی جیاواز لە کۆنگرە و پلینیۆم لە رێگەیەکی ترەوە دەرفەت بۆ جەماوەرەکەی بڕەخسێنێت، هەڵبەت بە حزوری ئەو خەڵکە خاوەن پێشینە و قوڵانەی لە نێو رێکخستن و ئۆرگانەکانی یەکێتیدا هەنوکەش هەن.
حزب بە تەنها ئامراز نییە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، بەڵکو لە پاڵ گەیشتنیدا بە دەسەڵات؛ پێویستە ویست و خەونی جەماوەرەکەی بەدیبهێنێت، گومان لەوەدا نییە هەر کاتێک حزب پێچەوانەی ئەم ئاراستەیە کار بکات، لە هەردوو جوگرافیای سیاسی و جەماوەریدا پاشەکشە، دەکات هەر ئەمەنا بەڵکو پەیکەرەکەیشی دەکەوێتە بەردەم نەفرەتی لایەنگرانی.
بۆ ئەوەی یەکێتی بەم دۆخەی خۆیدا بچێتەوە، پێویستە لە زوومی جەماوەر و خەڵکە قوڵەکەیەوە لە قەد و نمای خۆی بڕوانێت و پەنجە لەسەر کۆی برینەکان دابنێت و هەتوانیان بکات، لە کۆتایدا هێشتا یەکێتی خاوەنی کەرەستەی پێویستی خۆڕێکخستنەوە و هەستانەوەیە؛ هێشتا یەکێتی خەڵکی قوڵ و جوانی خاوەن پێشینەی لایە؛ هێشتا بێ بەدیلی سیاسییە و هەیمەنەی لە حوکمڕانیدا هەیە و دەتوانێت لەسەر خوێنی شەهید و پاشخانە مێژووییەکەی بژی.
ئەوەی ماوەتەوە بوترێت، کێن ئەوانەی لە دیداری یەکێتدا رۆڵیان پێدەدرێت؟! ئەی لە زوومی جەماوەرەوە چۆن دەبینرێن و رای جەماوەر چیە لەسەریان؟! چۆن دەتوانن هاوکێشەکان لە نێوان جەماوەر و خەڵکە قوڵەکەی یەکێتیدا؛ لە پێناوی گەیشتنی یەکێتی بە مەهامەکەی یەکبخەن؟
گومان لەوەدا نییە کە هەر دیدار و کۆڕ و کۆبوونەوەیەک لە پێناوی جۆشدانەوەی کاری رێکخستن و رێکخراوەییدا بێت، هەنوکە بۆ یەکێتی پێویست و گرنگە، بەڵام ئەمڕۆ دۆخی یەکێتی پێویستی بە خەڵکی قوڵ و خاوەن ئەزموونە، سەرکەوتنی دیداری یەکێتیش لەو روانگەیەوە دەبێت، واتە ئەوانەی بەشدارن لە دیداری یەکێتیدا لە هەردوو لایەنە سلبی و ئیجابیەکەی بەرپرسن.
ئەوەی لە ئاستی ناوخۆیی یەکێتیدا تێبینی زۆری لەسەرە بێڕۆڵکردنی خەڵکی قوڵ و خاوەن پێشینە و قوربانیدەرە، هەر ئەمەشە وایکردووە خەڵکی وا هەست بکات یەکێتی لە شوێنێکدا دانیشتوە کە شوێنی خۆی نییە، ئالێرەشدا مەترسییە گەورەکە ئەوەیە دیداری یەکێتی بکرێتە کەرەستەی هێنانەپێشەوەی سوپایەک لە کادری خاڵی و گەڕاندنەوەی خەڵکی سواو بۆ نێو باوەشی یەکێتی؛ ئەگەر ئەمە رووبدات جارێکیتر ئۆرگانەکانی یەکێتی تووشی تەزەخوم و هەڵئاوسانی نادروست دەبێت، ئەو کاتە نەک برینەکان ساڕێژ نابن بەڵکو سەقفی نیگەرانییەکان زیاتر دەبێت.
بەڵێ بۆ دیداری یەکێتی لە پێناوی سەرلەنوێ هەستانەوەی یەکێتیدا، بەڵی بۆ گەڕاندنەوەی حەق بۆ خاوەن حەق، بەڵێ بۆ پێدانی رۆڵ بەو خەڵکە قوڵ و پەراوێزخراوەی هێشتا یەکێتیان مەبەستە و دەتوانن فریادڕەسی هەستانەوەی بن.

وتارەکانی نوسەر