گرفت و رێگەچارە

ئایا جنۆکە دەچێتە لەشی مرۆڤەوە؟

10:21 - 2024-07-15
پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
163 خوێندراوەتەوە

پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی

5

كاك دكتۆر گیان سڵاوی خودات لێبێت، من كوڕێكم تەمەنم (14) ساڵە و كەسێكی باوەڕدارم، دوو ساڵ پێش ئێستا تووشی كێشەیەكی عاتیفی (سۆزداریی بووم) لەبەرئەوەی تیایدا سەركەوتوو نەبووم، تووشی خەمۆكێ‌ و دڵەڕاوكێیەكی زۆر بووم و كاریگەریی خراپیشی كردە سەر خوێندن و نانخواردن و خەوم، ماوەیەك دەرمان و عیلاجم وەرگرت، بەڵام هیچ باش نەبووم هەر بیرم لە كێشەكەم دەكردەوە و نەدەگەیشتمە هیچ چارەسەرێك، لەبەرئەوەی تاقانەم و باوك و دایكم زۆریان خۆش دەوێم، هەر وازیان نەدەهێنا تا بردیانم بۆ لای مەلا (...)، ئەویش زۆر ئازاری دام و بە دار لە بنی پێمی دەدا و ماوەی یەك مانگ نەمدەتوانی لەبەر ئازاری بنی پێیەكانم بچمە دەرەوە و دوایی وتی ئەمە جنۆكەی هەیە، ئیتر لەو رۆژەوە ئەوەندەی تر تۆقیوم، ئێستا ناتوانم بە تەنها لە ماڵەوە بم، دەبێت بەردەوام یەكێكم لەگەڵ بێت، ناتوانم لە ژوورەكەی خۆم بخەوم ئێستا لەگەڵ دایك و باوكم دەخەوم، بەردەوام دەترسم نازانم چی بكەم، ئایا ئەو مامۆستایە راست دەكات، من جنۆكەم هەیە؟ 

ئایا جنۆكە دەچێتە ناو لەشی مرۆڤەوە؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە باوەڕپێكراوەكان، كە ئەوانیش بریتین لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ). ئەگەر بە وردی سەیری قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) بكەین، ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە هەندێك ئایەتی قورئانی پیرۆز و فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) ئاماژە بۆ جنۆكە دەكەن، بەڵام ئەو ئاماژەكردنە بە هیچ شێوەیەك ئەو مانایە ناگەیەنێ‌ كە جنۆكە دەچێتە ناو لەشی مرۆڤەوە. تەنها یەك ئایەت و یەك فەرموودە هەیە كە بە لێكدانەوەی (ابن تیمیة) و قوتابییەكانی (ابن قیم) و (ابن باز)، گوایە دەچنە ناو لەشی مرۆڤەوە، بەڵام بێجگە لە (ابن تیمیة) و قوتابییەكانی (ابن قیم) و (ابن باز)، هیچ مامۆستا و زانا و پێشەوایەكی ئایینی ناڵێت كە جنۆكە دەچێتە ناو لەشەوە. ئایەت و فەرموودەكەش ئەمانەی لای خوارەوەن:
ئایەتەكە بریتیە لە [بسم الله الرحمن الرحیم (الذین یأكلون الربا لایقومون الا كما یقوم الذي یتخبطه الشیطان من المس)] ئەگەر لە ناوەرۆكی ئەم ئایەتە وردبینەوە بۆمان دەردەكەوێت كە باسی بابەتێكی دیاریكراو دەكات ئەویش (الربا)یە نەك جنۆكە، (المس) لێرەدا چوونە ناو لەش ناگەیەنێ‌.
بۆ راستی ئەو قسەیەش كە(المس) چونە ناو لەش ناگەیەنێ‌، ئاماژە بۆ پاڕانەوە و دوعایەكی (ئەیوب) پێغەمبەر دەكەین، كە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی بۆ كراوە كە ئەمە دەقەكەیەتی (اني مسني الشیطان بنصب و عذابه)، واتە پێغەمبەر (ئەیوب) لەم دوعایەیدا دەڵێ‌ (شەیتان مەسی كردم) ئەگەر (المس) مانای چوونە ناو لەش بێت، مانای ئەوەیە كە شەیتان چۆتە ناو لەشی پێغەمبەر (ئەیوب)ەوە، كە ئەمەش بە هیچ شێوەیەك راست نییە و هیچ ئایەت و فەرموودەیەك نییە كە ئاماژە بۆ ئەوە بكات كە شەیتان و جنۆكە چوونەتە ناو لەشی پێغەمبەر (ئەیوب)ەوە، چونكە ئەگەر ئەوە راست بوایە ئەوا ئایەتێكی قورئانی پیرۆز یان فەرموودەیەك دەبوو كە باسی بكردایە. كەواتە (المس) بە مانای وەسوەسە هاتووە نەك چوونە ناو لەش.
فەرموودەكەش بریتییە لە (ان الشیطان یجري من ابن أدم مجری الدم)، ئەم فەرموودەیەش بۆ رووداوێكی دیاریكراو وتراوە، ئەویش ئەوە بووە كە شەوێكیان (صفیە) خودا لێی رازی بێت لە ماڵی پێغەمبەر دەبێت و پێغەمبەریش دەیەوێت بیباتەوە، بەڵام لە تاریكیدا دوو كەس لە (أنصار) پێغەمبەر(د.خ) دەبینن و خەریكە قسە بكەن، ئینجا بۆ ئــەوەی ئەو دوو(أنصار)ە بە هەڵە تێنەگەن و شەیتان هەڵیان نەخەڵەتێنن و لێكدانەوەیەكی هەڵەی بۆ نەكەن، بۆیە پێغەمبەر (د.خ) ئەو فەرموودەیە دەڵێت، واتە مانای ئەوە نییە كە شەیتان وەك خوێنی مرۆڤ بە ناو لەشیدا دێت و دەچێت، بەڵكو مەبەستی ئەوە بووە كە نەوەك شەیتان كە پێشەوای جنۆكەكانە، ئەو دوو(أنصار)ە تووشی گومان و دوودڵی و وەسوەسە بكات و بە هەڵە بوونی پێغەمبەر(د.خ) لەو شەوەدا لەگەڵ ئەو ئافرەتە لێكبدەنەوە.
ئەگەر بە وردی سەیری ئەم ئایەتانەی لای خوارەوە بكەین و لە ناوەڕۆك و ماناكانیان ورد بینەوە، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە خودای گەورە پێمان دەڵێت كە جنۆكە و شەیتان مرۆڤ تووشی وەسوەسە و دوودڵی دەكەن و ناچنە ناو لەشی مرۆڤەوە، ئایەتەكانیش بریتین لە:
یەکەم: [بسم الله الرحمن الرحیم (وكذلك جعلنا لكل نبي عدوا شیاطین الانس والجن، یوحی بعضهم الی بعض زخرف القول غرورا)] خودای گەورە لە ئەم ئایەتەدا دەفەرموێ‌ بۆ هەر پێغەمبەرێك (د.خ) دوژمنێكمان لە مرۆڤ و شەیتان دیاری كرد كە (یوحی) واتە وتەوت و ئیحای بۆ دروست دەكەن، نەك بچێتە ناو لەشی پێغەمبەرەوە.
دووەم: [بسم الله الرحمن الرحیم (وما یعدهم الشیطان الا غرورا)] لەم ئایەتەشدا خودای گەورە ئاماژە بۆ (یعدهم) دەكات، واتە شەیتان پەیمان و وەعدی درۆ بە مرۆڤ دەدات، نەك دەچێتە ناو لەشییەوە.
سێیەم: [بسم الله الرحمن الرحیم (زین لهم الشیطان ما كانوا یعملون)] لەم ئایەتەشدا خودای گەورە ئاماژە بۆ (زین) دەكات، واتە شەیتان ئەو كارانە بۆ مرۆڤ دەڕازێنێتەوە كە بە ئەنجامی دەگەیەنن، نەك دەچێتە ناو لەشیەوە.
چوارەم: [بسم الله الرحمن الرحیم (تالله لقد أرسلنا الی أمم من قبلك فزین لهم الشیطان أعمالهم) (صدق الله العظیم)] لەم ئایەتەشدا خودای گەورە ئاماژە بۆ (فزین) دەكات، واتە شەیتان ئەو كارانە بۆ مرۆڤ دەڕازێنێتەوە كە بە ئەنجامی دەگەیەنن، نەك دەچێتە ناو لەشییەوە.

 

ئەو كەسانەی خۆیان بە موسوڵمان دەزانن، چۆن ئەو خەڵكە هەڵدەخەڵەتێنن و دەڵێن ئەو كەسە دوو یان سێ‌ جنۆكەی هەیە و من لە لەشی دەری دەكەم؟ بە هیچ شێوەیەك بڕوا بە ئەو قسەو قسەڵۆكانە مەكە و كێشەكەی تۆ كێشەیەكی دەروونییە و پێویستت بە رێنمایی و چارەسەری دەروونی هەیە

 

سەرجەم ئەو ئایەتانەی سەرەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە جنۆكە ناچێتە ناو لەشی مرۆڤەوە، بەڵكو تەنها كار و چالاكییەكانی مرۆڤ دەڕازێنێتەوە و خۆشییەكانی دونیای بۆ زیاتر دەڕازێنێتەوە و تووشی وەسوەسە و سەرلێشێوانی دەكات.
لە لایەكی تریشەوە (امام شافعي) خودا لێی رازی بێت دەڵێ‌ (من زعم من أهل التكلیف انه یری الجن أبطلنا شهادته الا ان یكون نبیا) واتە ئەو كەسەی لە موسوڵمانان بڵێت من جنۆكە دەبینم، ئەوا شایەتمان و بڕوای بەتاڵ دەبێتەوە، مەگەر ئەو كەسە پێغەمبەر بێت). ئەی باشە ئەو كەسانەی خۆیان بە موسوڵمان دەزانن چۆن ئەو خەڵكە هەڵدەخەڵەتێنن و دەڵێن ئەو كەسە دوو یان سێ‌ جنۆكەی هەیە و من لە لەشی دەری دەكەم؟ كەواتە هەمووی خەڵك چەواشەكردن و پارە كێشانەوەیە، كەواتە برای من بە هیچ شێوەیەك بڕوا بە ئەو قسەو قسەڵۆكانە مەكە و كێشەكەی تۆ كێشەیەكی دەروونییە و پێویستت بە رێنمایی و چارەسەری دەروونی هەیە.

بەردەوامبوون لەسەر بیرکردنەوەیەکی نەرێنی تووشی خەمۆکیمان دەکات

وتارەکانی نوسەر