مژاری ئاوارەكانی هەرێم و داخستنی كامپی عەربەت

09:53 - 2024-07-18
له‌تیف نێروه‌یی
276 خوێندراوەتەوە

پرسی ئاوارە و پەنابەران، نەك هەر لە جوگرافیای سیاسیی هەرێمی كوردستاندا، بەڵكو لەئاستی جیهانیش دەمێكە هاتۆتە رۆژڤەوە، ئەم بایەخە باڵا و خەمە گەورەیە لەوە تێپەڕیووە تەنها ئەركی دەوڵەت و سیستمە سیاسییەكان بێت، هاوشان لەگەڵ ئەوان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە نێونەتەوەییەكان وەك پرسی میحوەری مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە دەبوو هەرێم گوشاری بۆ داخستنی كەمپەكان و گێڕانەوەی ئاوارەكان بکردایە، نەك حكومەتی فیدراڵ گوشار دەکات بۆ داخستنیان!


دروستیش مژاری ئاوارە و پەنابەران، لەمڕۆدا لەسەر ئاستی جیهان پرسێكی نێودەوڵەتییە و ساڵانە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی، چەندان كۆنگرە و كۆنفرانس و كۆبوونەوەی گرنگی كراوە و داخراو، لەسەر چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و نەهێشتنی هۆكارەكانی پشت ئاوارەبوونی هاووڵاتیان و یارمەتیدانی ئاوارەكان ئەنجام دەدرێن و زۆرجاریش پرسی پەنابەر و ئاوارەكان دەبێتە كارتێكی بەهێزی سیاسی و بەكارهێنانی ئەو كارتەش لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا پرسێكی باوە. 
لە هەرێمی كوردستانیش كەم تا زۆر پرسی ئاوارە و كامپەكان كاریگەریی هەبووە لەسەر ململانێی سیاسی و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
راستییەكەی ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی كوردستان و داخستنی كامپی ئاوارەكانی عەربەت لە سلێمانی و هۆكارەكانی دانەخستنی كامپەكانی دیكەی سنووری هەولێر و دهۆك و كاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەكانی داخستن و دانەخستنی كامپەكان لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان، ئەو بابەتە گرنگانەن، كە لەم شرۆڤەیەدا وەڵامیان دەدرێتەوە. 

رێژەی ئاوارە و پەنابەرانی جیهان و هەرێم
بەپێی سەرچاوە رەسمییە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەتی راپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەسەر ئاستی جیهان (114) ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی و دەرەكی هەن، كە 1.3 ٪ی ژمارەی دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنن. واتە لە هەشت ملیار و 200 ملیۆن هاووڵاتی، (114) ملیۆنیان ئاوارەن، كە بەگوێرەی ئەم ئامارە، لە هەر (72) كەسێك یەك كەس ئاوارەیە، لە بەرامبەردا بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و سەرچاوە رەسمییەکانی حكومەتی هەرێم و بەپێی لێدوانی وەزیری ناوخۆی هەرێم كە لە دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمریكی رایگەیاند: «نزیكەی یەك ملیۆن كەس لە هەرێم ئاوارەن و بە ژمارە نووسراوە (956) هەزار و (278) هاووڵاتی لە وڵاتانی (سوریا، توركیا، ئێران)ەوە هاتوون و (678) هەزاریش لە شار و شارۆچكەكانی پارێزگاكانی عیراقەوە هاتوون. بەتایبەتی لەو پارێزگایانەی كە كەوتبوونەتە ژێر چنگی تیرۆریستانی داعشەوە. ئەگەر ئەو دەیان هەزار هاووڵاتییەی دێهاتەكانی كوردستانیش بە ئاوارە ئەژماریان بكەین كە بەهۆی بۆردومانی وڵاتانی ئیقلیمی و بەتایبەتی بەهۆی شەڕی نێوان سوپای توركیا و پەكەكەوە دێهاتەكانیان چۆڵكردووە، ئەوا رێژەی ئاوارەكانی هەرێم لە یەك ملیۆن زیاتر دەبێت.
 بەپێی هەندێ ئاماری ناڕەسمیش ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان نزیكەی (6) ملیۆن كەس دەبێت، لە سۆنگەی کۆی گشتی دانیشتوان، ئەوا رێژەی ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی كوردستان نزیکەی 17 ٪ ی كۆی گشتیی دانیشتوانی هەرێم پێكدەهێنن. واتە لە هەر (6) هاووڵاتییەکی هەرێم، یەك هاووڵاتی ئاوارەیە! بۆیە ناكرێ‌ چاوپۆشی لەم پرسە بكرێت، چونكە كەیسی ئاوارەكانی هەرێم راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر دۆخی هەمەجۆری هەرێمی كوردستان دروستكردووە.

داخستنی كامپی ئاوارەكانی عەربەت
دوو ساڵ دەبێت وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق هەوڵەكانی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و بڕیاریدا كە لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئاوارەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و كامپەكان دابخرێن و بۆ ئەو مەبەستە كارئاسانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات و راشیدەگەیەنێت كە دۆخی شارەكانی عیراق سەقامگیرە و مەترسیی ئەمنی لەسەر شارەكان نەماوە، بۆیە هیچ بیانوویەك نەماوە بۆ مانەوەی ئاوارەكان لە كامپەكانی هەرێمی كوردستان كە هێشتا (676) هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستاندا دەژین. ئیدارەی سلێمانی پێشوازیی لەو بڕیارەی حكومەتی فیدراڵ كرد و لە چەند رۆژی رابردوودا دوا ئاوارەی كامپی عەربەت خواحافیزیی لە خانەخوێ كرد و ماڵئاوایی لە سلێمانی كرد و كامپی عەربەت داخرا، بەڵام كامپەكانی سنووری هەولێر و دهۆك لەگەڵ ئەوەی دوا وادەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق بۆ داخستنیان دیاریکرابوو، بەڵام هێشتاش کامپەکان جمەی دێت لە ئاوارە. ئەمەش بۆتە جێگای رەخنەی وەزارەتی كۆچبەران و لێکدانەوەی جۆراجۆری بۆ دەکرێت.

گرنگی گەڕانەوەی ئاوارەكانی ناوخۆی عیراق لە هەرێم
ژمارەی ئاوارەكانی شار و شارۆچكەكانی پارێزگاكانی عیراق لە هەرێمی كوردستان بەپێی دوا ئامار (678) هەزار كەسە كە دەكاتە 11.3 ٪ بە گەڕانەوەیان جگەلەوەی ئەركێكی قورس لەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لادەچێت، هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێشكەش بە ئاوارەكان دەكرێت، دەخرێتە خزمەت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە وەكو:
*لە هەرێمی كوردستان كێشەی كەمیی ئاوی خواردنەوە هەیە، ئەوكاتە 11.3 ٪ رێژەی ئاوی خواردنەوە زیاد دەبێت.
* لە بواری كەرتی تەندروستی دا 11.3 ٪  كێشەی تەندروستی لە هەرێم چارەسەر دەبێت، ئەو دەرمان و پێداویستییانەی كە لە ئاوارەكاندا خەرج دەكرا، لەمەودوا بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
* لە بواری كارەبادا 11.3 ٪  كارەبای هەرێم كە بە ئاوارەكان دەدرا، بۆ لەمەودوا ئەو بڕە كارەبایە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەبێت و بەمەش بەشێكی گرنگ لە كێشەی كارەبای هەرێم چارەسەر دەبێت.
* لە بواری خزمەتگوزاریی شارەوانیدا، ئەو توانا مرۆیی و تەكنیكیانەی كە بۆ راگرتنی پاك و خاوێنی ناو كامپەكان بەكاردێن، بۆ لەمەودوا لە خزمەتكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بەكاری دێنن.
* لە بواری كێشەی بێكاری و دابینكردنی هەلی كاردا، بەهۆی بوونی سەدان هەزار ئاوارەی شارەكانی عیراقەوە لە هەرێم، رێژەی بێكاری لە هەرێمدا لە هەڵكشاندابوو. بە گەڕانەوەی ئاوارەكان دەرفەتی كار بۆ دەیان هەزار كرێكاری هەرێم دەڕەخسێت.
* لەڕووی ئەمنییەوە، تیرۆریستانی داعش بوونی ئاوارەكانی لە هەرێمی كوردستان بە دەرفەت زانیووە كە بتوانن وەكو ئاوارە خۆیان بگەیەننە شارەكانی هەرێم و لەناو ئاوارەكاندا خۆیان مەڵاس بدەن. بۆیە تائێستا چەندین شانەی نووستووی تیرۆریستانی داعش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمەوە لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا دەستگیركراون.
* لەلایەكی دیكەوە بەهۆی بۆردومان و ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا و پەكەكەوە دەیان هەزار هاووڵاتی لە سنووری پارێزگای دهۆك و هەولێر دێهاتەكانی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارەن و لە دۆخێكی ناهەمواردا دەژین، بۆیە ئەگەر كامپەكان چۆڵ بكرێن، دەكرێ ئاوارە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان لەناو ئەو كامپانەدا نیشتەجێ بكرێن، چونكە زۆربەیان توانای دابینكردنی شوێنی حەوانەوەیان نییە.
* بەهۆی نەشیاویی كامپەكان بۆ ژیان، لاوازیی ستانداردە تەندروستییەكان، زۆرجار پەتا و نەخۆشییە گوێزراوەكان لە بەرزبوونەوە و هەڵكشاندا بوون و ئەمەش تەشەنەی كردووە، بە داخستنی كەمپەكان مەترسییەكان كەمتر دەبنەوە، لە هەموویان مەترسیدارتر بەپێی راپۆرتە پزیشكییەكان، تەشەنەكردنی (ڤایرۆسی جگەر)ە لەناو كەمپەكاندا، كە بە یەكێك لە مەترسیدارترین نەخۆشییە گوێزراوەكان ئەژمار دەكرێت.
لە كۆتاییدا ئەوەی جێگەی سەرنجە، دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان گوشاری بۆ داخستنی كەمپەكان و گێڕانەوەی ئاوارەكان كردایە، نەك وەك ئێستا كە حكومەتی فیدراڵ گوشار دەکات بۆ داخستنیان.
*ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ی.ن.ک

وتارەکانی نوسەر