لەوەتەی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا لای ئێمە پەیدابووە و خەڵكێكی زۆری بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە، كۆمەڵێك ژن و كچی بەتاڵ و بێ بەهرە بوون بە ئەستێرەی سۆشیال میدیا و بەتایبەتی لە تیكتۆك هەمیشە ئامادەن. باشە باسی چی دەكەن؟ ئەمە پرسیارێكی گرنگە، هەموو ئەو كەسانەی ناوە ناوەش سەیری سۆشیال میدیا دەكەن، بۆ چەند ساتێكیش بێت ئەم كەسە بێ بەهرە و بۆشانە دەبینن، یان لە لایڤدا قسەی هەلەق و مەلەق دەكەن و جلوبەرگی خۆیان فڕێدەدەن، یان باسی بابەتێكی بێبایەخی رۆژانە دەكەن.
كەناڵەكانی راگەیاندن ئەوەندەی تیشك دەخەنە سەر ژن و كچە بێ بەهرەكان و خۆیانی پێوە سەرقاڵ دەكەن، نیو ئەوەندە بایەخ بەو ژن و كچە خوێندەوار و سەنگین و ماندوونەناسانە نادەن!
بۆ نموونە نانی خواردووە و خواردنەكەی بەدڵ نەبووە، مەكسییەكی بۆ دووراوە و دەڵبە و جەستەی نمایش ناكات، یان كامێرای خستۆتە سەر دایكی و فێری ئوسوڵی دەكات!
ئەوەی مایەی سەرنجە كەسێك سەیری ئەم جۆرە مرۆڤانە بكات پێویستیی بە خۆماندووكردن نییە، بۆ ئەوەی بزانێت چەندە بێ بەهرە و نەخوێندەوار و بۆشن، چونكە هەر زوو خۆیان ئاشكرا دەكەن و لە چەند چركەیەكەدا كۆڵەواریی خۆیان پیشان دەدەن.
یەكێك باسی ئوتێلی 10 ئەستێرەیی دەكات! یەكێك جیاوازی لە نێوان وڵات و قاڕەدا ناكات! یەكێك ناوی شێركۆ بێكەس و شێخ مەحمودی نەبیستووە! هتد.
لە هەمووی سەیرتر 11 مانگ خۆیان رووت دەكەنەوە و خۆیان نمایش دەكەن و ژێر بەژێریش هەزار شتی ناشیرین دەكەن، كەچی لە رەمەزاندا دەبن بە خواپەرست و باسی ئیمان و شتی لەو بابەتە دەكەن، یان لەپڕ لە حەج و عەمرە دەردەكەون و لەوێش خۆیان دەنوێنن. دواجاریش وا خۆیان نیشان دەدەن هەرچییەكیان هەیە بەری رەنجی خۆیانە و دەستی ماندوویان لەسەر سكی تێرە!
لەلایەكی تریشەوە هەزاران ژن و كچی خوێندەوار و ماندوونەناس و خزمەتكاری ئەم خاكە هەن، یان قوربانیان بۆ ئەم خاكە داوە، یان لە فەرمانگە و شوێنە خزمەتگوزارییەكاندا خزمەت دەكەن و بەبێدەنگی كاری خۆیان دەكەن و هیچ پێویستیشیان بە خۆنواندن نییە.
ئەوەی جێگەی داخە كەناڵەكانی راگەیاندن ئەوەندەی تیشك دەخەنە سەر ژن و كچە بێ بەهرەكان و خۆیانی پێوە سەرقاڵ دەكەن، نیو ئەوەندە بایەخ بەو ژن و كچە خوێندەوار و سەنگین و ماندوونەناسانە نادەن!