بۆچی تەنیا یەكەمەكان؟

11:08 - 2024-07-23
جوان شێخ لەتیف
110 خوێندراوەتەوە

هەموو ساڵێك دوای وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی پۆلی دوانزە، كۆمەڵێك خوێندكار یەكەم دەبن، ئیتر خێرا دەبنە بابەتی گەرمی راگەیاندنەكان و مایك بەدەستەكان بەپەلە خۆیان دەگەیەننە لایان و دەیانخەنە سەر شاشەكان. 

واقیعی ژیان ئەوەیە مرۆڤ بكەوێت و هەڵسێتەوە و دەرس و پەند لە ئەزموونی شكست و كەوتن وەربگرێت

كاربەدەستانی حكومی و حزبیش پەیتا پەیتا پیرۆزباییان لێدەكەن. 
ئیتر باقی خوێندكارەكانی دیكە فەرامۆش دەكرێن و كەس ئاگای لێیان نییە و كەسیش نییە دڵخۆشی ئەو خوێندكارانە بداتەوە كە دەرنەچوون.
ئایا بەم شێوازە كە وەكو نەریتێكی ساڵانەی لێهاتووە كۆمەڵگەكەمان پێشدەكەوێت و ئاستی خوێندن بەرەو پێش دەچێت؟ 
ئایا ئەو هەزاران خوێندكارەی یەكەم و دووەم و سێیەم نەبوون، پێویستە فەرامۆش بكرێن و كەس گوێیان پێ نەدات؟ ئەی ئەو هەزارانەی دەرنەچوون ئیتر لای ئەوان كۆتایی دنیایە و دەبێت واز لە خوێندن بێنن و ببن بە شاگردی نەخوێندەوارەكان؟
بەڕاستی ئەم شێواز و نەریتە هەتا سەر ئێسقان سەقەتە و نە كۆمەڵگە پێش دەخات و نە خوێندنیش بەرەو پێشەوە دەبات، چونكە ئەوەندەی شێوازێكی دەسكردە، نیو ئەوەندە پەیوەندی بە واقیعی ژیان و كۆمەڵگەوە نییە و بەرهەمەكەشی هیچی لێ سەوز نابێت. لەبەرئەوەی کۆمەڵگە لەسەر شانی ژمارەیەكی كەم خوێندكار لە هەزاران خوێندكار نە بەڕێوەدەچێت و نە پێش دەكەوێت. لەلایەكی تریشەوە واقیعی ژیان ئەوەنییە مرۆڤ هەر یەكەم و دووەم و سێیەم بێت. 
ئایا بۆ نموونە زانایانی وەكو (ئەدیسۆن و داروین) یەكەم بوون یان خوێندكاری سەرنەکەوتوو بوون؟  واقیعی ژیان ئەوەیە مرۆڤ بكەوێت و هەڵسێتەوە و دەرس و پەند لە ئەزموونی شكست و كەوتن وەربگرێت. 
بۆیە کۆمەڵگەی ئێمە و راگەیاندنەكانی ئێمە ئەگەر تەندروست بوونایە پێش هەموو شتێك دڵخۆشی خوێندكارە دەرنەچووەكانیان دەدایە و پێیان دەگوتن، ئەمە كۆتایی دنیا نییە و دەرفەتی زۆرترتان لەبەردەستایە بۆ سەركەوتن. ئینجا دەستخۆشی و پیرۆزباییان لەو خوێندكارانە دەكرد كە نمرەی ئاساییان هێناوە، چونكە ئەمانە زۆربەی هەرە زۆری خوێندكارانن و پێشكەوتنی کۆمەڵگە لەسەر شانی ئەمانە.
بەو هیوایەی ساڵانی داهاتوو ئەم نەریتە تەرك بكرێت و زۆربەی هەرە زۆری خوێندكاران فەرامۆش نەكرێن و نەكرێنە قوربانی چەند خوێندكارێك.


خوێندکارانی پۆلی 12 لەکاتی تاقیکردنەوەدا

وتارەکانی نوسەر