ئالودەبوون بە ماددەهۆشبەرەکان وه‌ك پەتای سەردەم

10:15 - 2024-07-22
پ.د.ژیا عەباس قادر
308 خوێندراوەتەوە

پرۆفیسۆر د. ژیا عەباس قادر


ئالودەبوون بە ماددەهۆشبەرەکان مەترسیدارترین دیاردەی ئەم سەردەمەیە، هەر لەبەرئەوەشە بۆتە جێگەی بایەخی دەوڵەتان، لە ناو ئەوانیشدا  ناوەندە زانستی، ئەکادیمی، ئاسایش و کۆمەڵی مەدەنی و دادوەریی و زۆرێک لە زانایان و توێژەران لەهەموو بوارە جیاوازەکان، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی ساڵانەی رێژەکەی لەسەر ئاستی جیهان، ئەگەرچی سەرەتای سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی نۆ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا، کاتێک مرۆڤ ناسیویەتی وەک دەرمان بۆ چارەسەری پزیشکی زۆرجاریش بۆ چێژوەرگرتن بەکاریانهێناوە.

هۆکارەکان
ئالودەبوون بە مادەهۆشبەرەکان هۆکاری زۆرە لەوانە: (ماکلیرن) پێی وایە رێژەیەکی بەرزی ئالودەبووان ئەو کەسانەن کە باوانیان یان باپیرانیان ئالودەی ئەلکحول بوون. بەشێکیش لە توێژینەوەکان ئەم بابەتە پشتڕاست دەکەنەوە بەوەی کە دەرکەوتووە (25 ٪ - 50 ٪) ی ئەوانەی ئالودەی ماددەی هۆشبەر دەبن، ئەو کەسانەن کە باوانیان ئالودەبووە بەتایبەت دایکیان و لەکاتی دووگیانی کە ئەمە وادەکات ئامادەباشی ئالودەبوون بۆ ئەو منداڵە دروست بکات.
بەپێی رەگەز دەگوترێت رەگەزی نێر زیاتر ئالودەی مادەی هۆشبەر دەبێت بە بەراورد بە رەگەزی مێ، ئەگەرچی ئەم بابەتە رەنگە زیاتر پەیوەندییدار بێت بە شێوازی ژیانکردنی رەگەزی نێر و مێ کە جیاوازە.
هەروەها دەگوترێت کە زۆربەی ئالودەبووان لە تەمەنی هەرزەکار و گەنجدایە، ئەمەش رەنگە پەیوەست بێت بە سیفەت و خەسڵەتەکانی تەمەنەکە، ئەگەرچی ئەم داتایانە رێژەین و دەکرێت بگۆڕدرێت لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە و لەسەردەمێک بۆ سەردەمێکی دیکە.
(جیرارد و کۆرنتلسکی) لە توێژینەوەیەکیان لەسەر ئالودەبوون بە مادەی هۆشبەر لای گەنجان، گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە زۆربەی گەنجە ئالودەبووەکان ئەوانەن، کە شڵەژانێکی دەروونیان هەیە و توشی جۆرێک لە هەستکردن بە بێچارەیی و بێزاریی و ونکردنی شوناس بوون، کەواتە هەرکاتێک گەنج لە کۆمەڵگەیەک کە هەستی بە نامۆبوون کرد، کە ئەمەش بە بۆچوونی (دۆرکایم) کاتێک روودەدات کە کۆمەڵگە لە حاڵەتی ئەنۆمیدا بێت، کە وەسفێکە بەکاریهێناوە بۆ باسکردن لەو هەلومەرجەی کە تیایدا بەها کۆمەڵایەتییەکان کە رەفتار و هەڵسوکەوت و پەیوەندییەکانی تاک رێکدەخات، تێکوپێک دەشکێت و دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی لەدەست دەدات.

فێربوونی کۆمەڵایەتی

لەلایەکی دیکە تیۆری (فێربوونی کۆمەڵایەتی) پێی وایە کاتێک مرۆڤ فێری خویەک دەبێت بە کارلێکی نێوان وروژێنەر و پەرچەکردار فێردەبێت، لەگەڵ دەرئەنجامی ئەو کردارە ئایا پاداشت دەکرێت یان سزا دەدرێت، ئەگەر پاداشتکرا دەچەسپێت تێیدا و دەبێتە خویەک، ئەگەر سزا درا ئەوا لەو کردارە دووردەکەوێتەوە، لەبابەتی ئالودەبوون بە ماددەهۆشبەرەکان، کاتێک تاکێک لە ژێر کاریگەری فشارێکی دەرونی دەبێت بە هەر هۆکارێکی بێکاری بێت یان کەمدەرامەتی یان خراپی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان یان هەر کێشەیەک کە لەژیانی روویداوە، ئەمە توشی حاڵەتێکی نەخوازراوی دەکات و هاوسەنگی دەروونی لەدەستدەدات.  بۆ گەڕانەوەی بۆ بارودۆخی ئاسایی، پێویستە جووڵەیەک بکات لەبەرئەوەی جەستەمان وا بەرنامەڕێژکراوە و سروشتی مرۆڤیش بە جۆرێکە کە هەمیشە ئارەزوو دەکات بە ئاسانترین رێگە چارەسەری کێشەکانی بکات، هەربۆیە زۆرجار بۆ خۆرزگارکردن لەو واقیعە تاڵەی کە تێیدا دەژی، پەنا بۆ ماددەی هۆشبەر دەبات و بە بێهۆش بوون و ئەو خۆشیە کاتیەی کە بۆی دەهێنێت، دەبێتە پاداشتێک بۆیی و بەرەو بەکارهێنانی زیاتری دەبات کە دواجار ئالودە دەبێت پێوەی.
لێرەوە یەکێک لە میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئالودەبوون بە مادەی هۆشبەر بریتیە لە هۆشیارکردنەوەی تاک و بەئاگابوونی و دروستکردنی بەرگرییەکی ناوەکی تێیدا، کە بتوانێت خۆی بپارێزێت لە ئەگەری ئالودەبوون.

زۆربەی گەنجە ئالودەبووەکان ئەوانەن، کە شڵەژانێکی دەروونیان هەیە

وتارەکانی نوسەر