کۆمەڵناسیی و زیرەکی دەستکرد

10:20 - 2024-07-22
یاسین ئەحمەد خدر
174 خوێندراوەتەوە

یاسین ئەحمەد خدر*





کۆمەڵناسی زیرەکی وەك لقێکی زانستە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵ دەدات بۆ تێگەیشتن لەوەی مرۆڤ چۆن کارلێك دەکات لەگەڵ تەکنۆلۆژیای زیرەك



کۆمەڵناسی زانستێکی فراوانە و گرنگی بە هەموو ئەو بابەتانە دەدات کە پەیوەندی بە ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤەوە هەیە، زانایان و توێژەرانی بواری کۆمەڵناسی باس لە هەموو دیاردە کۆن و نوێکانی ناو کۆمەڵگە دەکەن و خوێندنەوەی خۆیان دەخەنەڕوو بۆ تازەترین داهێنراوەکانی مرۆڤ و کاریگەرییان لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی ژیانی مرۆڤ.
   زیرەکی دەستکرد تەکنۆلۆژیایەکە کە توانای بیرکردنەوەی بەجۆرێك لە جۆرەکان هەیە، لە سادەترین پێناسەیدا دەوترێت لقێکی زانستی کۆمپیوتەرە کە ئامانجی سەرەکی بریتییە لە بەرهەمهێنانی ئامێری زیرەك کە توانای ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەیان هەیە پێویستی بە زیرەکی مرۆڤ هەیە، هەرچەندە مێژووی پەیدابوونی کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی، کاتێك هێزەکانی ئەڵمانیا ئامێری ئینیگمایان بەکارهێنا بۆ کۆدکردن و ناردنی نامە بەشێوەیەکی پارێزراو.  هاوكات زانای ئینگلیزی ئالان تورینگ و تیمەکەی ئامێری بۆمبیان دروستکرد و کۆدەکانیان شکاند، هەردوو ئامێری ئینیگما و بۆمب بنچینەی فێربوونی ئامێرن کە یەکێکە لە لقەکانی ژیری دەستکرد، بەڵام پاش دەیان ساڵ لە بەرەوپێشبردنی ئامێر، ئێستا گەیشتۆتە قۆناغێك کە دەوترێت زیرەکی دەستکرد مرۆڤ دەباتە قۆناغێکەوە کە خۆی ناناسێتەوە.
   لە چوارچێوەی گرنگیدانی کۆمەڵناسی بە  توێژینەوەی کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا، زانایان و توێژەرانی ئەم بوارە کاریگەرییەکانی زیرەکی دەستکرد لەسەر کۆمەڵگە و کارلێکە کۆمەڵایەتیی و کەلتورییەکان دەخەنە بەرباس، بۆ تێگەیشتن لە کاریگەری زیرەکی دەستکرد لەسەر رەفتار و دینامیکییەتی کۆمەڵایەتی، بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵناسی زیرەکی دەستکردیان دانا وەك لقێکی زانستە کۆمەڵایەتییەکان کە هەوڵ دەدات بۆ تێگەیشتن لەوەی مرۆڤ چۆن کارلێك دەکات لەگەڵ تەکنۆلۆژیای زیرەك و رۆبۆت و رووکارە دەستکردەکان، هەروەها ئەمە چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کارلێکەکانی نێوان مرۆڤ و ئامێرەکان.
   ئامانجێکی دیکەی ئەم زانستە توێژینەوەی ئەو ئاڵنگاریی و کێشە کۆمەڵایەتیانەیە کە لە ئەنجامی پەرەسەندنی خێرای زیرەکی دەستکرد سەرهەڵدەدات، وەك: دامەزراندنی کارمەند، ئابووریی و بڕیارە سیاسییەکان، زۆربوونی بێکاری بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە لە کێشە گەورەکانە کە سەردەکێشێت بۆ دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی. کێشەیەکی گەورەی دیکە دروستکردنی وێنە و پارچە ڤیدیۆ و دەنگ و دەقی دروستکراوە بەهۆی ئامێری فێربوونی پێشکەوتووەوە، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ بڵاوبوونەوەی زانیاری چەواشەکارانە بە فراوانی کە ترس هەیە هەندێك کات بڕیاری قورسی سیاسی لە ئەنجامی ئەو زانیارییە ناڕاستانەوە بدرێت.
   بە بڕوای توێژەرانی بواری زانستی کۆمەڵناسی زیرەکی دەستکرد، پەرەپێدانی تیۆرییەکانی ئەم زانستە و ئامڕازە شیکارییەکانی پێویستە بۆئەوەی بە شێوەیەکی ئەرێنی سوود لەم تەکنۆلۆژیایە وەربگیرێت و کارلێکی کۆمەڵایەتی پێ بەهێزبکرێت، بە مەبەستی بەردەوامیی گەشەپێدان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
 * توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی

وتارەکانی نوسەر